پەرلەمانتارێك: ٢٠ی ئەم مانگە مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەش ده‌کرێت کوردستان- عێراق

سیهام میران، تایبەت بە نوچەنێت

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامى لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت ئاشکرای دەکات ٢٠ی ئەم مانگە مووچەیی سێ مانگی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەدرێت، سەبارەت بە لێبرینی مووچەى فه‌رمانبه‌رانیش باس لەوە دەکات کە زانیاری نییە و دەشڵێت، "هیچ پاساوێك بۆ لێبرین نەماوە".

ئەمرۆ دووشەممە ١٧ی ئایار، باڵانبۆ محەمەد لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت گووتی، " هەر وەک بڕیار وابوو کە مانگی پێشوو لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بنکەکانی مەشق سێ مووچەیان بەسەر یەکەوە پێی بدرێت، مانگی پێشوویش ئەوە بوو دواکەوت. ئەم مانگەش دوو مانگ دەڕوات بە بیانووی پێدانى سێ مووچه‌ تاکو ئێستا پێیان نەدراوە. بەو پێیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆمان کرد، ئەوان پێیان وابوو دەتوانن پێش جەژنی رەمەزان مووچەکان دابەش بکەن، بەڵام ئەوەبوو رۆژێك پێش جەژن قسەمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کرد و گووتیان بەداوای لێبووردنەوە ناتوانین پێش جەژن ئەو مووچه‌یە دابەش بکەین. دەکەوێتە دوای جەژن و وتیان ٢٠ی مانگ ئەمە قسەی وەزارەتی پێشمەرگەیە".

سەبارەت بە رێژەی لێبرینی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران که‌ دەنگۆی جیاوازی لەسەرە، باڵانبۆ محەمەد گووتی، "لێبرین مووچە شتێکی شاراوە نییە هەم لای خەڵك هەم لای حکومەت و دەسەڵاتدارانی سیاسی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاساوی ئەوە بوو کە بەپێ داهات خۆی دەگونجێنێ، سەیرە حکومەتێک ماوەی ٣٠ ساڵ حکومڕانی بکات تاکو ئێستا بارودۆخی ئاوا بێ هەرجارێ و لەژێر ناوێکدا مووچەی هاووڵاتیان ببرێت".

لە بەشیکی تری قسەکانی باڵانبۆ محەمەد باسی لەوەکرد حکومەت هیچ پاساوێکی بۆ لێبرین نەماوە و گووتی، "بەڕاستی ئیتر حکومەتی هەرێم هیچ پاساوێکی نەماوە، پێشتر دەیگووت، من داهاتم کەمە یاخود بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە یاخود بەهۆی گەندەڵیەوە یان بەهۆی کێشەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیەوە ئێستا ئەمانە هیچی نەما واتا شتێکی نەماوە پاساوی بۆ بێنتەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین