له‌ ئێران داواى بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردن و لادانى خامنه‌یى ده‌كرێت ئێران

نوچه‌نێت

٢٣١ چالاکوانی سیاسیی لە شار و پارێزگا جیاوازەکانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک داوای بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە و تێپەڕینی ئاشتیخوازانە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە، ئەو نامەیه‌ کە سەردێڕەکەی"هاودەنگی بۆ بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ٢٠٢١ و تێپەڕینی ئاشتیخوازانە و بێ توندوتیژی لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی بەرەو حکومەتی گەل، لە ڕێگای گەلەوە و بۆ گەل"ه، لە لایەن چەندین کەسایەتی سیاسیی، بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسیانەی لە زیندانەکانی ئێران گیانیان بەختکرووە، بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە چارەنووسیان دیار نییە، چالاکوانانی کولتووریی، چالاکوانانی مەدەنی و کەسانی سەر بە توێژ و چینە جیاوازەکان ئیمزا کراوە.

ئەو کەسانەی ئەو نامەیانە ئیمزا کردووە، خۆیان بە پەلکەزێڕینەی گەلی ئێران و نوێنەری جیابیران، پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکییە جیاوازەکان و نوێنەری پارێزگا و شار و گوندە جۆراوجۆرەکان ناساندووە کە وەک هاووڵاتیانی تری ئێران "بوونەتە قوربانی گەندەڵی و توندوتیژیی و ناکارامەیی حکومەتی ویلایەتی فەقێ و دەستووری داخراوی ئەو سیستەمە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری".

محەمەد نوریزاد، هرمیداس باوەند، کورش زەعیم، مەنوچێهر یەزدی، هاشم خاستار، حشمەتوڵا تەبەرزەدی، شەهلا ئێنتسار، نەرگس محەمەدی، ڕەها ئاجودانی، شکروڵا مەسیح پور، جەواد لەعل محەمەدی، فەرەنگیس مەزلووم، نۆسرەت بەهشتی و پوران نازمی لەو چالاکوانە ناسراوانەن کە ئەو نامەیانە ئیمزا کردووە.

ئەو کەسانەی نامەکەیان ئیمزا کردووە، ڕوو لە خەڵکی ئێران نووسیویانە کە " بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات و پاراستنی گیان و دارایی خەڵک، بە مەبەستی تێپەڕینی بێ توندوتیژی و ئاشتیخوازانە لە سیستەمی پاشاگەردانی ویلایەتی فەقێ و دەستووری داسەپاوی دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامیی و لە ئاراستەی گەیشتن بە دەستوورێکی دیموکراتیک و عەلمانی لەسەر بنەمای بلاڤۆکی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، بە ناوی بزووتنەوەی یەکڕیزی نیشتمانیی دیموکراتیک و عەلمانی، هەڵبژاردنە کارتۆنییەکەی سەرۆک کۆماریی ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دژە گەلی ئێستا بایکوت دەکەین".

لەو نامەیەدا ئاماژە بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی خەڵک بە درێژایی ٤٢ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیی کراوە. بە تایبەت ئاماژە بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩، شوباتی ٢٠١٨ و تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ کراوە و وەک دەربڕینی خواستی گەل بۆ دژایەتیکردنی "دەسەڵاتی دزی ئاییندارەکانی کۆماری ئیسلامیی" وەسف کراون.

لە درێژەی ئەو نامەیەدا بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئەمساڵیش وەک دەرکەوتەی خواستی گشتیی خەڵک بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی وەسف کراوە و هاتووە: "بایکوتکردنی هەمەلایەنی هەڵبژاردنە کارتۆنی و ساختەکانی سەرۆک کۆماریی مانگی داهاتوو لە لایەن هەموو گەلی ئێرانەوە، نیشاندەری خواست و دەنگی ئێمەیە لە ئاراستەی هاودەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی نیشتمانیدا".

نووسەرانی ئەو نامەیه‌، داواکارییەکانی خۆیان لە چوار بەند ڕاگەیاندووە: "وەلانانی ئایەتۆڵا عەلی خامنەیی"، "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستووری کۆماری ئیسلامیی"، "وەدیهێنانی هەلومەرجی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئازاد و دادوەرانە لە سەردەمی تێپەڕین لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی لەژێر چاودێری ڕێکخراوە بێ لایەنەکان"، و "ئامادەکردنی دەستووری نوێی وڵات لە لایەن ئەنجومەنی دامەزرێنەرانەوە".

ئەو کەسانەی ئەو نامەیان ئیمزا کردووە داوایان لە خەڵک کردووە پێکەوە بەرەو داڕشتنی دەستووری داهاتووی ئێران هەنگاو بنێن کە تیایدا بەهاکانی بلاڤۆکی مافەکانی مرۆڤ، جیایی ئایین و حکومەت، بەرابەری مافی هاووڵاتیان، بەرابەری مافی ئافرەتان و پیاوان، ئازادی هزر و دەربڕین، ئازادی ڕێکخراو و چالاکی حزبەکان و یەکێتییە پیشەییەکان و جێگیرکردنی ئابووری ئازاد لەسەر بنەمای دادپەروەی کۆمەڵایەتی  بچەسپێت.

داواکاری لە هێزە چەکدارەکان بۆ پەیوەستبوون بە خواستە دیموکراتیک و سەرکوتکراوەکانی گەلی ئێران و خۆبواردن لە تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژی بەشێکی تری ئەو نامەیەیە. 
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڵمەتێکی تریش لەژێر ناوی "دەنگ بێ دەنگ" لە تۆڕە کۆمەڵایەتیییەکاندا سەری هەڵداوە کە بەشداربووانی ئەو هەڵمەتەش داوای بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی دەکەن.

بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان بەخت کردووە، چەندین بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە لە فڕۆکە ئوکرانییەکەدا کە سوپای پاسداران خستیە خوارەوە گیانیان لە دەست دا و بنەماڵەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی، پشتیوانییان لەو هەڵمەتە کردووە.

بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئێران لە ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەڕێوە بچێت. بە پێی دوایین ڕاپرسییە فەرمییەکان، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنانەدا کەمترین ڕێژە بێت لە ٤٢ ساڵی ڕابردوودا. تا ئێستا ڕاپرسییە جۆراوجۆرەکان، مەزەندەیان کردووە بەشداریکردن لە ئاستی هەموو ئێران کەمتر لە ٣٠٪ و لە شارە گەورەکاندا کەمتر لە ٢٠٪  بێت.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین