نیكى هایلى: بایدن ده‌توانێ به‌ ناچاركردنى ئێران هێرشه‌كانى حه‌ماس بوه‌ستێنێ ئێران

نوچه‌نێت

لە درێژەی کاردانەوەکان سەبارەت بە گرژییەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، بەرپرسانی سیاسیی ئەمریکا وێرای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی جێگیرکردنی خێرای ئاگربەست، جەختیان لەسەر ڕۆڵی تێکدەرانەی ئێران لەو قەیرانەدا کردەوە، یه‌كێك له‌وان نیكى هایلىیه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "بایدن به‌ یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ ده‌توانێ هێرشه‌كانى حه‌ماس بوه‌ستێنێ"

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە فارسی" بڵاوی کردەوە نیكى هایلى، نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێک لەو کەسانەی پێدەچێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا خۆی کاندید بکات، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ئایار لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی نووسی: "گرەو دەکەم ئەگەر بایدن هۆشداری بدات کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکانی حەماس، کۆتایی بە گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دێنێت، ئەوسا کتوپڕ شەڕ کۆتایی پێدێت".

تێد کروز، سیناتۆری دووەمی کۆمارییەکان لە ویلایەتی تێکساس، ڕۆژی دووشەممە لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی، وێرای جەختکردنەوە لەسەر نائەقڵانیبوونی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ده‌نووسێ، "رژێمی ستەمکار و شەیتانی ئێران هێشتا درێژە بە دابینکردنی دارایی تیرۆریستان و هەناردەکردنی تیرۆر دەدات و ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە و هاوپەیمانەکانمان دەخاتە مەترسییەوە. ئێمە و هاوپەیمانان ناتوانین جارێکی تر بچینەوە ناو ڕێککەوتنێکی کارەساتەبار وەک ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆباما و بایدن".

هەروەها جۆن کۆرنین، سیناتۆری یەکەمی کۆمارییەکان لە ویلایەتی تێکساس، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ئایار، بە مەبەستی پشتگیری لە هاوویلایەتیەکەی خۆی، لە تویتێکدا، وێرای ئاماژەکردن بە ڕەوانەکردنی پارە ئازادکراوەکانی ئێران بۆ حەماس، نووسی: "حەماس گرووپێکی پاشکۆی رێژیمی ئێرانە. نەیارانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دووەم لەگەڵ ئێران دەڵێن رژێمی ئێران بە کەڵكوەرگرتن لە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، چەندین ملیار پارەی ئازادکراو دەخاتە گیرفانی حەماسەوە بۆ ئەوەی بیکاتە خەرجی شەڕکردن لە دژی ئیسرائیل".

لە درێژەدا، سیناتۆر کۆرنین ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ئایار، وێرای ڕەخنەی دووبارە لە هەوڵەکانی ئەلیکساندرا ئوکاسیۆ- کورتز بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە ئیسرائیل، جەختی کردەوە کە حەماس گرووپێکی تیرۆریستییە کە ئێران پشتیوانی لێ دەکات: "ئەلیکساندرا دەیەوێت ڕێگری لەوە بکات کە ئیسرائیل لە بەرانبەر حەماسدا بەرگری لە خۆی بکات، واتە ئەو ڕێکخراوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندوویەتی و ڕایگەیاندووە کە  ڕژێمی ئێران، واتە حکومەتی پلە یەکی پشتیوانی تیرۆریزم، داراییەکانی دابین دەکات و پڕچەکی دەکات. ئەوە هەڵوێستێکە کە هەرگیز شیاوی پەسەندکردن نییە".

شایانی ئاماژەیە، مەحمود زەهار، ئەندامی باڵای حەماس، لە میانەی سەفەری سەرکردەکانی ئەو گرووپە بۆ تاران لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، گوتوبووی کاتێ داوای یارمەتی داراییم لە سەرۆک کۆماری ئێران کرد، "ئەحمەدی نەژاد ناردمی بۆ لای قاسم سلێمانی. لە فڕۆکەخانەدا بڕی ٢٢ ملیۆن دۆلار پارەم لە چەند جانتایەکدا بینی. ئێمە لەسەر پارەیەکی زیاتر ڕێککەوتبووین، بەڵام چوون ٩ کەس بووین و هەر جانتایەک ٤٠ کیلۆ کێشی هەبوو و نەماندەتوانی لەوە زیاتر هەڵبگرین، تەنیا ٢٢ ملیۆن دۆلارمان وەرگرت".

گرووپی توندڕۆی حەماس هەر لە کاتی دامەزرانییەوە لە ساڵی ١٩٨٧ تا ئێستا لەگەڵ ئێران پەیوەندی زۆر نزیکی هەبووە، و بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوەکانی دارایی و چەکی ئەو گرووپە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دابین دەکرێت.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین