خولی پێنجەمی گفتوگۆکانی ڤیێنا  دەستپێدەکات ئێران

نوچه‌نێت

بڕیارە خولی نوێی گفتوگۆکانی ڤیێنا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان دەست پێ بکاتەوە و عەباس عەراقچی،یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوە و سەرپەرشتی شاندی دیپلۆماتکارانی ئێران، جارێکی تر بە مەبەستی درێژەپێدان بەو گفتوگۆیانە بۆ ڤیێنا گه‌ڕایه‌وه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، گفتوگۆکانی ڤیێنا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ناوەڕاستەکانی مانگی نیسانەوە دەستیان پێکرد و لیژنەکان بەردەوام بە مەبەستی ڕاوێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای خۆیان هاتوچۆی وڵاتەکانیان کردووە.

دیپلۆماتکارانی ئێران و ئەمریکا لەگەڵ گرووپی ٤+١ تا ئێستا چوار خولی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانیان لە ڤیێنا بەڕێوەبردووە بۆئەوەی ئەگەرەکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لێک بدەنەوە.

عەباس عەراقچی، دیپلۆماتکاری باڵای ئێران و سەرپەرشتی شاندی ئێران لە گفتوگۆکاندا لەم دواییانەدا دوای دوو هەفتە گفتوگۆی بەردەوام لە چوارەمین خولی گفتوگۆکانی ڤیێنا، ڕایگەیاند کە "دەقی سەرەکی ڕێککەوتن" و "هاوپێچ و پەیوەستەکانی" دیاری کراون و شاندەکان بۆ "ڕاوێژی کۆتایی" دەگەڕێنەوە بۆ پایتەختی وڵاتانی خۆیان.

ڕۆژی ڕابردوو سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی خۆیدا گوتى، "لەو بڕوایەدام گفتوگۆکان قوفڵ نەکراون و پێشکەوتنی بەرچاویان هەبووە".

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران هەفتەی ڕابردوو گوتبووی ئەمریکا ئامادەیە گەمارۆ بازرگانییەکان هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام بە گوتەی دیپلۆماتکارانی ئەوروپی هێشتا چەندین پرسی دژوار لە گفتوگۆکاندا ماونەتەوە.

بەڵام ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئەی. بی. سی گوتی، "هێشتا نیشانەیەکی نەبینیوە کە دەرخەری ئەوە بێت ئایا ئێران ئامادەیە هەنگاوە پێویستەکان بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەڵبگرێت یان نا.

هەواڵی دەستپێکردنی خولی پێنجەمی گفتوگۆکانی ڤیێنا ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ڕافائێل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ڕێککەوتنی ئێران و ئاژانس سەبارەت بە بەردەوامبوونی چاودێریی "پێویستی" ئاژانس بەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێراندا، بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین