ئێران: ڕەنگە ئەمجارە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بگەنە ئەنجام ئێران

نوچه‌نێت

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە هەموو لایەنەکانی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا خوازیاری ئەوەن کە ئەو پرسە سەرەکیانە کە ماونەتەوە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن و تەنانەت گفتوگۆکان لەم خولەدا بگەنە ئەنجام گوتی،" ناتوانم بڵێم دەتوانین لەم خولەی گفتوگۆکاندا بگەینە ئەنجام، بەڵام ڕەنگە ئەوەش ڕوو بدات.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە، عەباس عەراقچی یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوە و سەرپەڕشتی شاندی دیپلۆماتکاری ئێران لە ڤیێنا، دوای کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە چ پرسێک ماوەتەوە کە لەو گفتوگۆیانەدا چارەسەر نەکرابێت؟ گوتی: لە دوایین خولی گفتوگۆکان [خولی پێنجەم] پێشکەوتنی بەرچاومان هەبوو، بەڵام هێشتا چەند پرسێکی سەرەکی بە بێ چارەسەر ماونەتەوە. 
عەراقچی گوتی، "لەو بڕوایەدام ئێمە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشمان بە خواستی هەموو لایەنەکان بۆ ڕێککەوتن دەست پێکرد. پێم وایە هەموو لایەنەکان لەم گفتوگۆیانەدا جدین و ئەوە ئاشکرایە و هەموویان خوازیاری ئەوەن ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو پرسە سەرەکیانە کە ماونەتەوە بدۆزرێتەوە و تەنانەت گفتوگۆکان بە زووترین کات بە ئەنجام بگەن. ناتوانم بڵێم دەتوانین لەم خولەی گفتوگۆکاندا بگەینە ئەنجام، بەڵام دەکرێ ئەوەش ڕوو بدات". 
عەراقچی لە درێژەدا گوتی، "گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بەستراوەی ئەوەیە کە چەندە دەتوانین پرسە سەرەکییەکان چارەسەر بکەین و لایەنەکانی تر چەندە ئامادەن بڕیارە یەکلاکەرەوەکانی خۆیان بدەن و ڕێگا بدەن پرسەکان چارەسەر بکەین. پرسە سەرەکییەکان، ئەو پرسانەن کە تا ڕادەیەک پێشکەوتنمان تیایاندا هەبووە، بەڵام هێشتا ناتوانین بڵێین وەڵامێکی شەفاف یان ڕێگاچارەیەکی شەفافمان هەیە بۆیان. بەڵام دڵنیام ئەمجارە دەتوانین پێشکەوتنمان هەبێت و گفتوگۆکان بگەیێنینە ئەنجام". 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا لە ڕوانگەی ئێوەوە لایەنی بەرانبەر، بڕیاری سیاسیی پێویستی داوە یان نا و ئایا هیچ نیشانەیەک هەیە کە لەم خولەدا گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام یان نا؟ گوتی، "ئێمە تازە گفتوگۆکانمان دەست پێکردووە و ئەوە بابەتێکە کە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین لە ڕۆژانی داهاتوودا چی ڕوو دەدات، ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی یەکەمی کۆمیسیۆنی هاوبەشدا بینیم، خواستی ڕاستەقینەی هەموو لایەنەکانە بۆ گەیشتن بە ئەنجام. بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین لە ڕۆژانی داهاتوودا چی ڕوو دەدات. 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی ئێران وێرای ئەوەی گوتی، "ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم ئەم خولەی گفتوگۆکان دوایین خول دەبێت" جەختی کردەوە:تا کاتێ بەرژوەندییەکانی ئێران دابین نەکراون، گفتوگۆکان درێژەیان دەبێت. 
کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە بەشداری شاندەکانی ئێران و گرووپی ٤+١ (ئەڵمانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و بەریتانیا) ئێوارەی سێشەممە ٢٥ی ئایار، لە ڤیێنا پایتەختی نەمسا، بۆ ماوەی نزیکەی یەک کاتژمێر و نیو بەڕێوەچوو. ئەو کۆبوونەوە لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە ڕۆژێک پێشتر (٢٤ی ئایار) ڕێککەوتنی سێ مانگەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە بەردەوامبوونی تۆمارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان ئێران لە ڕێگای کامێراکانی ئاژانسەوە بۆ ماوەی یەک مانگی تر درێژ کرایەوە.

 


 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین