نوێنەری ڕووسیا: ئێران کۆتایی بە پیتاندنی یورانیۆمی ٦٠٪ ده‌هێنێت ئێران

نوچه‌نێت

میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری ڕووسیا لە کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕایگەیاند ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆتایی بە بەرهەمهێنانی پیتاندنی یورانیۆمی ٦٠٪ی ده‌هێنێت.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری ڕووسیا لە کۆمسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێکو مسکۆ" ڕایگەیاند بەم زووانە ئێران کۆتایی بە پیتاندنی یورانیۆمی ٦٠٪ دێنێت.

ئولیانۆف گوتی، "هیچ ڕێککەوتنێکی باشتر لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لە ئارادا نییە. بەو ڕێککەوتنە، ئێران بووەتە وڵاتێک کە زیاترین ڕێژەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی تێدا ئەنجام دەدرێت"

ئولیانۆڤ گوتی، "کۆتاییهێنان بە پیتاندندنی یورانیۆمی ٦٠٪ "بەم زووانە و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکاندا" جێبەجێ دەکرێ".

بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران دەبێ تەنیا بە ڕێژەی ٧/٣٪ یورانیۆم بپیتێنێ. دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، کۆماری ئیسلامیی ئاستی پیتاندنی یورانیۆمی بۆ ٢٠% و پاشان بۆ ٦٠% بەرز کردەوە.

ئەو هەوڵەی ئێران لەلایەن ئەندامانی تری ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە بە پێشێلکردنی مەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنە دادەنرێ، چونکە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویست بە پیتاندنی ٩٠٪ی هەیە.

خولی چوارەمی گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا، پایتەختی نەمسا بە بەشداری نوێنەرانی ئێران، ڕووسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا وەک ئەو لایەنانەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا ماونەتەوە لە حه‌وتی ئایارەوە دەستی پێکرد و ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ئایار کۆتایی هات.

نوێنەرانی ئەمریکا لە شوێنی گفتوگۆکاندا ئامادە بوون بەڵام بەشێوەی راستەوخۆ لەگەڵ شاندەکەی ئێران گفتوگۆیان نەکرد.  هەر دوو لایەن لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕایانگەیاند لە خولی نوێی گفتوگۆکاندا پێشکەوتنی بەرچاو هاتوونەتە ئاراوە و لە بەرەبەرەی ڕێککەوتندان.

عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی و دیپلۆماتکاری باڵای ئەو وڵاتەیش گوتویەتی "جگە لە چەند پرسێک کە پێویستی بە بڕیاری سیاسیی دەوڵەتەکانە، لە ته‌واوى بەشەکاندا دەقی ڕێککەوتنەکە ئامادە کراوە".


 


 

 


https://www.nuche.net/post-2181.html
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین