به‌هۆى كازمى لایه‌نه‌ شیعه‌كان  بۆ دوو به‌ره‌ دابه‌ش ده‌بن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسێكى باڵاى عێراق بۆ رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بى ئاشكراى ده‌كات، به‌ هۆى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق لایه‌نه‌ شیعه‌كان بوونه‌ته‌ دوو به‌ره‌ و یه‌كێكیان پاڵپشتى كازمى ده‌كات و ئه‌ویتریان دژى ده‌وه‌ستێته‌وه‌. ئه‌و به‌رپرسه‌ ناوى هه‌ندێك لایه‌نى سه‌ر به‌ هه‌ر دوو به‌ره‌یش ئاشكرا ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 29ى ئایار رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید راپۆرتێكى له‌سه‌ر گرژییه‌كانى نێوان میلیشیاكانى عێراق و حكومه‌تى عێراق بڵاوكرووه‌ته‌وه‌، له‌ به‌شێكى راپۆرته‌كه‌ به‌رپرسێكى عێراقى كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌ قسه‌ى كردووه‌ و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، لایه‌نه‌كانى شیعه‌ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ دابه‌ش ده‌بن. به‌ره‌یه‌كیان نایه‌وێ بڕیاره‌كانى حكومه‌ت بشكێ و زمانى هه‌ڕه‌شه‌ى چه‌كدارى به‌كاربهێنرێت. كه‌چى به‌ره‌كه‌ى تر ده‌یه‌وێ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان پارێزبه‌ندى به‌ حه‌شدى شه‌عبى بدرێت و حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى گرتنى سه‌ركرده‌كانى نه‌بێت، ته‌نیا ئه‌گه‌ر پێویست بوو ئاسایشى حه‌شد ئه‌و كاره‌ بكات.

نوورى مالیكى خۆى بێده‌نگ كردووه‌

 

سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌ى یه‌كه‌م به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كه‌ ده‌ڵێ، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ عه‌مار حه‌كیم، موقته‌دا سه‌در، حه‌یده‌ر عه‌بادى پاڵپشتى كازمى و پاراستنى سه‌روه‌ریى ده‌كه‌ن، كه‌چى هادى عامرى و فالح فه‌یاز و  هومام حه‌موودى و ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دى و عه‌بدولعه‌زیز محه‌مه‌داوى و میلیشیكانى ترى وه‌ك نوجه‌با و عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق ده‌یانه‌وێ گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت به‌رده‌وام بێت.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا، له‌ راپۆرته‌كه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید هاتووه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى مالیكى ده‌یه‌وێ خۆى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كاندیدى بكاته‌وه‌، ئه‌وا بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین