ڕووسیا : لە ئێستادا بەرنامەیەک بۆ خولی شەشەمی گفتوگۆکانى ڤیێنا لە ئارادا نییە ئێران

نوچه‌نێت

نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت لە ئێستادا بەرنامەیەک بۆ خولی شەشەمی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە ئارادا نییە. لەم گفتوگۆیانەدا (خولی پێنجەم) ئێران جەخت لە هەڵوەشانەوەی هەموو گەمارۆکان دەکاتەوە، بەڵام ئەمریکا دەڵێت ئەو گەمارۆیانە کە پەیوەندییان بە پرسی مووشەکی و مافی مرۆڤەوە هەیە هەڵناوەشێنێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری ڕووسیا لە کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی خولی نوێی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لە ئەکاوەنتی تویتەری تایبەت بە خۆی نووسی: "خولی پێنجەمی گفتوگۆکانی ڤیێنا دەربارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ئارادان. تا ئێستا هیچ بەرنامەیەک بۆ خولی شەشەم لە ئارادا نییە. دیپلۆماتکاران بەو تێگەیشتنەوە گفتوگۆ دەکەن کە پێویستە ئەم خولەی ئێستا، دوایین خولی گفتوگۆکان بێت".

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "میدل ئیست نیوز"، سەرچاوە ئێرانییەکانی ئاگادار لە گفتوگۆکانی ڤیێنا گوتویانە ئەمریکا ڕازی بووە بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانەوە بەڵام ئامادە نییە "هەموو گەمارۆکان" هەڵبوەشێنێتەوە کە داواکاری سەرەکی ئێرانە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، لایەنەکانی بەشداری گفتوگۆکان هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە پرسی ئەتۆمییان یەکلا کردووەتەوە، بەڵام ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە "تەنیا هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ ئەتۆمییەکان بەس نییە چونکە هەندێ لە گەمارۆکان کە پەیوەندییان بە پرسی ئەتۆمییەوە نییە، گەمارۆی بانکی و نەوتی لە خۆ دەگرن".

ئەو سەرچاوانە گوتوویانە ئەمریکا لە خولەکانی پێشووی گفتوگۆکاندا پێداگری لەسەر مانەوەی گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە تیرۆریزم و مافەکانی مرۆڤ و بەرنامەی مووشەکی ئێران دەکرد، بەڵام لە خولی چوارەمی گفتوگۆکاندا لەو بارەوە نەرمی نواند. لەو ئاراستەیەدا، ئەمریکا ڕازی بووە ئەو گەمارۆیانەی بەسەر تۆڕی نەوتی و بانکی ناوەندیی ئێراندا داسەپاوەن، سڕ بکات.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، هەوڵی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەپاندنی ئەو گەمارۆیانە بە گەڕانەوە بۆ "یاساى کاتسا" بووەتە هۆی ئەوەی هەڵوەشاندنەوەیان لە دەسەڵاتی کۆنگرێسدا بێت و سەرۆکی ئەمریکا تەنیا دەتوانێت ئەوپەڕی بۆ ماوەی شه‌ش مانگ سڕیان بکات.

جگە لەوە، ئیدارەی ئەمریکا ڕازی بووە ٧٠٠ گەمارۆ لە ١٥٠٠ گەمارۆی داسەپێنراو لە دژی ئێران هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام ئامادە نییە هەندێکیان هەڵبوەشێنێتەوە و مەرجی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکان ئەوەیە کە گفتوگۆ لەسەر هەموو پرسەکانی نێوانیان بکرێت".

ئەو سەرچاوانە گوتویانە، پرسێکی تر کە جێگای ناکۆکییە پەرەسەندنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەم ساڵانەی دوایی و هەوڵەکانی ئێران بۆ پاشگەزبوونەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە.

لەو بارەوە ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، تەنیا ئەوەندە بەس نییە کە ئێران بەڵێنەکانی جێبەجێ بکاتەوە بەڵکو پێویستە ئەو وڵاتە بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش پێشێلکردنی بەڵێنەکان و چارەنووسی ئامێرە پێشکەوتووەکانی پیتاندن و هەروەها یورانیۆمی پیتێندراوی پاشکەوتکراو یەکلایی ببێتەوە.

ئەو سەرچاوانە جەختیان کردووەتەوە ئێران ڕازی بووە پاشکەوتی یورانیۆمی پیتێندراو کەم بکاتەوە بەڵام ئامادە نییە ئامێرە پێشکەوتووەکانی پیتاندنی خۆی لە ناو ببات و لەو بارەوە چین و ڕووسیا پێشنیازی چاودێریکردنی وردی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بەسەر چالاکییەکانی ئەو ئامێرانەیان هێناوەتە ئاراوە و باسیان لە گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی ئەمن لەژێر چاودێری ئاژانسدا کردووە، بەڵام ئەمریکا هێشتا ئەو پێشنیازەی قەبووڵ نەکردووە.

پرسێکی تر کە جێگای ناکۆکییە ئەوەیە کە ئەمریکا قەبووڵی کردووە هەنگاوی یەکەم بنێت بەڵام ئامادە نییە هەموو گەمارۆکان بە یەکجاری هەڵبوەشێنێتەوە. واشنتۆن جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە گەمارۆکان دەکاتەوە و ئەگەر لەوە دڵنیا بێتەوە کە ئێران بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات، پاشان بەشێکی تر لە گەمارۆکان هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام ئێران بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هەر دوو لایەن بە یەکجاری هەموو بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەنەوە، واتە ئەمریکا هەموو گەمارۆکان هەڵوەشێنێتەوە و ئێرانیش دوای دڵنیابوونەوە لە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بەڵێنەکانی جێبەجێ بکاتەوە.

ئەو سەرچاوانە جەختیان کردووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی تا ٢٣ی حوزەیران درێژ کراوەتەوە، کات بۆ گفتوگۆکان کەمە و گفتوگۆکان لە خولی پێنجەمدا چڕتر بوونەتەوە.

سەرەڕای ئەوە، بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، دوورە لە خولی پێنجەمی گفتوگۆکاندا هەموو ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و ڕێککەوتنی کۆتایی بێتە ئاراوە و ڕەنگە پیویست بکات خولی شەشەمی گفتوگۆکان ئەنجام بدرێن. هەڵبەت ئەوە دیار نییە و ڕەنگە هەر لەم خولەدا هەمووان خافڵگیر بن.

بە پێی ڕاپۆرتی میدل ئیست نیوز، ئەو سەرچاوانە جەختیان کردووەتەوە کە نەبوونی جێگرەوەیەک بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بووەتە هۆی ئەوەی ئەمریکا ڕازی بێت هەندێ ئیمتیاز بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆسیە بدات و خۆی سەرقاڵی پرسەکانی تر بکات کە ئەولەوییەتی سیاسیی ئەو وڵاتەن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین