ئه‌مریكا ده‌ستى به‌سه‌ر دوو ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى ئێران داگرت ئابووری جیهان

نوچه‌نێت

بەڵگەکانی دادگا و ئامارەکانی ئیدارەی ئەمریکا دەری دەخەن ئەو وڵاتە دەستی بەسەر دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران گرتووە و دوای گواستنەوەی بۆ ئەمریکا فرۆشتوویەتی. ڕۆژی دووشەممە ٣١ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشەیتد پرێس" بڵاوی کردەوە، بەڵگەکانی دادگا و ئامارەکانی حکومەتی ئەمریکا دەری دەخەن، ئەو وڵاتە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی فرۆشتووە.

ئەو نەوتە لە کەنارەکانی بەندەری "فوجیرە"ی ئیمارات لە کەشتی "ئاشیلاس" دەستی بەسەردا گیرابوو و گوێزرابووەوە بۆ ئەمریکا.

لێکدانەوەی ئامارە بڵاوکراوەکانی ئاژانسی زانیاری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆتایی هەفتەدا ڕابردوودا، دەرخەری ئەوەیە ئەو وڵاتە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی لە مانگی ئاداردا فرۆشتووە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێران چەندین ساڵە لەژێر گەمارۆکانی ئەمریکادایە، ئەو ڕاپۆرتە بووەتە هۆی سەرسوڕمانی فرۆشیاران و کڕیارانی بازاڕی نەوت.

بەگوێرەی بەڵگەکانی دادگاکانی ئەمریکا، ئێران ویستوویەتی ئەو نەوتە بە چین بفرۆشێت و بڕیار وابووە لەسەر نەوتهەڵگرەکە بنووسرێت "نەوتی خاوی سووکی بەسرە" و لە عێراقەوە بگوازرێتەوە.

بەڵگەکانی دادگاکان دەرخەری ئەوەن ئیدارەی ئەمریکا سەرەتا ئەو بارە نەوتەی گواستووەتەوە بۆ هیوستۆنی تەکساس و زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئەو بارەی بە نرخی ١١٠ ملیۆن دۆلار فرۆشتووە. واتە هەر بەرمیلێک بە نزیکەی ٥٥ دۆلار. 
وەزارەتی دادی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندووە پارەی فرۆشتنی ئەو بارە نەوتە دەخرێتە سندووقی پشتیوانیکردن لە قوربانیانی تیرۆریزم لە ئەمریکا.

ئیدارەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥دا و بە مەبەستی پێدانی غەرامە بەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانی گرووپە تیرۆریستییەکان یان تیرۆریزم دەوڵەتی، ئەو سندووقەی دامەزراند. 


بە پێێ ئەو ڕاپۆرتانەی کە پێشتر بڵاو ببوونەوە، حوکمی دەستگرتن بەسەر ئەو نەوتهەڵگرەدا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و پێش هاتنە سەردەسەڵاتی جۆ بایدن دەر کراوە.


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین