ته‌ندروستى عێراق ده‌ركه‌وتنى نه‌خۆشى كه‌ڕووى ره‌ش ده‌شارێته‌وه‌ تەندرووستی

نوچه‌نێت

به‌رپرسێكى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى شارى زیقارى باشوورى عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ دوو حاڵه‌تى مردن به‌ نه‌خۆشى كه‌ڕووى ره‌ش تۆمار كراوه‌، كه‌چى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى نكۆڵى لێده‌كات و ده‌ڵێ، "هیچ حاڵه‌تێكى تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ عێراق نییه‌".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ یه‌كى حوزه‌یران رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، لێدوانى به‌رپرسانى كه‌رتى ته‌ندروستى عێراق له‌ باره‌ى بوونى نه‌خۆشى "كه‌ڕووى ره‌ش" له‌عێراق یه‌ك ناگرێته‌وه‌. له‌ كاتێكدا به‌رپرسێكى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى زیقار "ناسڕیه‌" له‌ باشوورى عێراق ئاشكراى كردووه‌ دوو حاڵه‌تى مردن به‌ نه‌خۆشى كه‌ڕووى ره‌ش تۆماركراوه‌، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ره‌تى ده‌كاته‌وه‌.

عه‌ممار زاملى گوته‌بێژى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى زیقار له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاندووه‌، دوو حاڵه‌تى مردن به‌ نه‌خۆشى كه‌ڕووى ره‌ش له‌ شاره‌كه‌یان تۆمار كراوه‌.
ئه‌م راگه‌یاندنه‌ى زاملى یه‌ك كاتژمێر دواى لێدوانى عه‌بدولئه‌میر حه‌له‌فى  به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى بوو له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق كه‌ نكۆڵى له‌وه‌ كردبوو هیچ حاڵه‌تێكى تووشبوون به‌ كه‌ڕووى ره‌ش هه‌بێت.

حه‌له‌فى گوتوویه‌تى، "عێراق خاڵییه‌ له‌م نه‌خۆشییه‌". كه‌چى عه‌ممار زاملى ده‌ڵێ، "تووشبووه‌كانى كه‌ڕووى ره‌ش به‌ رێككه‌وت دۆزراونه‌ته‌وه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌دات و ده‌ڵێ، "تووشى لووت و سنگ و مێشك ده‌بێت و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دروست ده‌كات كه‌ به‌رگرى له‌شییان لاوازه‌".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین