داواى راگه‌یاندنى بارى له‌ناكاوى ته‌ندروستى له‌ عێراق ده‌كرێت تەندرووستی

نوچه‌نێت

ژماره‌ى تووشبووانى كۆڕۆنا له‌ عێراق به‌ خێرایى هه‌ڵده‌كشێ و باس له‌ تووشبوونى 150 هه‌زار حاڵه‌تى ڤایرۆسى گۆڕاوى ده‌لتا له‌ ماوه‌ى مانگێك ده‌كرێت و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كى عێراقیش داواى راگه‌یاندنى بارى له‌ناكاوى ته‌ندروستى ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ى ته‌مووز چه‌ندان دامه‌زراوه‌ى فه‌رمى عێراق باس له‌ زیادبوونى ژماره‌ى تووشبووانى كۆڕۆنا ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ كۆمسیۆنى باڵاى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ راگه‌یێندراوێكدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، بارودۆخى تووشبوون به‌ كۆڕۆنا به‌ شێوه‌یه‌كى مه‌ترسیدار زیادى كردووه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كات بارى له‌ناكاوى ته‌ندروستى له‌ عێراق رابگیێندرێت.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى كۆمسیۆنى مافه‌كانى مرۆڤ هاتووه‌، ته‌نیا له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى كه‌رخ له‌ به‌غدا 500 حاڵه‌تى تووشبووى هه‌یه‌، كه‌ بارودۆخیان له‌ مه‌ترسیدایه‌.

ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقیش بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، سبه‌ى دووشه‌ممه‌ لیژنه‌ى قه‌یرانه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نائاسایى ده‌كات و تاوتوێى بارودۆخى كۆڕۆنا ده‌كات.

پێشتر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا له‌ ماوه‌ى مانگى ته‌مووز 150 هه‌زار حاڵه‌تى تووشبوون به‌ كۆڕۆناى گۆڕاوى ده‌لتا له‌ عێراق تۆماركراوه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى كه‌رخ له‌ به‌غدا روونكردنه‌وه‌ى داوه‌ و ژماره‌كه‌ پشتڕاست ناكاته‌وه‌.

یه‌كه‌م حاڵه‌تى كۆڕۆنا له‌ عێراق له‌ مانگى شوباتى 2020 تۆمار كرا، كه‌ قوتابییه‌كى حه‌وزه‌ى علیمى نه‌جه‌ف بوو به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانى بوو. كه‌چى ئێستا ژماره‌ى تووشبووانى كۆڕۆنا له‌ عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ ملیۆنێك و  543 هه‌زار و 501 كه‌س، تا ئێستا 18 هه‌زار و 232 كه‌سیش به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ مردوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین