وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێى هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێران ده‌كه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، ڕۆژی سێشەممە یه‌كی حوزەیران گوتوویەتی، پرسی هەڵسوکەوتی "تێکدەرانە"ی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان وەزیرانی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ڕادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە جۆن کربی لەمیانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لە پنتاگۆن ڕایگەیاند: بەنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ لويد ئۆستن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە واشنتۆن دیدار دەکات و پرسی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان دەبێت.

گوتەبێژی پنتاگۆن گوتوویەتی، "چاوەڕوان دەکرێت وەزیرانی بەرگریی ئیسرائیل و ئەمریکا سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گفتوگۆ بکەن و بێ گومان دەبێ چاوەڕوان بین ئێران و هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکانی باسیان لێ بکرێت.

جۆن کربی گوتیشی، "ئەوە جاری یەکەم نییە کە وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل قسە دەکات، ئەوان پێشتر و لە چەند هەفتەی ڕابردوویشدا سەبارەت بە غەززە چەندین جار پەیوەندیی تەلەفۆنییان هەبووە و زانیارییەکان لەو بارەوە بڵاو کراونەتەوە. هەڵبەت ئێمە لەم دواییانەشدا سەردانی ئیسرائیلمان کرد و وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات گفتوگۆی تێر و تەسەلیان لەو ڕۆژەدا ئەنجام دا".

گوتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند، دیداری ڕۆژی پێنجشەممە، درێژەی ئەو گفتوگۆیانە دەبێت، بەڵام بێ گومان پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ناوچە لە سەرەوەی ئەو بابەتانە دەبێت کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ.

نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، بەنی گانتس ڕۆژی چوارشەممە بەرەو واشنتۆن بەڕێ دەکەوێت و لەوێ لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەمریکا و جیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی دیدار دەکات.

ئاژانسی هەواڵی "بلومبێرگ" دەڵێت بەنی گانتس لە کاتێکدا سەردانی واشنتۆن دەکات کە لە ناوخۆی ئیسرائیل بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری پێکهاتنی حکومەت لە لایەن نەیارانی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پشێوی سیاسیی پەرەی سەندووە.

هاوکات، سەرەڕای ئەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە هێواشی دەچنە پێش، بەڵام عەلی ڕەبیعی گوتەبێژی کابینەی حەسەن ڕۆحانی، ڕۆژی سێشەممە هیوای خواست پێش کۆتاییهاتنی کابینەی ڕۆحانی، حکومەت بتوانێت ڕێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو بکاتەوە و گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە.

بنیامین نەتانیاهۆیش ڕۆژی سێشەممە وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە هەوڵ دەدات ڕێگری لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بکات، گوتی ئەگەر ناچار بە هەڵبژاردن لە نێوان دوو بژاردە، واتە ناکۆکی لەگەڵ گەورەترین هاوپەیمانمان ئەمریکا و لەناوبردنی ئەو هەڕەشەیە کە لەسەرمانە، بێ گومان لەناوبردنی هەڕەشە هەڵدەبژێرین. بەڵام هیوادارم ئەوە ڕوو نەدات و ناچار بەو هەڵبژاردنە نەبین.  

سەرەڕای ئەوە، بەنی گانتس ڕۆژی سێشەممە وەک کاردانەوەک لە بەرانبەر ئەو قسانەی نەتانیاهۆ گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترین هاوپەیمانی ئیسرائیل بۆ پاراستنی ئاسایش و باڵادەستی سەربازیی لە ناوچە بووە و لە داهاتووشدا وا دەبێت.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتیشی، ئیدارەی بایدن دۆستێکی ڕاستەقینەیە و ئیسرائیل هاوبەشێکی باشتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای نییە و نایبێت. تەنانەت ئەگەر هەندێ ناکۆکیش لە ئارادا بن، پێویستە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە چارەسەر بکرێن نەک بە لێدوانی بێباکانە کە دەتوانێت زیان بە ئاسایشی ئیسرائیل بگەیێنێت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین