پەرلەمانی ئێران: سزای هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمریکا سێدارەیە ئێران

نوچه‌نێت

لیژنەی دادوەری پەرلەمانی ئێران بڕیارە دەنگ لەسەر پرۆژە یاسایەک بدات کە بەو پێیە ئەو کەسانەی لەگەڵ وڵاتانی نەیار و لەوانە ئەمریکا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاوکاریی بکەن، لە سێدارە دەدرێن.

ڕۆژی شەممە پێنجی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیندێپێندنت" بڵاوی کردەوە، ئەو پرۆژە یاسایە کە ناوی "قوڕسکردنی سزای هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی نەیار و دوژمنانی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان"ە لە کۆبوونەوەی کراوەی ڕۆژی یەکشەممە ٩ ئایاری ٢٠٢١دا، ڕادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە.

بەگوێرەی مادەی ١ی ئەو پرۆژە یاسایە "سیخوڕیکردن یان هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی نەیار و لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەپێچەوانەی ئاسایشی وڵات یان بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، (افساد فی الارچ) بە هەژمار دێت و سزای لە مادەی ٢٨٦ی یاساى سزادانی ئیسلامیدا هاتووە".

بەگوێرەی مادەی ٢٨٦ی یاساى سزادانی ئیسلامیی، "هەرکەس بە شێوەی بەرفراوان، تاوان لە دژی هاووڵاتییان، لە دژی ئاسایشی ناوخۆ یان دەرەکی وڵات ئەنجام بدات و چەواشەکاری بکات و هەوڵی تێکدانی سیستەمی ئابووری بدات، مادەی ژەهراوی و میکرۆبی و مەترسیدارە بڵاو بکاتەوە یان شوێنی گەندەڵی و زینا و خراپەکاری دامەزرێنێت یان دەستی تێیدا هەبێت، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی گشتیی وڵات، یان زیان بە هاووڵاتیان یان دارایی گشتیی و تایبەت بگەیێنێت و ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپەکاری، (مفسد فی الارچ) بە هەژمار دێت و لە سێدارە دەدرێت".

بەگوێرەی ڕوونکردنەوەی مادەی یه‌كی ئەو پرۆژە یاسا نوێیەی پەرلەمانی ئێران "هاوکاریکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو تاوانانە بە هەژمار دێن کە لەژێر مادەی یەکدا ئاماژەیان پێ کراوە".

بڕیارە ئەو ڕێکخراوە و ناوەندانە کە سزای هاوکاریکردن لەگەڵیان سێدارە دەبێت لە لایەن لێژنەیەک پێکهاتوو لە وەزیری ئیتلاعات، جێگری ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران، جێگری هەواڵگریی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی و نوێنەری لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانەوە دیاری بکرێن. بەرپرسی هەواڵگریی بنکەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش سەرۆکایەتی ئەو لیژنە دەکات و بڕیارەکانی ئەو لیژنەیە دوای واژۆکردنی سەرۆکی بنکەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جێبەجێ دەکرێن.

بەڵام بابەتێکی تر لەو پرۆژە یاسایەدا، ئەوەیە کە ئەو ئێرانیانەی دەکەونە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا وەک خۆبەخش بناسرێن و هەندێ یارمەتی و ئیمتیازیان پێ بدرێت. لە مادەی پێنجی ئەو ڕەشنووسەدا هاتووە: "هەموو ئەو ئێرانیانەی کە بە فەرمی لە لایەن دەوڵەتانی نەیارەوە و بە تایبەت لە لایەن ئەمریکاوە کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکان لە ئیمتیازەکانی "یاساى هەمەلایەنەی خزمەتکردن بە خۆبەخشان" و هەموو ئیمتیازەکانی تر سوودمەند دەبن.


 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین