ناسک سەعید: راگەیاندنی کوردی هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییە هەواڵ

نوچە: ئافرەتان

توندوتیژییەکان دژ بە ئافرەتان لە هەڵکشاندایە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەڵێت، ئێمە راگەیاندنەکان بە یەکێک لەو هۆکارانە دەزانین کە بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی توندوتیژی، بە نیازین کۆنفرانسێک بۆ ئەم مەبەستە و دۆزینەوەی رێگاچارە ئەنجام بدەین.

رێژەی کوشتن و توندوتیژی خێزانی روو لە زیادبوونە، ناسک سەعید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە نوچەی راگەیاند: ئەوەی کە ئێستا لە ناو میدیای کوردیدا سەبارەت بە روماڵکردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە پرسی ئافرەتان بە تایبەتی ، لە ناویشیاندا بابەتی تووندوتیژی بەراستی زۆر زەق دەکرێتەوە. بەداخەوە زۆر جار  کەناڵ هەیە بەبێ رەچاوکردنی ئەخلاقی پیشەیی، بە وروژاندنی هەندێ بابەت و زیادکردنی لایک و کۆمێنت یان ڤیوی پەیجەکەیان، گوێ بە کاریگەرییەکانی نادات، بۆ نموونە کاتێک کە هەواڵێك سەبارەت بە کوشتنی ئافرەتێك شێوازەکەی دادەنرێت ، ئەوەندەی سەرنج لەسەر وروژاندنی بابەتەکەیە کە ئافرەتەکە کوژراوە، ئەوەندە باس لەوە ناکرێت ئایا هۆکارەکەی چیبووە.

هەر سەبارەت بە خراپ روماڵکردنی بابەتەکانی توندوتیژی ناسک سەعید دەیخاتەروو، ئێمە زۆر نیگەرانین لەوە میدیای کوردی زیاتر هۆکاری تەشەنەکردنی توندوتیژییە، جار هەیە روداوێکی کوشتن دەخوێنیتەوە دەبینی ئەو کەسەی خۆی کوشتووە یان ئەو کەسەی کە بکوژە وەکو پاڵەوان و قارەمانی چیرۆک دەنوسرێتەوە. بانگی کەسانی شارەزای دەرونی و کۆمەڵایەتی ناکرێت کە باس لە رێگاچارەو کاریگەرییەکانی بکات.

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بەرنامەیان بۆ ئەمە چییە یان دەیانەوێ چۆن کار لەسەر ئەمجۆرە لە روماڵکردنی بابەتەکانی توندوتیژی بکەن، بەڕێوەبەری راگەیاندنەکەیان گوتی: ئێمە وەکو یەکێتی ئافرەتان، بە نیازی بەستنی کۆنفرانسێکین بە بەشداری خەڵکی شارەزا بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەو چۆنێتی مامەڵەی میدیاکان لە گەڵ بابەتەکانی توندوتیژی. پێشتریش کۆنفرانسێکمان کرد تایبەت بە پرسی ئافرەت لە میدیای کوردیدا، دەرئەنجامەکەشی لە پێناو ئەوە بوو کە هەوڵمان دا ئەنجومەنی نیشتمانی میدیای کوردی دروست بکرێت ، ئەو میدیا نیشتمانیە لە پێناو ئەوە بێت کە بە تایبەت مەسەلەی روماڵکردنی هەر قەزیەک هەر بابەتێک کە پەیوەستە بە ئافرەتانەوە ، بە دیوێکی تر پیشانبدرێت. ئەوەندە زەق نەکرێتەوە ، نەبێتە هۆکارێک کە ئاسایی ببێتەوە لە لای خەڵک. کە ئەو کارەمان کرد لەسەر کۆنفرانسەکە دواتر بە دوا داچوونمان بۆ کرد بە داخەوە تا ئێستا ئەو دامەزراندنی میدیاییە کاری زۆر دەوێ ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئێمە بۆ خۆمان بە فیعلی سەردانی چەندین دەزگامان کردووە، کە دەبێت کاتێک هەواڵێک بڵاودەکرێتەوە لەسەر کوشتنی ئافرەت یاخود بابەتی تووندوتیژی، بۆچی ناوی تاوانبارەکە بە رەمز دەنوسرێ ، بەڵام ناوی قوربانیەکە بە ناوی سیانیەوە دەنوسرێ . واتا وای لێهاتبوو هەموو ژیانی ئەو ئافرەتە ئەنوسرایەوە ، بەڵام تاوانبارەکە ئەبینی بە رەمز  ناوەکەی نوسرا بوو . بەراستی ئەمە جۆرێکی ترە لە تووندوتیژی زوڵمە لەدوای ئەوەی کە ئەو ئافرەتە بووە بە قوربانی ، جارێکی تر دەبێتەوە بە قوربانی لەبەر ئەوەی مافی خۆی پێ نادرێت واتا بەو شێوازە باس دەکرێ .  میدیای کوردی رووی کۆمەڵگەی کوردیشی وەک کۆمەڵگەیەکی ژنکوژ پیشانی دنیا داوە.

ناسک هەروەها دەڵێت: ئێمە ئەوە دووساڵ دەبێ ئیش لەسەر ئەو بابەتە دەکەین بەردەوام تەرکیزمان لەسەر ئەوە بووە کە دەبێت وێنا راستەقینەکەی ئافرەت خۆی پیشان بدرێ ، ئێمە توێژینەوەیەک و ڕاپرسییەکمان کرد، دەرئەنجامەکەی ئەوەی کە وەرمانگرت کردمان بە پڕۆژەیەک ئیشی لەسەر دەکەین، تویژینەوەیەکیشمان لەسەرئەوەی کرد کە ئایا پێگە و وێنای ئافرەتان لە کۆمەڵگە بۆ خۆی لەناو میدیاشدا لە چ ئاستێک دایە. یاخود  لە بوارە جیاوازەکان ، ئێستا جاری وا هەیە تۆ سەیری ریکلامێک ئەکەی لەناو بەرنامەیێک دەبینی کە ئافرەت دەرخرواوە وەکو جەستە یان وەکو عەقلیەت یان وەکو پێگە، لە دراما، لە هەواڵەکان، لە میوانی بەرنامە هەموو ئەو تەوەرانەمان دەست نیشان کرد کاتێک کە راپرسیەکەمان کرد وەک گوتم ،توێژینەوە بوو، دواجار دەرئەنجامەکەیمان کرد بە پلانێک بۆ ئەوەی وەکوبەشی راگەیاندن ئیشی لەسەر بکەین . 

ناسک سەعید، کارکردن لەسەر ئەم بابەتە تەنیا بە کاری رێکخراوەکان نازانێت و دەڵێت: بەداخەوە ساڵی پار بە هۆی کۆرۆناوە نەمانتوانی تەواو کار بکەین، بەس ئەمساڵ بۆ درێژەدان لەسەر ئەو پڕۆژەیە ، بەڵی ئێمە لە بەرنامەمان دا هەیە کە توێژینەوەکەمان کرد دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە خستمانە پلانەوە ، هەم لایەنی پەیوەندیدار پەیوەندیمان پێوەکردوون بە بەردەوامی لایەنی پەیوەندیدار وەکو پەرلەمان بەشێکیش لە رێکخراوەکانی ئافرەتان کە سەردانمان کردن، بەشێک لە خاڵەکان کە چووینە لای لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان بوو ئەوە بوو کە سەرنجی زیاتر یان فشاری زیاتر لە کەناڵەکانی راگەیاندن بکرێ بۆ ئەوەی کە بەراستی کە ئافرەت وێنا حەقیقیەکەی خۆی پیشان بدرێ ، هەم لایەکی تریش ئەوەیە کە لە بەرنامە دا هەیە سەردانی وەزارەتی رۆشنبیریی بکەین ، لایەنی پەیوەندیدار وەزارەتی عەدل ، ئەنجوومەنی باڵای خانمان سەردانمان کرد بە هەمان شێواز، بۆ ئەو بابەتە.

پێویستە پەرلەمان و لایەنەکانی تری پەیوەندیدار کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن و هەماهەنگیمان بکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین