ئێران وه‌ڵامى سڕكردنى له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌داته‌وه‌ ئێران

نوچه‌نێت

وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتیریش، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند هۆکاری سەرەکی نەدانی پارەی ئەندامێتی ئێران بەو رێکخراوەیە گەمارۆ بانکییەکانی ئەمریکان و رەخنەی توندی لە سڕکردنی مافی دەنگدانی وڵاتەکەی گرت.

ئەمڕۆ چوارشەممە نۆی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی " ئیسنا" بڵاوی کردەوە، محەمەد جەواد زەریف لەو نامەیەدا ئاماژەی کردووە هەموو جیهان ئاگادارن ئەمریکا گەمارۆی ستەمکارانەی لە دژی خەڵکی ئێران سەپاندووە و هۆکاری نەدانی پارەی ئەندامێتی بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو گەمارۆیانەن، بۆیە سڕکردنی مافی دەنگدانی ئێران نالۆژیکی و هەڵەیە.

زەریف هەروەها گوتوویەتی، "جەنگ و تیرۆریزمی ئابووری ئەمریکا لە دژی ئێران دەرفەت نادات ئێران لە رێگای سیستەمی بانکی نێودەوڵەتییەوە پشکی خۆی بۆ رێکخراوەی نەتەوە  یەکگرتووەکان و چەند رێکخراوی نێودەوڵەتی تر بگوازێتەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە دەسەڵاتی ئێراندا نییە.

زەریف گوتەیەتی، "په‌یڕه‌وى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو دەسەڵاتە بە کۆڕبەندی گشتیی ئەو رێکخراوەیە دەدات کە بڕیار بدات نەدانی پارەی ئەندامێتی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەو ئەندامە بووە و لەو حاڵەتەدا ئەو وڵاتە هەر مافی دەنگدانی دەبێت. بۆیە کۆماری ئیسلامیی بڕیاری سڕینەوەی مافی دەنگدانی خۆی رەت دەکاتەوە".

رۆژی پێنجشەممە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١، میدیاکان بڵاویان کردەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتیریش، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڕەشەی کرد پێنج وڵات و لەوانە ئێران لە مەترسی لە دەستدانی مافی دەنگدانی خۆیان لە کۆڕبەندی گشتیی ئەو رێکخراوەیەدان.

بە گوتەی گۆتیریش، هەڵپەساردنی مافی دەنگدانی ئێران بەهۆی دواخستنی پێدانی پارەی ئەندامیەتی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پێی مادەی ١٩ی په‌یڕه‌وى كارى نەتەوە یەکگرتووەکانە. بەگوێرەی ئەو مادەیە هەر وڵاتێک بۆ ماوەی دوو ساڵ پارەی ئەندامییەتی خۆی نەدات، لە مافی دەنگدان لە کۆڕبەندی گشتیدا بێبەش دەکرێت.


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین