هه‌ڵبژاردنى ئێران كێشه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

لە بەرەبەرەی دەستپێکردنی خولی نوێی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە ڤیێنا، وێندی شێرمەن، جێگری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند یەکێک لە هۆکارەکانی ئاڵۆزتربوونی گفتوگۆکان، هەڵبژاردنەکانی ئێرانە. هاوکات سێ وڵاتی ئەوروپی کە ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمین ڕایانگەیاند چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامیی، گفتوگۆکان دژوارتر دەکەن.

ڕۆژی چوارشەممە نۆی حوزەیرانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەرەنسا" بڵاوی کردەوە، ئاژانسی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا وێرای بڵاوکردنەوەی وێنەی مانگی دەستکرد، ئاماژەی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نزیک گوندی سەنجریان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران کردووە کە پێدەچێت پەیوەندی بە بەرنامەی ئەتۆمی سەربازیی ئەو وڵاتەوە هەبێت.

بەگوێرەی "ڕادیۆ فەرەنسا"، پیتاندنی یورانیۆمی ٦٠٪، دۆزینەوەی شوێنە نەهێنییەکانی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە، هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی و پێکهێنانی کابینەی نوێ لە ئێران، ڕێگای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییان دژواتر کردووەتەوە. 

وێندی شێرمەن، جێگری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەو بڕوایەدایە تا کاتێ هەموو وردەکارییەکان ڕوون نەبنەوە، ناکرێ بە دڵنیاییەوە بڵێین ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەکرێت یان نا. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەیەکی دامەزراوەی مارشالی ئەمریکا و لە کاتی ئاماژەکردن بە هەڵبژاردنەکانی ئێران کە پێی وایە گفتوگۆکان ئاڵۆزتر دەکەن، کردووە. 

جگە لە قسەکانی وێندی شێرمەن، سەبارەت بە ئاڵۆزی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران، ڕاپۆرتەکەی فۆکس نیوز و بڵاوکردنەوەی چەند وێنەی نوێی مانگی دەستکرد دەربارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە بەرەبەرەی خولی نوێی گفتوگۆکانی ڤیێنا، بووەتە سەردێڕی هەواڵەکان. 

ئاژانسی هەواڵی فۆکس نیوز، چەند وێنەیەکی نوێی مانگی دەستکردی لە یەکێک لە گوندەکانی جاجرود، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران، بڵاوکردەوە کە بە گەڕانەوە بۆ ئەو وێنانە کە لە تاقیگەی کۆمپانیای "ئینتل لب" شیکارییان بۆ کراوە، کۆماری ئیسلامیی لە ڕۆژی ١٥ی مانگی تەشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠وە، پەرەی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی لەو بنکەیەدا داوە. 

بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، تەنیا چەند کاتژمێر دوای بڵاوبوونەوەی دوایین ڕاپۆرتی ڕافائێل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بوو. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، پشکێنەرانی ئەو ڕێکخراوە، شوێنەواری کەرەسەی ئەتۆمییان لە چوار بنکەی ئێران دۆزیوەتەوە. ئەو ڕاپۆرتە دەری دەخات ئێران چەندین بنکەی تری هەیە بەڵام ئاژانسی لەو بنکانە ئاگادار نەکردووەتەوە. 

ڕافائێل گروسی، لە میانەی کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانیەکەی خۆیدا، جەختی کردەوە: کۆماری ئیسلامیی بە ڕوونی وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی دەربارەی ئەو شوێنە نهێنیانەی نەداوەتەوە. بە گوتەی گروسی، گومان دەکرێ ئێران لەو شوێنانەدا كه‌ره‌سته‌ى ئەتۆمی شاردبێتەوە. 

کازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە وەڵامی ڕافائیل گرووسی، ئەو ڕاپۆرتەی بە بێ بنەما وەسف کرد و وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە ئێران لەگەڵ ئاژانس هاوکاریی کردووە، هەڵوێستی ئاژانسی بە تاک لایەنە ناو برد. 

ئێستا، لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فۆکس نیوزدا، ئاماژە بە شوێنێکی نهێنی لە گوندی سەنجریان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران کراوە. ئەو ڕاپۆرتە بە پێی تاوتوێکردن و شیکاری وێنەی مانگە دەستکردەکان و بە پێی ڕاپۆرتێکی هەمەلایەنە کە لە دامەزراوەی زانستەکان و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا ئامادە کراوە، دەرخەری ئەوەیە لە گوندی سەنجریان، لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە تا سەرەتای زستان چەندین خەندەق که‌نراون و ڕەنگە چەند بینایەک دروست کرابێتن. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە ڕەنگە ئەو چالاکیانە بەشێک بن لە چالاکییە ئەتۆمییە سەربازییەکانی ئێران. 

ئەوە یەکەم جار نییە کە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە چالاکییە گوماناوییەکانی ئێران لە بنکەیەکی نهێنیدا بڵاو دەکرێتەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ٥ی ئازاری ٢٠٢٠، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە سێ بنکەی نهێنی لە ئێران کرد کە (بە گوتەی ئەو ڕێکخراوە) ڕەنگە شوێنی پاشکەوتکردنی یورانیۆم بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکان بووبێتن. 

ڕاپۆرتەکەی فۆکس نیوز کە بە پێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی زانستەکان و ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە، بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەڵگە نهێنیانە ئامادە کراوە کە ئیسرائیل ساڵی ٢٠١٧ گوتی لە ئێران بردوونیەتە دەرەوە. 

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە هاوینی ساڵی ٢٠١٨، لە میانەی لێدوانێکی تەلەڤزیونیدا ڕایگەیاند: ئیسرائیل، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا دەستی گەیشتووە بە ٥٥ هەزار لاپەڕە زانیاری پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی سەربازیی ئێران لە شوێنێکی نهێنی لە باشووری تاران لە ناوچەی شورئاوا. 

موحسين ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی، ڕۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٢١، لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "مێهر" دزینی بەڵگە هەرە نهێنییەکانی لە لایەن ئیسرائیلەوە پشتڕاست کردەوە. پێشتر، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی، بانگەشەی ئیسرائیل سەبارەت بە دزینی هەزاران بەڵگە لە ناوخۆی ئێرانیان ڕەت کردبووەوە. 

بەپێی ئەو بەڵگانە کە کەوتوونەتە دەستی ئیسرائیل، چالاکییەکانی گوندی سەنجەر، بەشێکن لە بەرنامەی "ئاماد". 

پرۆژەی "ئاماد"، پلانێکی نهێنی ئێرانە کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٥دا ڕایگەیاند لە ساڵی ٢٠٠٥وە ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو پرۆژە بووە و گوتیشی ئەو پرۆژەیە پەیوەندی بە بەرنامەی ئەتۆمی ئیرانەوە هەیە. موحسين فەخری زادە، یەکێک لە بەرپرسانی پرۆژەی ئاماد بوو. بنیامین نەتانیاهۆ لە لێدوانەکەی خۆیدا دەربارەی دزینی بەڵگەکانی ئێران باسی لە پرۆژەی ئاماد کردبوو. موحسين فەخری زادە، سەرۆکی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنانی وەزارەتی بەرگری ئێران و "باوکی بۆمبی ئەتۆمی"، لە تشرینى دووه‌م ٢٠٢٠، لە نزیک تاران کوژرا. 

پیتاندنی یورانیۆمی ٦٠٪، هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی و پێکهێنانی کابینەی نوێ و دیارکەوتنی ژینگەی سیاسیی نوێ لە ئێران، ئاشکرابوونی بنکە نهێنییەکان لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران کە تیایاندا چالاکی ئەتۆمی گوماناوی ئەنجام دراون، ڕێگای گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییان دژوارتر کردووە.تەوە 

سەرەڕای ئەوەی عەلی ڕەبیعی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، هۆشداری داوە دەسەڵاتگرتنی کابینەی نوێ لە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکان تووشی گۆڕان دەکات، وێندی شێرمەن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەڵبژاردنەکانی ئێرانی بە هۆکاری ئاڵۆزتربوونی گفتوگۆکان ناساندووە. ئەگەرچی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتن گەشبینە و گوتویەتی: تەنیا چەند کێشەیەکی بچووک ماونەتەوە کە چارەسەر نەکراون و ڕێککەوتن دەکرێت. 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین