ئەمریکا: هێشتا له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئێران بۆ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى دڵنیا نین ئێران

نوچه‌نێت

دوای بەڕێوەچوونی پێنج خولی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە ڤیێنا و لە بەرەبەرەی دەستپێکردنی خولی نوێی ئەو گفتوگۆیانەدا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا دڵنیا نییە کە ئایا ئێران دەیەوێت بەڵێنەکانی خۆی بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکات یان نا.

ئەمڕۆ سێشەممە هەشتی حوزەیرانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی تۆڕی میدیایی "ئێران ئەنتێرنەشنال" بڵاوی کردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە، لە کۆبوونەوەی ئەندامانی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا گوتی، “بە لەبەرچاوگرتنی کۆتاییهاتنی خولی پێنجەمی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڤیێنا و لە بەرەبەرەی خولی شەشەمی ئەو گفتوگۆیانەدا، ئەمریکا هێشتا دڵنیا نییە کە ئایا کۆماری ئیسلامیی دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ یان نا”. 

بلینکن وێرای ئاماژەکردن بە کۆتاییهاتنی خولی پێنجەمی گفتوگۆکان گوتی، "بەرپرسانی ئێران بە پێچەوانەی بانگەشەکانی خۆیان، هەڵسوکەوتیان دەرخەری ئەوە نییە کە بیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هێشتا مەیلێکیان لە خۆیان نەنواندووە کە نیشاندەری ئەوە بێت دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە". 

بلینکن لەو کۆبوونەوەدا وێرای ئاماژەکردن بە هەوڵی ئێران بۆ بەکارهێنانی ئامێرە پێشکەوتووەکان و پیتاندنی یورانیۆمی ٦٠٪ی، گوتی ئەو هەوڵانە ئێرانیان لە درووستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیکتر کردووەتەوە. 

بلینکن وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە پێشتر پێشبینی دەکرا ماوەی یەک ساڵ پێویستە تا ئێران بگاتە چەکی ئەتۆمی گوتی، لە ئێستادا ئەو مەودایە کەمتر بووەتەوە بۆ چەند مانگ و ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستا بەردەوام بێت ڕەنگە ئەو مەودایە کەم بێتەوە بۆ چەند هەفتە. 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەرەبەرەی دەستپێکردنەوەی شەشەمین خولی گفتوگۆکانی ڤیێنا بە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکای گوت، "سەرەڕای ئەو مەودا کورتەی کە ئێران لەگەڵ چەکی ئەتۆمی هەیەتی، بەڵام هێشتا تەنانەت نەگەیشتووینەتە قۆناغی جیبەجێکردنی دوو لایەنەی بەڵێنەکانمان". 

هاوکات ڕافائل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای بڕیاردان گوتی، ئێران وەک پێویست هاوکارییان ناکات و بە جدی لە "پەردەپۆشکردنەکانی کۆماری ئیسلامیی" نیگەرانین. 

ڕافائل گروسی گوتی: "ئێران هێشتا دەربارەی ئەو گەردە ئەتۆمییە کە لە سێ بنکەی ئەتۆمی تاران و ئیسفەهاندا دۆزراوەتەوە، وەک پێویست لەگەڵ ئاژانس هاوکاریی ناکات". 

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دوای قسەکانی ئەنتۆنی بلینکن بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی بایدن گرت و ڕایگەیاند جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، درێژە بە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر ئێران دەدات. 

لێدوانەکەی ئەنتۆنی بلینکن لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا، دوای کۆتاییهاتنی خولی پێنجەمی گفتوگۆکانی لە ڤیێنا، عەباس عەراقچی سەرپەڕستی شاندی دیپلۆماتکاری ئێران گوتی، ڕەنگە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بگەنە  ئەنجام. 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین