مانگى ده‌ستكرد هه‌ندێك وێنه‌ى گوماناوى ئێران بڵاو ده‌كاته‌وه‌ ئێران

نوچه‌نێت

کەناڵی تەلەڤزیونی فۆکس نیوز لە راپۆرتێکدا رایگەیاند دەستی بە چەند وێنەیەکی مانگی دەستکرد گەیشتووە کە لە بنکەی سەنجریان لە ئێران گیراون و دەرخەری هەندێ گۆڕانکاریی گوماناوین. پێشتر گومانی لەوە دەکرا لە بنکەی سەنجریان "دینامی بەرهەمهێنانی شەپۆلی شۆک" درڤوست دەکرێن کە رێگا دەدات چەکی ئەتۆمی بچووکتر دروست بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە نۆی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، ئەو ڕاپۆرتە کە دوێنێ سێشەممە بڵاو کراوەتەوە دەڵێت دوایین وێنەکانی مانگی دەستکردی Maxar دەری دەخەن لە ١٥ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا،  ١٨ ئۆتۆمبێل لەو بنکەیەدا سەرقاڵی چالاکی بوون. چالاکییەکانی ئەو بنکەیە هێدی هێدی پەرەیان سەند و رێگایەکی نوێ بۆ گەیشتن بەو بنکەیە کرایەوە، بەڵام لە مانگی ئازاری ٢٠٢١دا، بە تەواوەتی داپۆشرا.

ئەو راپۆرتە دەڵێت بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی دوو رێکخراوی هەواڵگریی، ئەوەی ئێستا لە وێنەکانی مانگە دەستکردەکاندا دەبینرێ، چەندین خەندەقی کەندراو و خەندەقی نوێن. 
بنکەی سەنجریان لە ٤٠ کیلۆمەتری تاران هەڵکەوتووە. ئەو بنکەیە لە کاتی بڵاوکردنەوەی زانیارییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن موسادەوە لە ساڵی ٢٠١٨ ئاشکرا بوو و پەردەی لەسەر لادرا.

رافائل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دوایین راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی باڵای بڕیاردان گوتویەتی پشکێنەرانی ئاژانس چوار شوێنیان لە ئێران دیاری کردووە کە تیایاندا شوێنەواری ئەتۆمی دۆزراوەتەوە و ئێران پێشتر ئاژانسی لە هەبوونی ئەو بنکانە ئاگادار نەکردبووەوە. بە گوتەی گروسی، ئێران لە سێ مانگی رابردوودا هیچ زانیارییەکی سەبارەت بەو بنکانە نەداوە، پرسیارەکان سەبارەت بەو دوو بنکەیە پشتگوێ خستوون و وەڵامی نەداونەتەوە و ئەو راپۆرتەی سەبارەت بە بنکەی چوارەم رادەستی کردووە بێ بەڵگەیە. گروسی گوتی ئەوە پێچەوانەی بانگەشەی عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران سەبارەت بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئاژانسە.

ئێران دەڵێت نایەوێت چەکی ئەتۆمی درووست بکات. بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی تر، بە تایبەت ئیسرائیل، لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران نیگەرانن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین