ئاژانسی وزەی جیهانی: خواستی جیهان بۆ وزە بە رێژەی ٪6 بەرزدەبێتەوە ئابووری جیهان
ئاژانسی وزەی جیهانی پێشبینی دەکات تا کۆتاییەکانی ساڵی 2022، خواستی جیهان بۆ وزە بگەڕێتەوە سەردەمی پێش کۆرۆنا

نوچەنێت

بە گوێرەی دواین راپۆرتی ئاژانسی وزەی جیهانی، کە لە 11/6/2021 بڵاو کراوەتەوە، خواستی جیهان بۆ وزە بە رێژەی ٪6 زیاد دەکات و تا کۆتاییەکانی 2022، ڕێژەی خواست دەگەڕێتەوە پێش سەردەمی کۆرۆنا.

ئاژانسی وزەی جیهانی ڕایگەیاند" هاوپەیمانی ئۆپێک پلەس، کە لە24 ئەندامی سەرەکی پێك هاتووە و ‌هەریەکە لە رووسیا و سعودیە سەرکردایەتیان دەکەن، پێویستیان بە زیادکردنی بەرهەمەهێنانی نەوت و گازی زیاترە، بۆ ئەوەی بتوانن خواستی جیهان دابین بکەن".

لە راپۆرتەکەی ئاژانسی وزەی جیهانیدا هاتووە، خواستی جیهان بۆ وزە تا کۆتاییەکانی ساڵی 2021، بە بڕی 5.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە، بەڵام گەشەی بەردەوامی خواست لە ساڵی 2022، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو برە بۆ 6.7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە لە ساڵی 2022ـدا، خواستی جیهانی لە رۆژێکدا بڕی 99.46 ملیۆن بەرمیل دەبێت.

ئەم هەڵکشانەی ئاستی خواستی جیهان بۆ وزە لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2020، بە هۆی لێکەوتە دژوارەکانی کۆرۆنا لەسەر کەرتی وزە، خواستی جیهانی بۆ وزە بە بڕی 8.64 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا داتەپاند و، زیانی زۆری بەر وڵاتانی بەرهەمهێن و پشت بەستوو بە سێکتەری نەوت گەیاند و بووە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنان لە لایان وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پلەس، بەڵام بواژنەوەی بازارەکان و زیادبوونی خواست، بووە هۆی بڕیاری زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت وگاز لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پلەس لە نیسانی 2021ـدا.

ئاژانسی وزەی جیهانی، هۆکاری زیادبوونی خواستی پێوەست دەکات بە زیادبوونی خواستی هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا و هیندستان لە زیاد بەکاربردنی بەنزین و جۆرەکانی تری وزە  بە تایبەت لە گەشتە ئاسمانییەکان  و هەروەها زیادبوونی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لە وڵاتانی ئەمریکای باکوور و باشوور.  بە واتایکەی تر، بەکاربردنی ڕێژەی ٪40ـی وزەی جیهانی لە لایان ئەم وڵاتانەوە، ڕێژەی خواست بەرزدەکەنەوە. واتە خواستی وڵاتانی زەریای هیندی ڕۆژانە بڕی 35.7 ملیۆن بەرمیل دەبێت و هەروەها وڵاتانی ئەمریکای باکوور و باشوور بڕی 30.3 ملیۆن بەرمیل و وڵاتانی ئەورووپا بڕی 13.7 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە دەبێت.

سەبارەت بە ئاستی خستنەڕووی وزە لە لایان وڵاتانی بەرهەمهێنەوە، ئاژانسی وزەی جیهانی رایگەیاند" ئاستی خستنەرووی وزە  بەبڕی 970 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیادیکردووە بۆ ئەوەی بگات بە 94.28 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە و تا ساڵی 2022 زیادبوونی خستنەرووی وزەی ئەمریکا بە بڕی 900 هەزار بەرمیل بڕی خستنەرووی وزە بۆ بازارەکان بەرز دەکەنەوە". هەروەها  ئەگەری دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و هەڵگرتنی سزاییەکان لەسەر کەرتی نەوتی ئێران، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی خستنەرووی وزەی بازارەکان بە بری 1.4 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە.

لە ماوەی 5 مانگی سەرەتای ساڵی 2021، ئاستی خستنەرووی وزە لە لایان وڵاتانی ئۆپێک بڕی 25.43 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، ئەمەیش دوای بەرزبوونەوەی ئاستی خستنەڕووە بە بڕی 370 هەزار بەرمیلی رۆاژنە، هاوکات ئاستی خستنەڕووی وزە لە دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێک، بڕی 63.51 ملیۆن بەرمیل بووە، دوای زیادبوونی 510 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین