داهـاتـووی نـەوت بەرەو کوێ؟!! ئابووری جیهان
ناوەندی زانیاری وزەی ئەمریکی EIA، پێشبینییەکانی بۆ داهاتووی نەوت تا ساڵی 2022 خستەڕوو.

نوچەنێت

ناوەندی زانیاری وزەی ئەمریکی EIA، ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا، پێشبینییەکانی، بۆ گەشەی خواستی جیهانی نەوت لە داهاتوودا خستەڕوو. لە شوباتی ڕابردوودا تێکڕای نرخی نەوتی برێنت 62 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک تۆمارکرد، جگە لەوەی بڕی 8 دۆلار بۆ هەربەرمیلێک هەڵکشا بەراورد بە شوباتی ساڵی ڕابردوو. ئەم بەرزبوونەوەی نرخەی نەوت لە کاتێکدایە، کە بوژانەوەی گەشەی ئابووری دوای لێکەوتەکانی کۆرۆنا و، خواستی جیهانی بۆ وزە بە گشتی و، نەوت بە تایبەتی بەرزکردەوە، هەروەها زیادبوونی وەرگرتنی ڤاکسین دژی کۆرۆنا لە وڵاتان و، ڕێککەوتنەکانی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک و ئۆپێک پلەس، بۆ هاوسەنگکردنی خستەڕووی نەوت، شەپۆلە سەهۆڵاوییەکەی تێکساس، فاکتەری سەرەکی بوون لە هەڵکشانی نرخی نەوت بەو شێـوەیە.

ئاستی بەرهەمهێنان

ناوەندی زانیاری وزەی ئەمریکی EIA، پێشبینیی دەکات بەرهەمی نەوتی خاوی ئۆپیک لە مانگی نیساندا، بە تێکڕای 25,3 میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بێت، ئەمەش هاوشێوەی پێشبینییەکانی ئەو ناوەندە بوو، بۆ  نەوتی ئەو ڕێکخراوە بۆ مانگی شوبات و ئادار، بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە لایەن وڵاتانی ئەندام بە بڕی 1,6 میلیۆن لە ڕۆژێکدا. هەورەها بە گوێرەی پێشبینییەکانی  EIAی بێت، بەرهەمی نەوتی خاوی ئۆپێک لە مانگی ئایاردا بۆ 26,6 میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە، ئەم زیادبوونە، دوای بڕیاری داهاتووی کۆبوونەوەی ئۆپێک پلەس دەبێت لە نیسانی داهاتوو، کە پێشبییی دەکرێت وڵاتان ڕێکبکەون بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان.

ئەو زیادبوونەوی بەرهەمهێنانی نەوتی برێنت، پێشبینییەکانی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی برێنتی ئۆپێک، بۆ تێکرای 27,9 میلیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە نیوەی ساڵی 2021ـدابەرزدەکاتەوە.

 تا ناوەڕاستی ساڵی 2021، خستنەڕووی بڕی نەوت لە لایەن وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێک زیاد دەکات.

نرخی نەوت لە داهاتوودا

کۆبوونەوەی 4 ی ئاداری ئۆپێک پلەس و، درێژەدان بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، نرخی نەوتی بۆ تێکڕای 67 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردەوە، واتە ئەو بڕیارە بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی برێنت بە ڕێژەی 4%، بەڵام ناوەندی EIA، پێشبینیی دەکات نرخی نەوت لە مانگی ئادار و نیسان لە نێوان 65 بۆ 70 دۆلار یاری بکات، ئەمەش بە واتای بەرزبوونەی ڕێژەی 10%ی، پێشبینییەکانی مانگی ڕابردوو دێت.

بە گشتی EIA پێشبینیی دەکات، لە ناوەڕاستی ساڵی 2021ـدا، تێکڕای نرخی نەوت 58 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر ببێت، ئەمەش دوای ڕاگرتنی هاوسەنگی بازاڕی نەوت دەبێت لە لایەن زلهێزە بەرهەمهێنرەکانەوە.

هەرچەندە بڕیاری خستنەڕووی نەوتی برێنت بۆ بازاڕەکان، خۆبەندە بە بڕیاری ولاتانی ئۆپێک و ئۆپێک پلەس، بەڵام EIA پێشبینیی دەکات بڕی نەوتی عەمبارکراو، تا نیوەی یەکەمی 2021 بە بڕی 1.2 میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزێت، دوای ئەوە لە نیوەی دووەمی هەمان ساڵ، ئاستی نەوتی عەمبارکراو بە بڕی 400 هەزار بەرمیل زیاد بکاتەوە، ئەو پێشبینییانە دەرخەری ئەو ئەنجامەن کە نرخی نەوت لە سەرەتاییەکانی 2022 بە 59 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر دەبێت. 

نیفۆگرافیکی نەوت لە ئێستا و داهاتوودا

بەکاربردنی نەوت

سەبارەت بە ڕێژەی بەکاربردنی نەوت لە جیهاندا، EIA  پێشبینیی دەکات کە ڕێژەی بەکاربردنی نەوت لە ساڵی 2021ـدا زیاد بکات، بە جۆرێک لە سەرەتایەکانی 2021 ئاستی بەکاربردنی نەوتی برێنت بڕی 95.9 میلیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکداوە، ئەم ڕێژەیش بڕی 1.6 میلیۆن بەرمیلی کەمترە بەراور بە ساڵی ڕابردوو، بەڵام گەشەی خواستی جیهانی بۆ نەوت، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بەکاربردن لە کۆی ساڵی 2021  بۆ 97.5 میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، واتە بڕی 5.3 میلیۆن بەرمیل زیاترە بەراورد بە ساڵی 2020. ئەمە جگە لەوەی پێشبینییەکان بۆ ئاستی بەکاربردن بۆ ساڵی 2022 بڕی 101.3 میلیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین