پسپۆڕێکی سەربازی: ئێستا لە قۆناغی شەڕی ساردی نێوان رووسیا و ئەمریکاداین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

گه‌له‌كه‌شتى شەشەمی ئەمریکی رۆژی هەینی ڕایگەیاند لەناوبەری مووشەکیی (لابوون Laboon) بەرەو دەریای رەش بەڕێکەوتووە بۆ ئەنجامدانی چەند ئۆپراسیۆنێک لەپێناو پاراستنی ئاساییشی دەریایی ناوچەکە.

ئەو کەشتییە سەربازییەی ئاماژەی پێکراوە، هەڵگری دوو مووشەکوەشێنی جۆری (ئیگیس)ە و دەتوانێ ٥٠ مووشکی تۆماهۆک هەڵبگرێت، هەروەک توانای بەکارهێنینی مووشەکی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمیی هەیە و ستافێکی ٣٣٧ کەسیشی لەسەرە.

ئیگۆر کۆرۆچینکۆ، پسپۆڕی سەربازیی رووس، باس لە ناردنی کەشتییە سەربازییە ئەمریکییەکە دەکات بۆ ئەو ناوچەیەی هاوسێی رووسیا و ئەگەرەکانی ئەنجامدانی هەراسانکاری.

کۆرۆچینکۆ دەڵێت، "ئەمەریکا دەیەوێت نماییشی هێز بکات و پشتیوانیی ئۆکرانیا بکات و ئاڵنگاری پیشانی رووسیا بدات، پێشووتریش کەشتییەکی ناتۆ هاتووە و لەو کاتەوە رووسیا چاودێریی جموجووڵەکانی دەکات".

پسپۆڕەکە هەروەها دەڵێت، "ئێستا قۆناغی تووندی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و رووسیایە و راستییەکی ژیانی ئەمڕۆمانە، بەڵام بڕوا ناکەم لەم نێوەندەدا ئەمریکا و ناتۆ کردەی هەراسانکەر بنوێنن، چونکە رووسیا بەشێوەی گونجاو هۆکارەکانی هەراسانکردن لەناودەبات، سەرانی ناتۆ ئەوە دەزانن".

لە هامان کاتدا، ئیگۆر کۆرۆچینکۆ باسی لە مانۆرە سەربازییە بەردەوامەکانی ناتۆ و ئۆکرانیا کرد و وایدەبینێ ئەمە ئامادەسازییە بۆ جەنگان دژی رووسیا، ئەمەش مانای وایە ئۆکرانیا پشتیوانیی ناتۆی هەیە.

پسپۆڕەکە وتیشی، "وا پێنج ساڵە ئەم کارانە دەکەن، ئەمەش جێگەی سەرسوڕمانە، پێویستە رووسیا پشت بە لۆجیکی هێز ببەستی و ئەگەر پێویستی کرد ئەم ئاڵنگارییانە لەناو ببات کە دژ بە ئاساییشەکەی دروست دەبن".

لای خۆیشییەوە وەزارەتی بەرگریی رووسیا جەختی کردوەتەوە کە کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەکە گەیشتووەتە دەریای رەش و دڵنیایی داوە کە گه‌له‌كه‌شتى رووسی چاودێریی جموجووڵەکانی دەکەن.

لە بەیاننامەی وەزارەتی بەرگریی رووسیادا هاتووە، "هێزەکان و گه‌له‌كه‌شتى دەریایی رووسیا لە دەریای رەش دەستیانکردووە بە چاودێریی جموجووڵەکانی که‌شتیی جەنگیی لابوون کە لە ١١ی حوزەیرانەوە گەیشتووەتە دەریای رەش".

ئەمریکاش وتوویەتی ئەو کەشتییە سەربازییە لە دەریای سپییەوە نێردراوە بۆ دەریای ڕەش بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی پرۆسەی دەریاوانی.کەشتییەکە هەم مووشەکی لەسەرە، هەم دژە مووشەک.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، چەند جارێک کەشتیی سەربازیی دیکەی ئەمریکی چوونەتە دەریای رەش و کەناراوەکانی رووسیا.

سه‌رچاوه‌: سپوتنیك

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین