ئێران: بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی پەلەمان نییە ئێران

نوچه‌نێت

عەباس عەراقچی، سەرپەرشتی شاندی دیپلۆماتکارانی ئێران لە گفتوگۆکانی ڤیێنا کە بە مەبەستی گەڕانەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لە ئارادان، پاش دوایین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی گوتی "ئێمە پەلەمان نییە و هیچ مۆڵەت و وادەیەکمان بۆ خۆمان دیاری نەکردووە".

ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، عەراقچی وێرای ئەوەی رایگەیاند دوورە لەم خولەدا بگەین بە رێککەوتن، گوتی، "پێویستە رێککەوتننامەیەکی باشمان هەبێت، رێککەوتننامەی باش کاتێ دەبێت کە نیگەرانییە جدییەکانمان بسڕدرێنەوە و بگەین بە ئامانجە سەرەکییەکانمان. بە بێ ئەوانە، هیچ رێککەوتنێک ناکەین".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی لە روانگەی وڵاتەکەیەوە "رێککەوتننامەیەک باشە کە پێداویستییە سەرەکی و گرنگەکانی ئێمە تیایدا رەنگ بداتەوە و ئەو هەڵوێستانەی کە تا ئێستا رامانگەیاندوون لە خۆ بگرێت".

بە گوتەی عەراقچی، لایەنی بەرانبەر دەبێ سەبارەت بە رێککەوتن بڕیار بدات و "بڕیارە دژوارەکە بدات و "کۆماری ئیسلامیی دڵنیا بکاتەوە ئەوەی لە ڕابردوودا ڕووی داوە لە داهاتوودا دووبارە نابێتەوە، ئەوە خاڵیکی زۆر گرنگە".

عەراقچی گوتی، "تا ئەو کاتەی پێویست بێت درێژە بە گفتوگۆکان دەدەین" و "ناتوانین پێشبینی بکەین خولی داهاتوو، دوایین خولی گفتوگۆکان دەبێت. ئێمە خولەکان ناژمێرین بەڵکو بەرژەوەندییەکانمان دەژمێرین".

شەشەمین خولی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان لە رۆژی شەممەوە لە ڤیێنا دەستیان پێ کردەوە.

دوای یەکەمین کۆبوونەوە، نوێنەری رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی دەقی کۆتایی ڕێککەوتنەکە چەند هەفتە کاتی پێویستە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە کۆتایی خولی پێنجەمی گفتوگۆکاندا کە بە بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا بەڕێوە دەچن، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندبوو دڵنیاین لە خولی داهاتووی گفتوگۆکانی ڤیێنا رێککەوتن دەکرێت.

ئامانجی گفتوگۆکان گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و جێبەجێکردنەوەی بەڵێنەکانی ئەو رێککەوتنە لە لایەن کۆماری ئیسلامییە.لەم گفتوگۆیانەدا نوێنەرانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، فەرەنسا، چین و ئێران بەشدارن. 
نوێنەرانی ئەمریکا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەو گفتوگۆیانەدا بەشدارن، چونکە رابەری ئێران گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا قەدەغە کردووە. بەرپرسانی ئەمریکیی لە هوتێلێک لە بەرانبەر شوێنی گفتوگۆکاندا دەمێننەوە. 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز نوێنەری یەکێتی ئەوروپا ئەو گفتوگۆیانەی بە " تۆکمە" وەسف کردووە و ئەڵمانیا داوای کردووە گفتوگۆکان خێراتر ببنەوە. 
گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئێمە لە پێشکەوتنداین بەڵام گفتوگۆکان تۆکمەن و چەند پرسێک و لەوانە چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ماونەتەوە". نوێنەری یەکێتی ئەوروپا گوتیشی ئامانجی ئەوان "دۆزینەوەی ڕێوشوێنەکانی نزیکبوونەوە لە رێککەوتنی کۆتایی لە رۆژانی داهاتووە".

رێککەوتنی ئەتۆمی چەندین سنووری بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دیاری کردبوو و ئامانج ئەوە بوو کە ئێران نەتوانێ دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. ئێران دەڵێت هەوڵی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین