ئیداره‌ى بایدن په‌له‌یه‌تى و له‌ ره‌ئیسى نیگه‌رانه‌ ئێران

نوچه‌نێت

بەرپرسێکی ئەمریکیی رایگەیاندووە ئیدارەی بایدن دەیەوێت لە شەش هافتەی داهاتوودا، واتە پێش گۆڕانی سەرۆک کۆمار لە ئێران و هاتنە سەر کاری کابینەی نوێ، لەگەڵ ئەو وڵاتە رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ بکات.

ئەمڕۆ شەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "رادیۆ زەمانە" بە گێڕانەوە لە ئاژانسی ئەکسیوس بڵاوی کردەوە، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتوویەتی ئەگەر گفتوگۆکان تا سەرەتای مانگی ئاب، کە بڕیارە رادەستکردنی دەسەڵات بە کابینەی نوێ لە ئێران ئەنجام بدرێت، درێژەیان هەبێت، دۆخەکە جێگای نیگەرانی دەبێت. 

ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، "ئەگەر ئێمە پێش پێکهێنانی کابینەی نوێ مامەڵە نەکەین، لەو بڕوایەدام گەیشتن بە رێککەوتن دژوارتر دەبێتەوە". 

ئەو هەواڵانە دوای ئەوەی بڵاو دەبنەوە کە تا رادەیەکی زۆر ئاشکرا بووە ئیبراهیم رەئیسی لە هەڵبژاردنەکاندا سەر دەکەوێت. لە هەڵبژاردنەکاندا بەرەی ریفۆرمخواز نوێنەرێکی ناسراویان نەبوو و هەموو کاندیدەکانی ئەو بەرەیە لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە رەت کرانەوە. 

ماوەیەکی زۆرە هەندێ لە شرۆڤەکاران و دیپلۆماتکارانی بەشداربووی گفتوگۆکانی ڤیێنا دەڵێن رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی رۆحانی لە بەراورد لەگەڵ کابینەیەکی نوێ، بە تایبەت بە سەرۆکایەتی رەئیسی ئاسانترە. 

تا ئێستا شەش خولی گفتوگوی ئەتۆمی لە ڤیێنا بەڕێوە چوون. ئەمریکا لەو گفتوگۆیانەدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە رێگای نوێنەرانی ئەوروپاوە بەشداری دەکات. 

عەباس عەراقچی، دیپلۆماتکاری باڵای ئێران، دوو رۆژ پێش ئێستا رایگەیاند هەرچەندە لە خولی شەشەمی گفتوگۆکاندا ناگەینە رێککەوتن، بەڵام ئێران نایەوێت کات بەفیڕۆ بدات و هەڵبژاردنەکان نابنە هۆی بەفیڕۆدانی کات. 

میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری رووسیا، هەفتەی رابردوو گوتی رەنگە تەنیا "چەند هەفتەیەکی تر" بۆ رێککەوتن مابێت. 

هایکۆ ماکس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش جەختی کردەوە "گەمە لە خولەکی زیادکراودا لە قازانجی کەس نییە". 

بەڵام رافائل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بە رۆژنامەی لا ریپۆبلیکا گوتی: "هەمووان ئاگادارن لەم قۆناغەدا، پێویستە چاوەڕوانی ئەوە بکەین روانگەی کابینەی نوێی ئێران روون بێتەوە". 

ئاژانسی هەواڵی ئەکسیوسی ئەمریکی گوتوویەتی دەسەڵاتگرتنی کەسایەتییەکی توندڕۆ وەک ئیبراهیم رەئیسی وەک پێویست نابێتە هەڕەشە لەسەر گفتوگۆکان. مەترسی گەورە درێژەدان بە گفتوگۆکان بە بێ هیچ پێشکەوتنێک و ناڕوونبوونی داهاتووە. 

ئەو بەرپرسە وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە ئێران پێداگرە لەسەر چارەسەرکردنی پرسە جێی ناکۆکییەکان، گوتی: "هەڵبەت من نامەوێ رەفتاری ئێرانییەکان پێشبینی بکەم، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەوێت بۆ ماوەی چەندین مانگ درێژە بە گفتوگۆ بێ دەستکەوتەکان بدات. پێم وایە ئێرانییەکانیش بەو جۆرە بیر دەکەنەوە". 

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە هەروەها گوتی، ئێرانییەکان بە لایەنی بەرانبەریان گوتووە هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە و پرۆسەی گفتوگۆکان ناگۆڕن. 

جێگای ئاماژەیە ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ئەمریکا خۆی بوارد لەوەی کە باس لە سەرەکیترین کێشەکان و پرسە جێ ناکۆکییەکانی گفتوگۆکانی ڤیێنا بکات، بەڵام گوتی لە بواری دیاریکردنی لیستێک لەو سزا و گەمارۆیانە کە پێویستە ئەمریکا هەڵیانبوەشێنێتەوە و ئەو کارانەی کە دەبێ ئێران ئەنجامیان بدات، پێشکەوتن هاتووەتە ئاراوە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین