پێشبینە نوێـــــــــیەکان بۆ نرخی نەوت ئابووری جیهان
ئاژانسی وزەی ئەمریکی پێشبینی دەکات، تا کۆتاییەکانی ساڵی 2021، نرخی نەوت لە نیوان 64 بۆ 68 دۆلار جێگیر ببێت، بەڵام لە 2022ـــدا نرخی نەوت لە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگر دەبێت، هۆکارەکەیشی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە لە لایان وڵاتانەوە

نوچەنێت

ئاژانسی وزەی ئەمریکی پێشبینی دەکات، زیادە بەرهەمهێنانی نەوت و جۆرەکانی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نرخی نەوت، هەروەها بەردەوامی  بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنان، دەبێتە هۆی هەڵكشانی  ڕێژەی خستنەرووی نەوت بەراورد بە نزمبوونەوەی بەکاربردنی نەوت، ئەمەیش دەبێتە هۆی خاوو بوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێلگەکان و دووبارە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتی برێنت و تەکساس.

بە گوێرەی دواین بڕیارەکانی ڕێکخڕاوی ئۆپێک پلەس، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە قۆناغی جودا زیاد دەکرێت، بە جۆرێک زیاتر نەبێت لە 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە تا سەرەتاییەکانی تەمووزی 2021، لەو بارەیەوە ئاژانسی وزەی ئەمریکی پێشبینی دەکات تا کۆتای ئەمساڵ، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک تەنیا 26.9 ملیۆن بەرمیل بێت، بەڵام ئەو رێژەیە تا ساڵی 2022، بۆ زیاتر لە 28.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەبێتەوە.

هەرچی تایبەتە بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا، ئاژانسی وزەی ئەمریکی پێشبینی دەکات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا بۆ زیاتر لە 10.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبێتەوە، بەڵام لە ساڵی 2022، ئەو رێژەیە بۆ 11.5 ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات.

سەبارەت بە نەوتی ئەمریکا، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا  لە مانگەکانی رابردوودا زیادیکردووە، و پێشبینی دەکرێت تا کۆتای سال بەردەوام بێت لە هەڵکشان، هاوکات نرخی نەوتی تەکساس لە سەرەتای ساڵ تا ئایاری ڕابردوو، لە 52 دۆلار بۆ 65 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبوویەوە.

ئاژانسی وزەی ئەمریکی پێشبینی دەکات تا کۆتاییەکانی ساڵ، ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا دەگات بە 11.4 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەیش بەرزترین ئاست دەبێت بەراورد بە سەرەتاییەکانی ساڵی 2020، بەڵام ئەو ڕێژەیە تا ساڵی 2022 بۆ زیاتر لە 11.8 ملیۆن بەرمیل بەرزدەبێتەوە.

لە پێنج مانگی سەرەتای 2021ـــدا، بەراورد بە ساڵی 2020، نرخی نەوت بەرزترین ئاستی تۆمار کردووە، بە جۆرێک بە رێژەی ٪35 بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبوویەوە بۆ ئەوەی بگات بە تێکڕایی 71 دۆلار، بەڵام ئاژانسی وزەی ئەمریکی پێشبینی دەکات  تا ئەیلول، نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک لە 68 دۆلار جێگیر بێت، بەڵام تا کۆتای ساڵ نرخی نەوت بۆ 64 دۆلار بۆ هەربەرمیلێک نزم دەبێتەوە. لە هەمانکاتدا بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە ساڵی 2022، نرخی نەوت نزمدبێتەوە ، وپێشبینی دەکرێت بگات بە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەو پێشبینیانەی ئاژانسی وزەی ئەمریکی بۆ نرخی نەوت، لەسەر بنەمای ئاستی خواست و خستەڕووی نەوت لە نیوەی دووەمی 2021ـــدا خراونەتە ڕوو، هەرچەندە ئاژانسەکە پێشبینی دەکات نرخەکانی نەوت بە گوێرەی رێککەوتنەکانی رێکخراوی ئۆپێک پلەس گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، ئەمە جگە لەوەی گەرانەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، دەبنە هۆی گۆڕان لە نرخەکان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین