هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئێران ده‌وه‌ستێت ئێران

نوچه‌نێت

هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆكایه‌تى ئێران و ئەنجومەنەکانی شار و گوندەکان لە ئێران لە کاتژمێر حه‌وتى بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە ١٧ی حوزەیران) کۆتاییان پێهات. بڕیارە هەڵبژاردنەکان سبەینێ (هەینی ١٨ی حوزەیارن) بەڕێوە بچن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، عەبدولناسر هێمەتی، تاقە کاندیدێک کە سەربە بەرەی موحافیزەکاران نییە لە نامەیەکدا بۆ رای گشتی، داوای لە خەڵک کرد لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن  و گوتی "دەنگنەدان بە واتای دەسەڵاتگرتنی دەسەڵاتخوازان بە کەمترین رێژەی دەنگە". هێمەتی لەو نامەیەدا داوای لە خەڵک کرد: "ناڕازی بن بەڵام هەڵبژاردنەکان بایکوت نەکەن".

ئەو نامەیە لە کاتێکدا نووسراوە کە موحسین مێهر عەلیزادە، کاندیدی نزیک لە ریفۆرمخوازان کە لە هەڵمەتەکان کشایەوە، پشتیوانی لە هێمەتی نەکرد.

حەسەن قازی زادە هاشمی، کاندیدێکی تری سەر بە بەرەی موحافیزەکار، وێرای رەتکردنەوەی کشانەوەی خۆی، هەڕەشەی لە ئاژانسى دەنگ و رەنگی ئێران کرد بە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە، سکاڵا لە دژی تۆمار دەکات.

موحسین رەزایی، یەکێکی تر لە کاندیدەکان، لە دوایین رۆژی هەڵمەتەکاندا بەڵێننامەیەکی ئیمزا کرد کە تێیدا نووسراوە، ئەگەر ببێتە سەرۆک کۆمار و دوای دوو ساڵ بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد، لەو پۆستە دەکشێتەوە. ئەو بەڵێننامەیە سەرنجی میدیاکانی ناوخۆی ئێرانی راکێشاوە و بە دیاردەیەکی سەیری دەزانن.

ئەنجامی دوایین راپرسی "ناوەندی راپرسی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) دەرخەری ئەوەیە نزیکەی ٣٣٪ی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکەن. بەگوێرەی ئەو راپرسییە، ئیبراهیم رەئیسی ٧/٦٣٪، موحسین رەزایی ٩/٨٪، عەبدولناسر هێمەتی ٢/٤٪ و قازی زادە هاشـی ٣٪ دەنگەکان بە دەست دێنن.

سەرەڕای ئەوەی چەندین لایەن لەم رۆژانەی دواییدا هەوڵیان داوە بە دەربڕینی پشتیوانی خۆیان لە کاندیدە جیاوازەکان خەڵک هان بدەن لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن، بەڵام هێشتا دەنگی بایکوتکردن بەرزترە.

عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران وێرای دانپێدانان بە بەشدارینەکردنی خەڵک، گوتوویەتی پەتای کۆرۆنا و هەڵوێستەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور هۆکاری بەشدارینەکردنی خەڵکن.

گوتەبێژی بنکەی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە ئەنجامی دەنگەکان تا نیوەڕۆی شەممە ١٩ی حوزەیران رادەگەیێندرێن.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین