ئیبراهیم رەئیسی چۆن له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ده‌ڕوانێت؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

"راشکاوانە بڵێم،بێ گومان ئێمە رێز لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەگرین ، واتە ئەو رێککەوتنەی کە نۆ بەند لەخۆ دەگرێت و رابەری کۆماری ئیسلامیی پەسندی کردووە. وەک رێککەوتن و بەڵێنێک سەیری دەکەین کە پێویستە دەوڵەتەکان پابەندی بن".

رەنگە ئەو گوتەیەی سەرەوە گرنگترین بەشی قسەکانی ئیبراهیم رەئیسی بن لە میانەی سێیەمین دیبەیتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کە لە ئاژانسى دەنگ و رەنگی ئێران بڵاوكرایه‌وه‌. ئەوە یەکێک لەو جارە دەگمەنە بوو کە ئیبراهیم رەئیسی "کە بەگوێرەی راپرسییەکان دەبێتە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران" چەند قسەیەکیشی دەربارەی سیاسەتی دەرەوە کرد. هەڵبەت بە پێچەوانەی ئەوەی زۆر کەس وێناى دەکات، بە ئاشکرا رایگەیاند پشتیوانی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ دەکات.

به‌گوێره‌ى راپرسییه‌كان ئیبراهیم ره‌ئیسى
سه‌رۆكى داهاتووى ئێران ده‌بێت


قسەکانی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران لە کاتێکدا دێن کە لە هه‌شتى ساڵی رابردوودا، موحافیزەکاران و ئەو رەوتە سیاسییەی کە پاڵپشتی لە رەئیسی دەکەن، بەردەوام دژایەتی خۆیان لەگەڵ رێککەوتنی ئەتۆمی نیشان داوە و بەهۆی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، سەرکۆنەی کابینەی حەسەن رۆحانییان کردووە.
بەڵام ئەوە تاقە خاڵێک نەبوو کە دەری دەخست روانگەی رەئیسی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە گۆڕدراوە. رەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا بە پێچەوانەی کاندیدەکانی تری بەرەی موحافیزەکار کە بە چڕی دژایەتی ئەندامبوون لە گرووپی تایبەتی دارایی (FATF) دەکەن، هەڵوێستێکی جیاوازی نواند.
رەئیسی لەو بارەوە روو لە عەبدولناسر هێمەتی [کاندیدی نزیک لە بەرەی ریفۆرمخوازان کە گوتی رەئیسی دژایەتی ئیمزا کردنی FATF دەکات] گوتی: "ئێوە چۆن زەینی منتان خوێندەوە و زانیتان روانگەی من سەبارەت بە FATF چییە؟ بە بڕوای من FATF رێککەوتننامەیەکە کە زۆرێک لە بەشەکانی هەر ئێستا لە وڵاتماندا جێبەجێ دەکرێن و تەنیا یەک، دوو خاڵی تێدایە کە جێگای مشتومڕن و لە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی تاوتوێ دەکرێن".

ئەو کاندیدەی سەرۆک کۆماریی لە درێژەى قسه‌كانى گوتی، "ئێمە لە بازنەی بەرژەوەندییەکانی گەلداین. ئەگەر بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان نەک هەر لەو رێککەوتننامەیەدا بەڵکو لە چوارچێوەی هەر رێککەوتننامەیەکی تردا دابین بكرێن، بێ گومان روانگەی ئێمە سەبارەت بەو رێککەوتننامە ئەرێنییە، ئەگەریش بەرژەوەندییەکان دابین نەبن، بێ گومان روانگەمان نەرێنییە".
ئەو قسە چاوەڕواننەکراوانەی رەئیسی نەک هەر چاودێرانی سیاسیی، بەڵکو ئەو کاندیدانەیش کە لە دیبەیتەکەدا بەشدار بوون تووشی شۆک کرد. 
سەعید جەلیلی ئەو کاندیدە توندڕۆیە کە چەندین ساڵە چالاکی بەربڵاو لە دژی رێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجام دەدات، زۆر بە خێرایی لە بەرانبەر ئەو روانگەیەی رەئیسی کاردانەوەی نیشان دا. جەلیلی کە پێشتر یەکێک بوو لە دیپلۆماتکارانی ئەتۆمی ئێران، لە بەشێک لە قسەکانی خۆیدا گوتی، "من راشکاوانە سەبارەت بە FATF قسە بکەم. پێویست ناکات لەوە تێبگەین ئایا ئەوە لە قازانجی ئێمەیە یان نا. من بە دڵنیاییەوە دەڵێم واژۆکردنی کۆنڤانسیۆنەکان هیچ قازانجێکی بۆ وڵاتی ئێمە نییە. ئامادەم لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ هەر کەسێک بیەوێت باس و دیبەیت بکەم".

ره‌ئیسى كه‌مترین قسه‌ى له‌سه‌ر سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران كردووه‌


جەلیلی دەربارەی رێککەوتنی ئەتۆمیش گوتی، "رێککەوتنی ئەتۆمی بەڵگەی داواکاریی ئێرانە نەک قەرزداری. ئێمە تێچووی رێککەوتنی ئەتۆمیمان داوە و دەبێ ئێستا داواکار بین. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کێ دەتوانێ داواکارێکی باش بێت؟ ئەو کەسەی کە هەم شارەزای پرسە جیهانییەکان و هەم پرسە ناوخۆییەکان بێت". 
رەنگە ئەوە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان رەئیسی و جەلیلی لە سیاسەتی دەرەوەدا بێت. لە کاتێکدا پێشتر زۆربەی شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدا بوون جەلیلی لە قازانجی رەئیسی دەکشێتەوە و سەرپه‌رشتی وەزارەتی دەرەوەی کابینەی رەئیسی پێ دەسپێردرێت، بەڵام ئێستا کەلێنێکی گەورە نەک هەر لەنێوان رەئیسی و جەلیلی بەڵکو لەناو رەوتی موحافیزەکارانی ناو پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر و هێزە سەربازییەکان و هەروەها میدیاکانی نزیک لە بەرەی توندڕۆی ئەو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە.
هەڵبەت رەئیسی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا زۆر بە کەمی دەربارەی سیاسەتی دەرەوە قسەی کردووە، بۆیە پێویستە بە گومانەوە باسی سیاسەتی دەرەوەی بکرێت.
ئەو کاندیدەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی، هەر ئەو چەند جارەیش کە دەربارەی رێککەوتنی ئەتۆمی قسەی کردووە، هەوڵی داوە "رۆڵی رابەری کۆماری ئیسلامیی" زەق بکاتەوە و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە گرێ بداتەوە بەوەی کە رابەری ئێران پەسندی بکات. سەرەڕای ئەوە رەنگە رەئیسی بە باشی لەوە ئاگادار بێت کە بەشێکی بەرچاو لە دامودەزگا و رێکخراوەکان هاوتەریبەکانی دەرەوەی حکومەت [بۆ نموونە سوپای پاسداران]، لە ساڵانی رابردوودا لە هەموو شێوازێک کەڵکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی شکست بە رێککەوتنی ئەتۆمی بێنن.
جەواد زەریف لە بەشێک لە دیمانەکەیدا لەگەڵ سەعید لەیلاز کە لە میدیاکاندا بڵاو کراوە، دەڵێت، " هەر ئەوەندە بەسە چاو بخشێنن بە قۆناغی نێوان سەفەری قاسم سلێمانی بۆ رووسیا تا رۆژی جێبەجێبوونی رێککەوتنی ئەتۆمی. سەیر بکەن لەو ماوەیەدا کە نزیکەی شه‌ش مانگ بوو، چی روویدا کە رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ نەکرا". 
بەو وەسفە، ئایا رەئیسی کەسایەتییەکی سەربەخۆیە و لەگەڵ رێکخراوە هاوتەریبەکانی دەرەوەی حکومەت پەیوەندی نییە کە ئەو روانگەیە سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی گرتووەتەبەر؟ یان بە پێچەوانەوە، ئەو رێکخراوانە کە لە سەردەمی کابینەی رۆحانیدا هەوڵیان دەدا لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی رێگری بکەن، روانگەی خۆیان گۆڕیوە؟.
رەنگە بەشێکی تر لە قسەکانی رەئیسی لە دیبەیتەکەی رۆژی شەممەدا یارمەتی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بداته‌وه‌. واتە ئەو کاتەی کە سەرۆکی دەزگای داد روو لە هێمەتی و کابینەی رۆحانی گوتی: "بەڕێزان، ئێوە ناتوانن رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکەن. دەبێ حکومەتێکی بەهێز جێبەجێی بکات. هێزی دەرەکی، درێژەی هێزی ناوخۆییە". 
بۆیە رەنگە بتوانین بەو جۆرە وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە کە مەبەستی رەئیسی و ئەو بەرەیە کە پشتیوانی لێ دەکەن ئەوەیە کە ئەوان دەتوانن باشتر لە کابینەکەی رۆحانی رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکەن. ئەگەر ئەوە روو بدات، دەتوانێ کۆتایی بە بەشێکی بەرچاو لە دژایەتی و گێرەشێوێنییە رێکخراوەییە ناوخۆییەکان لە دژی ئەو رێککەوتنە بێنێت. جەختکردنەوەی رەئیسیش لەسەر هێزی ناوخۆییش دەتوانێ نیشانەیەک بێت لە روانگەی کابینەکەی سەبارەت بەو پرسە.

به‌ پێچه‌وانه‌ى موحافیزكاره‌كان
ره‌ئیسى پاڵپشتى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ده‌كات


بەڵام ئەگەر وای دابنین قسەکانی رەئیسی راستن و بەو جۆرەی کە لە دیبەیتەکاندا باسی کردووە، بە راستی هەوڵ دەدات رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکات، لەگەڵ کام بەرە دەتوانێ ئەو سیاسەتە جێبەجێ بکات؟ بەرەی موحافیزەکار و لایەنگرانی رەئیسی لە ساڵانی رابردوودا بەوە خوویان گرتووە کە هیچ شتێک لە رابەران و سەرۆکەکانی خۆیان نەبیستن جگە لە دژایەتیکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی. لە ئاوا ژینگەیەکدا چۆن دەتوانن رووبەڕووی ئەو لێکدژییە ببنەوە؟ لە لایەکی ترەوە، ئایا رەئیسی ئەگەر قسەکانی راست بن، دەتوانێت لە بەشێک لە بەرەی موحافیزەکار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام رەخنەیان لێ گرتووە، کەڵک وەربگرێت؟. رەنگە چارەسەرکردنی ئەو لێکدژییە بۆ بەرەی موحافیزەکار و توندرۆ ببێتە تەحەدایەکی جدی.
کۆی ئەو پرسیارانە و هەروەها ئەوەی کە رەئیسی مەیلێکی ئەوتۆی بۆ باسکردن دەربارەی سیاسەتی دەرەکی نییە بووەتە هۆی ئەوەی گومانی زۆر دەربارەی ناوەڕۆک و شێوازی دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی ئەو کاندیدە بێنە ئاراوە.
لێکدانەوەی لێدوانەکانی رەئیسی دەرخەری ئەوەیە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە کەمترین قسەی کردووە. رەئیسی رۆژی ١٥ی ئایار، لە کاتی تۆمارکردنی ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان لە باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی ئێراندا، تەنیا یەک رستەی دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی کابینەی خۆی گوت، "سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی بریتییە لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو وڵاتان و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ. لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دوژمنایەتی نەکەن، پەیوەندیمان دەبێت ئەویش پەیوەندی دۆستانە و ئابڕوومەندانە و  لە پێگەی هێزەوە".
هەروەها رۆژی ١٦ی ئایار، لە ئەکاوەنتی تویتەر نووسی: "پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەرنامەی سیاسەتی دەرەوەی کابینەی من دەبێت". 
رەئیسی لە دیبەیتەکانیشدا، دەربارەی سیاسەتی دەرەکی قسەی زۆری نەکرد و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی دۆخی ئابووری و چەند پرسی هاوشێوە، تەوەری سەرەکی باسەکانی بوون.
دوایین جار کە کاندیدێک تا ئەو رادەیە سیاسەتی دەره‌وەی پشتگوێ خستبێت، محەمەد باقر قاڵیباف لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٧ بوو. قاڵیباف لە میانەی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی خۆی لە ٢٨ی ئایاری ٢٠١٣، گوتی: "سیاسەتی دەرەوە لە دەسەڵاتی حکومەت و سەرۆک کۆماردا نییە. ئەگەر کەسێک بڵێت من دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا سیاسەتی دەرەوە بە تەواوەتی دەگۆڕم، بێ گومان بانگەشەیەکی پێچەوانەی راستییەکانی کردووە. لە کوێی دەستووردا ئەو دەسەڵاتە بە سەرۆک کۆمار دراوە بڵێت من لە سیاسەتی دەرەوەدا فڵانە بڕیار دەدەم". 
ئەو روانگەیە بۆ سیاسەتی دەرەوە دەتوانێ لەو سیاسەتە سەرچاوەی گرتبێ کە عەلی خامنەیی بڕوای پێی هەیە. رابەری ئێران رۆژی١٣ی ئایاری ٢٠٢١، وەک کاردانەوەیەک لە بەرانبەر قسەکانی جەواد زەریف سەبارەت بە داڕشتنی سیاسەتی دەرەکی گوتی: "پێویستە هەمووان لەوە ئاگادار بن کە سیاسەتی دەرەوە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا پەیوەندی بە کۆڕ و کۆمەڵ و ئەنجومەنە باڵادەستەکان و بەرپرسانی باڵای وڵاتەوە هەیە. ئەو ئەنجومەنە باڵادەستانەن کە سیاسەتی دەرەوە دیاری دەکەن... وەزارەتی دەرەوە ئەو بڕیارانە جێبەجێ دەکات، لێرەدا و لە وڵاتی ئێمەشدا هەر بەو جۆرەیە".

بە هەر حاڵ، دەبێ چاوەڕوان بین تا بزانین ئایا بەو جۆرەی راپرسییەکان دەری دەخەن ئیبراهیم رەئیسی دەبێتە براوەی ئەو هەڵبژاردنانە کە گرووپ و لایەنە جۆراوجۆرەکان بایکوتیان کردووە یان نا. دوای ئەوە دەردەکەوێت کە ئەو و کۆماری ئیسلامیی چی لە سیاسەتی دەرەوە دەکەن. گەرچی ره‌نگە هەر لە ئێستاوە پێشبینی ئەوە بکرێت کە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران، ئەمجارە رۆڵێکی ئەوتۆی لە پرۆسەی بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتەکانی دەزگای دیپلۆماسی ئێران، نابێت.

 

سەرچاوە: یورۆنیوز

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین