ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی: تا دوو مانگی تر هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکرێت ئێران

نوچه‌نێت

لە کاتێکدا خولی شەشەمی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە ڤیێنا لە ئارادان، رافائل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ پێویستە چاوەڕوانی پێکهاتنی کابینەی نوێ لە ئێران بین. گروسی جەختی کردەوە گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ، پێویستی بە ئیرادەی سیاسیی هەموو بەشداربووان لە گفتوگۆکاندا هەیە.

رۆژی چوارشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەربیە فارسی" بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئیتاڵی "La Repubblica" لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان گەیشتوونەتە چ خاڵێک؟ وێرای ئاماژەکردن بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایه‌تى ئێران کە بڕیارە رۆژی هەینی (١٨ی حوزەیران) بەڕێوەبچن، گوتی: "هەمووان ئاگادارن سەبارەت بەو بابەتە، دەبێ چاوەڕوانی کابینەی نوێی ئێران بین".

گروسی جەختی کردەوە: "لە گفتوگۆکاندا مشتومڕ دەربارەی پرسە تەکنیکییە ئاڵۆز و هەستیارەکان کراوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەموو لایەنەکان ئیرادەی خۆیان بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی داهاتوو نیشان بدەن".

لە لایەکی ترەوە، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند چاوەڕوان دەکرێ سەرۆک کۆماری داهاتوو، کابینەی نوێی خۆی لە ناوەڕاستەکانی مانگی تەمووز پێک بێنێت. ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی سەرۆک کۆماریی حەسەن رۆحانی لە سێی تەمووزدا کۆتایی پێدێت و بۆیە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا، تا دوای ئەو رێکەوتە درێژەیان دەبێت.

جێگای ئاماژەیە خولی شەشەمی گفتوگۆکان، رۆژی شەممەی رابردوو دەستیان پێ کرد. واتە ئەو گفتوگۆیانە کە لە مانگی نیسانەوە دەستیان پێکردووە و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە شێوەی راستەوخۆ لە گفتوگۆکاندا بەشدار نییە، بەڵام بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەربارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و ناردنی پشکێنەرانی نێودەوڵەتی بۆ ئەو وڵاتە، بانگهێشت کراوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین