له‌سه‌ر گفتوگۆكان هۆشدارى به‌ ئێران ده‌درێت ئێران

نوچه‌نێت

دیپلۆماتكارە ئەوروپییەکان هۆشدارییان بە ئێرانیان داوه‌ و دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بۆ هەمیشە بەردەوام نابن.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندی ئێران و ئەمریکا بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان ئەنجام دەدرێن، نزیکەی سێ مانگە ئەو گفتوگۆیانە لە ئارادان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە. دوای ئەوە ئەمریکا چەندین گەمارۆی قوڕسی خستەسەر ئێران. ئیدارەی ترەمپ هیوادار بوو بە سەپاندنی ئەو سزا و گەمارۆیانە بتوانێ ئێران ناچار بکات مەرجەکانی ئەو وڵاتە بۆ رێککەوتنێکی نوێ قەبووڵ بکات.

ئێران مەرجەکانی ئەمریکای رەت کردەوە و لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکادا خۆڕاگری کرد. هاوکات بڕیاری دا هەنگاو بە هەنگاو لە رێککەوتنەکە بکشێتەوە.

گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئەم دواییانەی ئێران و وڵاتانی جیهان بە مەبەستی گەڕانەوەی تاران و واشنتۆن بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، بە دەسەڵاتگرتنی جۆ بایدن لە کۆشکی سپی دەستیان پێکرد.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاندووە ئەوروپییەکان هۆشدارییان بە ئێران داوە، بە گێڕانەوە لە دوو دیپلۆماتكاری تر کە لەو گفتوگۆیانەدا بەشدارن نووسیویەتی گفتوگۆکان نزیکەی ١٠ رۆژ دەوەستن.

سێ وڵاتی ئەوروپی، واتە ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا وەک نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن. تاران و واشنتۆن بە شێوەی راستەوخۆ گفتوگۆ ناکەن. ئەو سێ وڵاتە یاداشتێکیان بە رۆژنامەوانان داوە کە تیایدا نووسراوە: "بەو جۆرەی پێشتر گوتبوومان، بەفیڕۆدانی کات لە قازانجی هیچ لایەنێک نییە. ئەم گفتوگۆیانە ناتوانن بۆ هەمیشە بەردەوام بن و خاڵی کۆتاییان نەبێت". ئەوروپییەکان گوتوویانە هێشتا رێگایەکی دوورودرێژ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ماوەتەوە.
جیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لەمیانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ "ئەى. بی. سی"، گوتی سەرەڕای ئەوەی دەربارەی پرسە سەرەکییەکان و لەوانە گەمارۆکان و ئەو هەنگاوانەی ئێران دەبێ بیانهاوێژێت رێگایەکی دوورودرێژ لەبەردەممانە، بەڵام ئاراستەکە دروستە و "دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئێران ئامادەیە بڕیارە سەختەکە بدات یان نا".  

سەرکەوتنی ئیبراهیم رەئیسی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەی زۆر کەس رەشبینانە بڕواننە گەڕانەوەی ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی. رەئیسی لە بەرەی موحافیزەکارانی ئێرانە. گەرچی رەئیسی رایگەیاندووە ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی بەو حاڵەش زۆر کەس لەو بڕوایەدان رەئیسی وەک رۆحانی پراگماتیست نییە و گومانیان هەیە کە رێککەوتن ئەنجام بدرێت.

جیک سۆلیڤان، لە میانەی دیمانەکەیدا گوتوویەتی، "ئەمریکا نیگەرانی ئەوە نییە چونکە لە کۆتاییدا ئەوە رابەری کۆماری ئیسلامییە کە دەبێ بڕیاری کۆتایی بدات، نەک سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە".

هاوکات جوزف بورل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە بەیرووت بە رۆژنامەوانانی گوت رێککەوتن "زۆر نزیکە"، سەرەڕای ئەوە "لەم گفتوگۆیانەدا، کات بەرەو کۆتایی دەچێت".

بورل هەروەها گوتی، "ئێمە سەرمایەکی سیاسیی زۆرمان خەرج کردووە بۆیە هیوادارین ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەبێتە هۆی تێکدانی گفتوگۆکان، هەڵبەت تا ئەو جێگایە من ئاگادارم بەو جۆرەیش نابێت و تێک ناچن".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین