عەراقچی: هەڵویستی ئێران دەربارەی گفتوگۆكان دوای گۆڕانی کابینەیش ناگۆڕدرێت ئێران

نوچه‌نێت

عەباس عەراقچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی دیپلۆماتکارانی ئێران لە ڤیێنا گوتوویەتی، "ئیبراهیم رەئیسی کەسایەتییەکی زۆر واقیعبین و لۆژیکییە و هەڵوێستی ئێران دوای گۆڕانی کابینەیش ناگۆڕدرێت".

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە، عەباس عەراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ "ئێن ئێچ کەی" هیوای خواستووە گفتوگۆکانی ڤیێنا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە سەردەمی کابینەی حەسەن رۆحانیدا بگەنە ئەنجام.

عەراقچی لەو دیمانەیەدا ئاماژەی کردووە کە گفتوگۆکانی ڤیێنا زیاتر لە هەموو کات لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە و دیپلۆماتکاران بڕیاریان داوە کۆتایی بێنن بەم خولەی گفتوگۆکان نەک هەر بۆ راوێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکانیان بەڵکو بۆ بڕیاردانی کۆتایی.

سەرەڕای ئەوە عەراقچی جەختی کردەوە پاراستنی بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی، پرسێکە کە بۆ ئەو وڵاتە گرنگە و گوتی، " بەشی دژواری گفتوگۆکان ماونەتەوە".

هەروەها یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی و سەرۆکی شاندی دیپلۆماتکاران لە گفتوگۆکانی ڤیێنا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە تایبەتەمەندییەکانی "ئیبراهیم رەئیسی" سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران گوتی، "رەئیسی زۆر واقیعبین و لۆژیکییە و هەڵوێستی ئێران تەنانەت دوای رادەستکردنی کابنیەیش ناگۆڕدرێت".

عەراقچی رۆژی رابردوو دوای کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی وێرای ئاماژه‌دان بەوەی کە هەوڵ دەدەن بگەنە رێککەوتنێکی باش، سەبارەت بە گفتوگۆکان گوتی، "گەیشتوونەتە کۆتایی، بەڵام ئەو رێگایەش ماوەتەوە ئاسان چارەسەر ناکرێن".

کۆبوونەوەی کۆمیسیونی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی بە مەبەستی راگەیاندنی ئەنجام و بڕیارەکانی شەشەمین خولی گفتوگۆکانی ڤیێنا، دوێنێ (یەکشەممە ٢٠ی حوزەیران) بە بەشداری شاندەکانی ئێران و گرووپی ١+٤ و نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە "گرەند هۆتیل" لە شاری ڤیێنا بەڕێوە چوو.

ئەو کۆبوونەوە بە سەرپەرشتی "ئەنریکە مورا" یاریدەدەری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو و تیایدا سەرۆکانی شاندەکان وێرای دەربڕینی رەزامەندی خۆیان لە هەوڵە بەردەوامەکان، تێبینییەکانی خۆیان دەربارەی دوایین خولی گفتوگۆکان خستەڕوو.

بە پێی راگەیێندراوی پێشوەخت، شاندەکان بە مەبەستی راوێژکاری و بڕیاردان دەگەڕێنەوە بۆ پایتەختی وڵاتانی خۆیان و  لە ئێستادا دیار نییە خولی داهاتووی گفتوگۆکان کەی دەست پێدەکەنەوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین