ئێران داواى كاتى زیاتر ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

ئێران تا واده‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى کابینەی ئیبراهیم رەئیسی خولی حەوتەمی گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، دەست پێ ناکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچەولە" بە گێرانەوە لە نیویۆرک تایمز بڵاوی کردووەتەوە، کۆماری ئیسلامی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای ئاگادار کردووەتەوە، پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی لە سەرەتای مانگی ئاب، ئامادەیی ئەوەی نییە گفتوگۆکانی ڤیێنا دەست پێ بکاتەوە. 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش جەختی کردووەتەوە، ئێران بە هۆی "رادەستکردنی دەسەڵات"، داوای کاتی زیاتری کردووە. ئەو گوتەبێژە رایگەیاندووە: "ئێمە ئامادە بووین گفتوگۆکان دەست پێ بکەینەوە، بەڵام ئێرانییەکان بە هۆی رادەستکردنی کابینە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی، داوای کاتێکی زیاتریان کرد". 
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماریی ئێران، دوێنێ چوارشەممە ١٤ی تەمووز، گوتی: " دەرفەتێکی زێڕینیان لە کابینەکەی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن گرتەوە". رۆحانی هەروەها هیوای خواست، کابینەی ئیبراهیم رەئیسی گفتوگۆکان بگەیێنێتە ئەنجام. 
تا ئێستا شەش خول لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، لە ڤیێنا، پایتەختی نەمسا بەڕێوە چوون، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. 
بە گوتەی میخائیل ئولیانۆف، نوێنەری رووسیا لە کۆمیسیۆنی هاوبەشی رێککەوتنی ئەتۆمی، چەندین پرس، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر عەلی خامنەیی و دامەزراوەکانی بەیتی رابەری کۆماری ئیسلامی و وەرگرتنی بەڵێنی نووسراوە لە ئەمریکا بۆ نەچوونەدەرەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی لە داهاتوودا، بێ چارەسەر ماونەتەوە و پێویستە لەسەر ئەو پرسانە رێکبکەون.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین