ئەڵمانیا: ڕەئیسی دەستى هەیە لە تاوانی لەسێدارەدانەکان ئێران

نوچەنێت:

شتیفن زایبێرت، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئاگاداری ئەوەیە کە رەئیسی لە لەسێدارەدانەکانی ناوخۆی ئێراندا دەستی هەبووە، زایبرت وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە کە ئایا سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا پیرۆزبایی لە ئیبراهیم رەئیسی دەکات یان نا و گوتی "لەو بارەوە قسەیەکی بۆ گوتن نییە".

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، شتیفن زایبێرت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا ئێوارەی دووشەممە لە میانەی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە بەرلین گوتی، ئەڵمانیا ئاگاداری رۆڵی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری نوێی ئێرانە لە تاوانی لەسێدارەدانەکانە. 

ئەڵمانیا جارێکی تر رەخنەی لە شێوازی پەسەندکردن و رەتکردنەوەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە ئێران گرت، زایبێرت لەو بارەوە وەبیری هێناوە: "هەڵبژاردنی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران هەرگیز لەگەڵ ئەو وێنایەی کە ئێمە لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە هەمانە، تەبا نییە، بەڵام  لە ئێستادا زیاتر گرنگی بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤێننا دەدرێت". 

لە درێژەی کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەدا، رۆژنامەنووسێک پرسیاری کرد ئایا سەرۆک وەزیران (مرکڵ) پیرۆزبایی هەڵبژاردنی رەئیسی دەکات یان نا، زایبێرت لەو بارەوە گوتی "لەو بارەوە قسەیەکم پێ نییە". 

گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا بە بێ ئەوەی باسی هۆکارەکەی بکات تەنیا گوتی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان روونکردنەوەی داوە و ئێستا گفتوگۆ ئەتۆمییەکان گرنگترن و سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێرانیش لەو گفتوگۆیانەدا رۆڵ دەگێڕێت. 

دوای هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی بۆ سەرۆک کۆماریی ئێران، دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا و لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٩٨٨ کە رەئیسی وەک یەکێک لە ئەندامانی "لێژنەی مەرگ" دەستی لەو تاوانانەدا هەبوو، لە میدیا و ناوەندە سیاسییەکانی رۆژئاوا و هەروەها لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ زیاتر بەرجەستە بووەتەوە. 

باربل کوفلێر، بەرپرسی کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە حکومەتی ئەڵمانیا لە کاردانەوەیەکدا دوای هەڵبژاردنی رەئیسی گوتی، لەوەى کە "سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران هێشتا دەربارەی رابردووی خۆی و پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ روونکردنەوەی نەداوە" نیگەرانە. 

هەروەها کوفلێر لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى توویتەر تویتەری خۆى نووسیوویەتى: "پێویستە هاواری خەڵکی ئێران کە خوازیاری ئازادی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤن، ببیسترێ". 

بەرپرسی کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە حکومەتی ئەڵمانیا هەروەها نووسی، مامەڵە بە مافی مرۆڤەوە ناکرێت و کۆماری ئیسلامیی بەڵێنی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە و پێویستە پابەندی بەڵێنەکەی بێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین