ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی: پێویستە ئێران بەخێرایی وەڵام بداتەوە ئێران

نوچەنێت:

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئێوارەی هەینی (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١) بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک داوای لە ئێران کرد بە خێرایی دەربارەی درێژکردنەوەی رێککەوتنی کاتیی نێوانیان بۆ درێژەدان بە پشکنین و چاودێریکردنی ئاژانس بەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەدا، وەڵام بداتەوە.

لەو بارەوە ئاژانسی هەواڵی "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە راگەیێندراوەکەی خۆیدا کە تێیدا بە کۆرتی ئاماژەی بە راپۆرتی سەرۆکی ئەو ئاژانسە بۆ ئەنجومەنی باڵای بڕیاردان کردووە، گوتوویەتی، "پێویستە ئێران بەخێرایی وەڵامی پرسیارەکان لەو بارەوە بداتەوە."

ئێران دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی، هێدی هێدی لەو رێککەوتنە کشاوە و لە دوایین هەنگاودا رایگەیاند، کۆتایی بە جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆلی پاشکۆ و پشکنینە لەناکاوەکان و پرۆسەی چاودێریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دێنێت. 

رافائل گروسی، سەرۆکی ئاژانس سەرەتای مانگی ئادار، بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەبارەت بەو بابەتە سەردانی تارانی کرد و لە گەڕانەوەیدا ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کاتیی سێ مانگە بۆ درێژەدان بە چالاکی کامێراکانی چاودێری.

لە راپۆرتە نوێکەی گروسیدا کە دوێنێ (هەینی) ڕادەستی ٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بڕیاردان کراوە هاتووە، گروسی هەفتەی رابردوو بە ناردنی نامەیەک بۆ حکومەتی ئێران جەختی لە گرنگیی چاودێریکردن و پشکنینەکان کردووەتوە. 

دوای ئەوەی رێککەوتنە کاتییەکە ماوەکەی بەسەر چوو، ئێران و ئاژانسى  وزەى ئەتۆمى کۆتایی مانگی ئایار بۆ ماوەی یەک مانگی تر ئەو رێککەوتنەیان درێژ کردەوە و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ٢٤ی مانگى حوزەیرانیش ئەو یەک مانگەش کۆتاییهات. 

ئێستا ئاژانسى وزەى ئەتۆمى داوا دەکات ئێران هەڵوێستی خۆی روون بکاتەوە، ئایا ئامادەیە بۆ جارێکی تر لەگەڵ ئاژانسى وزەى ئەتۆمى بە مەبەستی درێژەدان بە پشکنین و چاودێرییەکان رێککەوتن بکات یاخود نا. 

بە پێی رێککەوتنی پێشووی نێوان ئێران و ئاژانس، چالاکی کامێراکانی ئاژانسى وزەى ئەتۆمى لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەردەوام دەبێت، بەڵام زانیاریی و وێنە و ڤیدۆکان کاتێ رادەستی ئاژانس دەکرێن کە ئەمریکا گەمارۆکان هەڵوەشێنێتەوە. 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین