ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمى ڕێککەوتنەکەیان درێژ دەکەنەوە ئێران

نوچه‌نێت

ڕافائل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکەی ئێران و ئاژانس سەبارەت بە بەردەوامی چاودێریی پێویستی ئاژانس لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ کراوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، کۆنفڕاسی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بڕیار بوو دوێنێ بەڕێوە بچێت بەڵام بەڕێوە نەچوو. گروسی گوتویەتی بەڵگە و زانیارییە تۆمارکراوەکانی کامێراکانی ئاژانس، جارێ لای ئێران دەمێننەوە.

هاوکات کازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێران لە ئاژانس ڕایگەیاندووە، ئاژانس لە بڕیاری ئێران بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی یەک مانگی تر ئاگادار کراوەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتویەتی دەربارەی سڕینەوە یان ڕادەستکردنی وێنە و ڤیدیۆ تۆمارکراوەکان بە ئاژانس، مەرجەکان هەر وەک ڕێککەوتنە سێ مانگەکەی پێشوون.

نووسینگەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش لە ڕاگەیێندراوێکدا گوتویەتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی گفتوگۆ تەکنیکییەکان سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکانی ڤیێنا لە ئارادان، ڕێککەوتنە سێ مانگەکە بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی پێویست بۆ پێشکەوتن و بە ئەنجامگەیشتنی گفتوگۆکان فەراهەم بێت.

ئێران گوتویەتی بەڵگە تۆمارکراوەکانی کامێراکانی ئاژانس بە مەرجێک ڕادەستی پشکێنەرانی ئەو ئاژانسە دەکرێن کە ئەمریکا گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە، بەدەر لەوە ئێران بە پێی ڕێککەوتننەکە، ئەو بەڵگانە بە تەواوەتی دەسڕێتەوە.

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گوتویەتی ئەو ئاژانسە هیچ مەرجێک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قەبووڵ ناکات. 
سێ مانگ پێش ئێستا، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بەوە ڕێککەوتن کە کامێراکانی ئاژانس بۆ ماوەی سێ مانگ لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا چالاکی بکەن بەڵام زانیارییەکان کاتێ ڕادەستی ئاژانس بکرێن کە ئەمریکا گەمارۆکانی لە دژی ئێران هەڵوەشاندبێتەوە.

ئێران هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکان هەڵنەوەشێنێتەوە، بەڵگە و زانیارییە تۆمارکراوەکانی کامێراکان دەسڕێتەوە. ئامانجی ئێران لەو هەڵوێستە، ئەوەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناچار بکات گەمارۆکانی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ هەڵبوەشێنێتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو دەنگ و ڕەنگی ئێران بە گێڕانەوە لە ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای نیشتمانیی ئەو وڵاتە کە ناوی ئاشکرا نەکرد، ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان ئاژانس و تاران دەتوانێ بە چەند مەرجێک بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ بکرێتەوە.

گروسی لە کاتێکدا هەواڵی درێژکردنەوەی چاودێری ئاژانس بەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی پشتڕاست کردووەتەوە کە ڕۆژێک پێشتر(یەکشەممە)، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی مافی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییە تۆمارکراوەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی نییە.

قالیباف وێرای ئاماژەکردن بە کۆتاییهاتنی "مۆڵەتی سێ مانگەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە بەڵگەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران" گوتی لە ٢١ی ئایارەوە ئاژانس مافی دەستپێڕاگەیشتن بە وێنە و گرتە ڤیدۆکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نییە.

هاوکات لەگەڵ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئاژانس، میخائیل ئولیانۆڤ، نوێنەری ڕووسیا لەو ئاژانسە پێشوازی لەو هەڵوێستە کرد و وەک "هەنگاوێکی شیاوی پێزانین" بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان وەسفی کرد. 

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین