ئێران: به‌ڵگه‌كان ڕادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزه‌ى ئه‌تۆمى ناکەین ئێران

نوچه‌نێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت دوای بەسەرچوونی کاتی ڕێککەوتنە سێ مانگەکەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە ئیتر مافی ئەوەی نییە دەستی بەو وێنە و زانیاریانە بگات کە لە ڕێگای کامێراکانەوە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هەڵگیراون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی یورۆنیوز بڵاوی کردەوە، محەمەد باقر قالیباف، ڕایگەیاند پەرلەمانی وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی "یاساى هەڵوێستی کردەیی" بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان جێبەجێ بکات.

ئاماژەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بۆ ئەو یاسایه‌ کە لە لایەن نوێنەرانی پەرلەمانەوە پەسەند کرا و بەو پێیە پێویستە حکومەت چەند هەنگاوی تر لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکشێتەوە.

نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران دەڵێن ئەو یاسایه‌ بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە شاندی دیپلۆماتکاری ئەتۆمی ئێران پەسەند کراوە. بەڵام دژبەرانی ئەو یاسایه‌ لەو بڕوایەدان ئەو هەڵوێستەی نوێنەران بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان ئاڵۆزتر و دژوارتر بێتەوە.

ڕێککەوتنی کاتیی سێ مانگەی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەم لەنێوان سەرۆکی ڕیکخراوی وزەی ئێران و سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی واژۆ کرا.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە عەباس گوڵڕو، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لەمیانەی دیمانەیەک لەگەڵ هەواڵنێری "مهر" جەختی کردەوە "وێنەکانی کامێراکانی چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی یان دەبێ بسڕدرێنەوە یان ئەوەی کە لە دەستی ئێراندا بمێننەوە و ڕادەستی ئاژانس نەکرێن"

گوڵڕو گوتیشی: "بێ گومان پەرلەمان ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ڕادەسپێرێ کە بەخێرایی ئەو زانیاریانە بسڕێتەوە و هیچ زانیاریی و داتایەک نابێ بمێنێتەوە".

چوارەمین خولی گفتوگۆکانی ئێران و ٤+١ لەگەڵ ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو لە ڤیێنا کۆتاییان هات. لایەنەکان ڕایانگەیاند پێشکەوتنی بەرچاو لەو گفتوگۆیانەدا هاتووەتە ئاراوە و هەروەها هیوایان خواستووە لە خولی داهاتوودا بتوانن سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بگەنە ئەنجام.

حەسەن ڕۆحانی، ڕۆژی پێنجشەمە گوتبووی لەسەر پرسە سەرەکییەکان ڕێککەوتوون و ئەمریکا قەبووڵی کردووە گەمارۆ سەرەکییەکان هەڵبوەشێنێتەوە. هەڵبەت سەرۆک کۆماری ئێران ئەوەشی گوت کە هێشتا گفتوگۆکان لەسەر چەند پرسی ورد درێژەیان هەیە. 
عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی ٨ی ئایار گوتبووی ئەگەر پێویست بێت، تاران ئامادەیە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی سێ مانگە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گفتوگۆ بکات.

ئەو قسەیەی عەراقچی دوای ئەوە هات کە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ڕاڤائێل گروسی لە ڤیێنا دیدار و گفتوگۆی کرد. بەپێی ڕێککەوتنی کاتیی و سێ مانگەی ئێران و ئاژانسی، کامێراکانی ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتییە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن بەڵام ڕێگا بە ئاژانس نادرێت دەستی بەو زانیاری و وێنە و فیلمانە بگات کە هەڵدەگیرێن. هەر دوو لایەن ڕێککەوتوون کە ئەگەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەتۆمی زیندوو ببێتەوە و گەمارۆکان هەڵبوەشێنرێنەوە، ئەو زانیاریانە لە لایەن ئێرانەوە ڕادەستی بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەکرێن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین