وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و فەرەنسا هۆشداری بە ئێران دەدەن ئێران
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا رۆژی هەینی (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١)، هۆشدارییان بە بەرپرسانی ئێران دا، کە کات بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی رووی لە کۆتاییە و پێویستە ئێران بڕیاری بوێرانە و بەبڕشت لەو بارەوە بدات. هەروەها نیگەرانی خۆیان لە پەرەسەندنی چالاکییە هەستیارە ئەتۆمییەکانی تاران بە هۆی درێژبوونەوەی ماوەی گفتوگۆکان دەربڕی.

ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، یەک هەفتە دوای هەڵبژاردنی رەئیسی وەک سەرۆک کۆمارى تازەى ئێران، ئەنتونی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی پاریسی کرد و جەختی کردەوە، ئەگەر گفتوگۆکانی ئێستا زۆر درێژە بکێشن، گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی بۆ ئەمریکا زۆر دژوار دەبێت. 

بلینکن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ  جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، گوتی: "دەگەینە خاڵیک کە گەڕانەوە بۆ ئەو پێوەرانەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا دیاری کراون، زۆر دژوار دەبێت". هەروەها گوتیشی: "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو خاڵە، بەڵام ئاگاداری ئەو بابەتەین". 

بلینکن جەختی کردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا لەگەڵ ئێران لەو بوارەدا "ناکۆکی جددی" هەیە. 

ئەنتونی بلینکن هۆشداری دا لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئێران لە چالاککردنەوەی ئامێرە پێشکەوتووەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یورانیۆم، ئێران دەگاتە بەرەبەرەی "قووتاربوونی ئەتۆمی" و بە شێوەیەکی مەترسیدار دەستی بە بۆمبی ئەتۆمی دەگات. 

بلینکن هاوکات جەختی کردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا پاڵپشتی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات. 

بلینکن گووتیشى: "بەرژەوەندییەکانمان پێمان دەڵێن هەوڵ بدەین ئەو کێشە ئەتۆمییە بخەینەوە ناو ئەو سندووقەی کە ناوی رێککەوتنی ئەتۆمی لێ نرابوو". 

هەروەها ڕایگەیاند، بەسەرچوونی ماوەی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە درێژەدان بە چاودێریکردن، نیگەرانییەکی جددیە. 

جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە وڵاتەکەی یەکێکە لە ئەندامانی رێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥، داوای لە تاران کرد هەنگاوێکی گەورە لە ئاراستەی زیندووکردنەوەی ئەو رێککەوتنە بهاوێژێت. 

لۆدریان دەەشڵێت: "چاوەڕوانین بەرپرسانی ئێران بڕیاری کۆتایی بدەن، ئەگەرچی دژوارە، بەڵام ئەوە رێگە دەدات گفتوگۆکانی ڤێننا بگەنە ئەنجام". 

جەختیشی لەوە کردەوە: "ئێمە بەو ئاراسەتەیەدا هەوڵ دەدەین، خەریکە دەگەینە قۆناغێکی دژوار کە پێویستی بە بڕیاری بوێرانە و بەبڕشتە".

گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بە مەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو رێککەوتنە لە مانگی نیسانەوە لە ڤێننا پایتەختی نەمسا دەستیان پێکردووەتەوە و تا ئێستا ٦ خولی ئەو گفتوگۆیانە بەڕێوە چوون. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین