ئه‌مریكا رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ رووسیا جێده‌هێڵێت ! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و سەرۆکی رووسیا بە رێککەوتن کۆتایی نەهات، هەر خۆیشی هیچ کەسێک چاوەڕوانی ئەوە نەبوو لەم لووتکەیەدا رێککەوتن و کۆدەنگی نێوان هەردوو وڵات بێتە گۆڕێ، بەڵکو لە سەروبەندی گورزەیەک لە ناکۆکی و دژیەکیی نێوانیان، هەردوو لا تەنیا گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە پێویستە گفتوگۆکان بەردەوام بن لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی هەردووکیانەوە.

لە ئامادەسازییەکانی لووتکەکەدا زیاتر باسی رووکەشی دانوستاندنەکان دەکرا نەک ناوەڕۆکەکانیان، لە رووکەشیشدا وەکو زاڵیی شێوازی لایەنی رووسی دەردەکەوت لە گفتوگۆدا، کە قوڕسایی دەخاتە سەر کارتێکەرە دەروونییەکانی لایەنی بەرانبەر بۆ ئەوەی بیخاتە پێگەیەکەوە ناچار بە سازش ببێت، وەکو ئەوەی بەرامبەر ترەمپ کرا لە ساڵی 2018 لە لووتکەی هلسنکی نێوان هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئەمریکا.

لوتکەکەی بایدن- پوتین نەخشە و سنووری جووڵەی رووسیای دیاریکرد

 

ئەمریکییەکان كاغه‌زێكى گفتوگۆیان ئامادەکردبوو بۆ دانوستاندنەکان کە تیمی بایدن دایانڕشتبوو؛ تێێدا ئەو هێڵە سوورانە دیاری کرابوون کە هۆشداری درابووە رووسیا لە نزیکبوونەوە لێیان، هەروەها رازیش نەبوون سەرۆکە هەشتا ساڵەکەیان کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی هاوبەش لەگەڵ پوتین ببەستێت، چونکە ترسیان هەبوو بایدن بەهۆی کەم شارەزاییەوە، لە چاو پوتین لاواز دەربکەوێت، وەکو دەریشکەوت هەر چەند رۆژێک بەر لە لووتکەکە، بایدن سووریا و لیبیای بۆ لەیەکتر جیانەکردبووەوە!

ئەمریکا رستەیەکی سەرەکی بۆ رووسیا هەبوو، لەگەڵ چەند لق و پۆپێک، رستە سەرەکییەکە ئەوە بوو: ئێمە بەرەو رۆژهەڵاتی دوور بەرەو زەریای هێمن دەکشێین و چەندین ساڵ و دەیەش تێیدا دەمێنینەوە، ئەو شوێنانەش کە بەجێیان دێڵین لەپێناو ئەم هەنگاوەمان، بەمشێوەیە دەبن:

ئەوروپا، بە رۆژهەڵات و رۆژئاوایەوە، قەدەغەیە رووسیا لێیان نزیک ببێتەوە، هەر هەنگاوێکی رووسیا بەم ئاراستەیە دەبێتە هۆی وەڵامێکی خێرا و تووندی ئەمریکا.

ئەفریقیا، بە تایبەت باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقیا، رووسیا سەربەستە چۆن مامەڵەی تێدا دەکات و چۆن تێیدا دەکشێت، ئەم ناوچەیە ئیدی لە دەرەوەی گرنگیپێدانی ئەمریکایە.

ئاسیای  ناوەڕاست، ناوچەی تایبەت بە رووسیا و تورکیا بێت و چۆن دەیانەوێت رێکی بخەن لەنێوان خۆیان بەو جۆرەی پێیان خۆشە.

ئەمریکا دەیەوێت ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست بکاتە هۆی دادۆشینی وزەی رووسیا، لە راستیشدا دەکرێت ئەفریقا رووسیا بەو دەردە ببات، بە تایبەت ئەفریقای ناوەڕاست، کە تێیدا رووسیا پشتیوانیی سەرۆک دەکات هاوشێوەی ئەوەی پشتیوانی بەشار ئەسەدی کرد. لە دژی پێکهاتە و کەمینەکانی وڵاتەکە و رووبەڕووی شەڕی تائیفی دەبێتەوە، بە تایبەت ململانیی حکومەتی ئەفریقای ناوەڕاست دژ بە کەمینەی مسوڵمانی ئەو وڵاتە.

ئەمریکا دەیەوێت ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست بکاتە هۆی دادۆشینی وزەی رووسیا

 

هەرچی  رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوە ئەمریکا ئەگەرچی چەک و چۆڵی کشاندووەتەوە و بودجە تایبەتییەکانی بۆ ئەو ناوچەیە کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەمریکا بوون و هەژموونی ماوە و ئەگەر مانەوەکە بە رەمزیش بێت هێشتا بەسە بۆ مانەوە لە بەرانبەر رووسیادا، جگە لەمەش، بۆ رووسیا سەختە، ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، بتوانێت هەژموونێکی بەهێز لەم ناوچەیە دروست بکات جگە لە سووریا، چونکە هەژموونی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا دوورتر دەڕوات لە ئامادەیی راستەوخۆی ئەو وڵاتە لەم ناوچەیەدا، چونکە لەسەر بنەمای پەیوەندیی سەربازی و ئابووری و چەکدارکردنی وڵاتانی ئەم ناوچەیەیە بۆ چەندین دەیە کاری کردووە، هەروەها لەسەر ئاستی بەخشینی هاریکاریی دارایی راستەوخۆی ئەمریکا بۆ بەشێک لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە، کە هەموو ئەمانە وا دەکەن رووسیا نەتوانێت ببێتە جێگرەوەی ئەم پێگەیەی ئەمریکا لە ئیستا و تەنانەت داهاتووش.

ئیدارەی ئەمریکا زیاتر وەکو هێزێکی هەرێمی تەماشای رووسیا دەکات نەک گەورەتر و لە ئاستی هێزێکی جیهانیدا، بۆیە لووتکەکەی بایدنیش بۆ گرێدانی مامەڵە نەبوو لەگەڵ پوتین، بەڵکو بۆ ئاراستەکردنی هۆشداری بوو، بەو پێیەی رووسیا وەکو لایەنێکی سەرئێشە دروستکەر دەبینێ نەک وەکو لایەنی کێبەرکێکاری ئەمریکا! 
بە کورتی بایدن ویستی بە پوتین بڵێ: واز لە نمایشی پاڵەوانبازی بهێنە، بانگەشەی ئەوەش مەکە چەکەکانت کێبڕکێ لەگەڵ چەکی ئەمریکا دەکەن، ئێمە دەزانین قەبارەی راستەقینەی هێزتان چەندە، بەوەی ئاگاداری خاڵە لاوازەکانی سیستمی چەکەکانتانین، لە سووریاش تاقیمان کردنەوە بەو قەسابخانەیەی هێزەکانمان سازیان کردن لە دژی میلیشیاکانی رۆژئاوای فورات، کە تیایدا زیاتر لە ٢٠٠ کەسی ئەو میلیشیایانە کوژران، هەروەک تورکیای ئەندامی ناتۆش توانی پێگەتان لە سووریا و لیبیا لە قاڵب بدات، تەنانەت بێئەوەی پێویستی بە هیچ یارمەتییەکی ناتۆ بێت.

لوتکەکەی بایدن- پوتین نەخشە و سنووری جووڵەی رووسیای دیاریکرد، بەڵام ئەو ناوچەیەی وەکو ناوچەی ناڕوون مایەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. لەوانەیە هۆکاری ئەمە ئەوە بێت ئەمریکا بیەوێت بزانێت سنووری توانای سەربازی و دارایی رووسیا چۆنە، هەروەها ئەوەشمان بیر نه‌چێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆڵگێڕی ئەوتۆی تێدایە کە رووسیا ناتوانێت پشتگوێیان بخات، لە نموونەی تورکیا و ئیسرائیل، هەروەها ئێران کە هەرچەندە دۆستی نزیکی رووسیایە، بەڵام لە سووریا هەریەکەیان هەژموونی جیاوازی خۆی هەیە، ئێران نایەوێت رووسیا بەرەو عێراق بکشێت، هەروەک پەیوەندییە دۆستانەکەی نێون رووسیا و ئێران لنگاوقووچ دەبێتەوە لە ئەگەرێکدا کە ئەمریکا لەگەڵ ئێران رێکبکەوێت و گەمارۆی لەسەر لاببات و پارەکان لە رۆژئاواوە بگەڕێنەوە ئێران و ئێرانیش بەو سامانەی دەستی دەکەوێت هێزی خۆی لە سووریا پتەو بکات بە رووی رووسیادا.

ئەمریکا رۆژهەڵاتی  ناوەڕاست بەجێ دەهێڵێت، و رووسیا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت بەڵام بە کۆت و مەرجی ئەمریکییەوە دێت، تەنانەت لە سووریاشدا رووسیا ناتوانێت بە دڵی خۆی پێی لێ رابکێشێت، چونکە وا دیارە بڕیاری ئەمریکا بە گەمارۆدانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بێ چەند و چوونە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر  هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانى ئەمریکا هەزاران میل دوور لە رۆژهەلاتی  ناوەڕاست و لە قوولایی زەریای هێمندا بن!

سه‌رچاوه‌: عربى 21
 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین