رێككه‌وتنى بایدن و كازمى دووبه‌ره‌كى له‌ناو میلیشیاكان دروست كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعره‌بیه‌ ئاشكراى ده‌كات رێككه‌وتنى جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مریكا و مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دووبه‌ره‌كى له‌نێوان میلیشیاكان دروست كردووه‌ و ئێران ناتوانێ كۆنتڕۆڵى بكات و ته‌نیا هه‌وڵ ده‌دات دووبه‌ره‌كییه‌كه‌ بشارێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دووى ئاب، ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ راپۆرتێكى له‌سه‌ر په‌رته‌وازه‌یى و دووبه‌ره‌كى میلیشیاكانى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و دووبه‌ره‌كییه‌ له‌دواى راگه‌یاندنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان عێراق و ئه‌مریكا دروست بووه‌.

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت میلیشیاكان یه‌ك هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر رێككه‌وتنى نێوان عێراق و ئه‌مریكا نییه‌، كه‌ دوایین واده‌ى بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق دیارى كردووه‌. له‌وانه‌ هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ هادى عامرى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات پێشوازى له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كردووه‌، عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق كه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات دوودڵه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ و هه‌ڵوێستێكى روونى نییه‌. جیا له‌و دوو هه‌ڵوێسته‌یش میلیشیاكانى هاوشێوه‌ى كه‌تائیبى حزبوڵا و سه‌ید شوهه‌دا و نوجه‌با، ئه‌وانه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حكومه‌تى كازمى ده‌كه‌ن.

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌، ئێران له‌ رێگه‌ى ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران په‌یامى خۆى به‌ میلیشیاكان داوه‌، له‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كات، تا نیازى حكومه‌تى عێراق و ئه‌مریكا له‌ كشانه‌وه‌ یان مانه‌وه‌ به‌ ته‌واوى ده‌رده‌كه‌وێ.

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى ئێران له‌ كۆنتڕۆڵكردنى دووبه‌ره‌كییه‌كان راپۆرته‌كه‌ باسى ئه‌وه‌ى كردووه‌، ئیسماعیل قائانى ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ى قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى پێشووى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس جێگرى سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبى نییه‌، تا بتوانێ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان كۆبكاته‌وه‌، بۆیه‌ ئێران ته‌نیا له‌ ئێستادا هه‌وڵى شاردنه‌وه‌ى دووبه‌ره‌كى میلیشیاكانى له‌ عێراق ده‌دات

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین