کوردستانی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

هه‌رچه‌نده‌ بڕیار بوو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق كار بۆ گێڕانه‌وه‌ى دوو لیواى پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بكه‌ن، كه‌چى په‌رله‌مانتارێكى كورد له‌ لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگریى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى ده‌كات له‌ دوایین گفتوگۆدا هه‌ولێر و به‌غدا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ حه‌وتى ته‌مووز ناسر هه‌ركى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ "نوچه‌نێت" باسى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غداى كرد له‌باره‌ى هاوكارى ئه‌منى، دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێكى نوێ له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌.

ناسر هه‌ركى گوتى، "ئەوەی هەیە چوار بنکەی هەماهەنگی کراونەتەوە پاش ئەوەی کە دوو بنکەی هەماهەنگی هەبوون لە بەغدا و لە هەولێر. ئەو بنکانە چەند کەسێکیان بۆ دانراوە هەتا پێکەوە لەگەڵ سوپای عێراق لە بنکەی هەماهەنگی دابن، چاودێری دۆخەکە دەکەن، لە ئێستادا ئەوەی کە هەبێت تەنیا ئەوەیە".

له‌ 22ى ئایارى رابردوو وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ هه‌شت ئه‌فسه‌رى لیواى یه‌ك و دووى پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ى كه‌ركووك كراون، بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان هه‌ماهه‌نگ بن. هه‌ر ئه‌و كات باس له‌وه‌یش كرا، كار بۆ ره‌وانه‌كردنه‌وه‌ى دوو لیواى پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ده‌كرێت و ده‌بێت تا مانگى ئاب"مانگى داهاتوو" ئه‌و هێزه‌ ره‌وان بكرێت. كه‌چى ناسر هه‌ركى له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ "نوچه‌نێت" باس له‌وه‌ ده‌كات له‌دوایین دانیشتن  شاندى هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، ناسر هه‌ركى گوتى، "هیج ژمارەیەکى نوێ نییە ئەوەی چووە ئەو ئەندامانەی کە بنکەی هەماهەنگین. دیسان دەیڵێمەوە بڕیارە دوو لیواى هاوبەش پێک بهێنن، بۆ ئەمەش شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە، لەکۆبوونەوەکەشدا نەگەیشتبوونە رێکكەوتنێکی کۆتایی بۆ پێکهێنانی لیواکان".

به‌هۆى ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ى له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان دروستبوو، تاوانى تیرۆریستان زیادى كردبوو، بۆیه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى رابردوو رێككه‌وتنێكیان واژۆ كرد. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین