یەکێتی ئافرەتانی کوردستان داوایەک ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکات دیمانە و راپۆرت

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان تایبەت بۆ "نوچەنێت"، ئاشکرای کرد یەکێتی ئافرەتانی کوردستان داوایەکی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کردووە، لەدژی هەموارکردنەوەی مادده‌یه‌كى یاسای باری کەسی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی، "ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەو هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌ جێبەجێ نەکرێت" .

هەموارکردنەوەی مادده‌ى 57ى یاسای باری کەسی، لە پەرلەمانی عێراق بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەکی زۆر لە رێکخراوەکانی مەدەنی و رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی ئافرەتان، ژمارەیەکیش لە پەرلەمانتاران هه‌وڵده‌ده‌ن رێگری لەو هەموارکردنەوەیە بکەن، چونكه‌ پێیانوایه‌ بە هەموارکردنەوەی یاساکە مەترسی بۆ سەر ژیانی منداڵان و ژنانی عێراق دروست دەبێت، هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە ئەو ناوچە كوردستانییانه‌ى لە دەرەوەی ئیداره‌ى هەرێمی کوردستانن یاساکە دەیانگرێتەوە.

ڤیان سلێمان:
هه‌مواكردنه‌وه‌ى ماده‌ى 57 زیانى بۆ كوردستانیش هه‌یه‌

 

د. ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە دیمانەیەکی كورت بۆ  نوچەنێت دەڵێت، " لە راستیدا تا ئەو کاتەی ئێمە بەشێک بین لە عێراق بێگومان هەر بڕیارێک کە لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش تا رادەیەک هەر دەبێت. ئێمە ئەگەر کوردستان تەنیا بەو سێ پارێزگایە تێگەیشتوون کە  هەولێر و دهۆک و سلێمانی بێت ئەوا بڕگەیەک لە پەرلەمان کوردستان تایبەت بە مافی خێزان دەرچووە بۆ هەر یەک لەو پارێزگایانە، بەڵام ئێمە کۆمەڵێک ناوچەمان هەیە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن. کە ئەوانە لە دەرەوەی دادگاکانی هەرێمی کوردستانن دەکەونە ژێر دەسەڵاتی دادگاکانی عێراقەوە، بێگومان ئەوە کاریگەریەکی خراپی لەسەر ئەو ناوچانە دەبێت، لەو کاتەدا زۆر خەڵك هەیە دەتوانێ بچێتە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق نیشتەجێ ببێت و لەو دادگایانە سکاڵا تۆمار بکات لەم کاتەدا  دەبێ ئێمە زیاتر ئاگادار بین  بیر لە بڕگەیەکی تر بکەینەوە کە بە هیچ شێوازێك کە دوای ئەوەی بڕیاری دادگا دەرچوو کە لە خۆگرتنی منداڵ لە دایکەکە ستێندرایەوە، دیسان باوکەکە نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ ببێت، دەبێ ئێمە زیاتر ئاگاداری ئەو کەیسانە بین" .

لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە ڤیان سلێمان گوتى، "ئەو بڕیارە زۆر ئەستەمە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەربچێت، هەروەکو چۆن یاسای فرەژنی لە هەرێمی کوردستا ن قەدەغەکراوە ئەو یاسایەش بە هەمان شێوە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت" .

سەبارەت بە ناڕەزایی و هەڵوێستی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە دژی هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دووپاى كرده‌وه‌ و گوتى ، "بەڵێ بێگومان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە تایبەت رێکخراوی یەکێتی ئافرەتان لەسەر ئەم بابەتە بە جدی لەسەر هێڵە و پێش ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ بکرێت، ئێمە وەکو یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوامان لە پەرلەمانی عیراق کرد کە ئێمە دژی ئەو یاسایەین، نابێت ئەو یاسایە دەستکاری بکرێت و دەبێت هەر وەکو  خۆی بمێنێتەوە و لەخۆگرتنی منداڵ  بۆ دایک بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی منداڵەکە خۆی بڕیار دەدات".

یاساکە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە لەژێر فشاری رەوته‌ شیعەكان، بەڵام زۆرێك لە پەرلەمانتاران دژی هەموارکردنەوەی یاساکەن، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق  ڤیان سلێمان ئاشكراى ده‌كات كه‌ وەڵامیان وەرگرتووته‌وە، لە پەرلەمانی عێراق کە دڵنیایان کراونه‌تەوە کە ئەو یاسایە ناخرێتە بەرنامەی کارەوە .

سكرتێرى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان له‌به‌شێكى ترى قسه‌كانى پێیوابوو، هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌و یاسایه‌ ته‌نیا زیانگه‌یاندن نییه‌ به‌ ئافره‌ت و پێشێلكردنى مافه‌كانیان، به‌ڵكو زیانێكى زۆر به‌ ژیانى منداڵانیش ده‌گه‌ینێ، ڤیان سلێمان گوتى، "دەرچوونی ئەو یاسایە منداڵ تێیدا زەرەرمەند دەبێت، هیچ یاسایەک بۆی نییە ئەو مافە لە دایک زەوت بکات ئەگەرهاتوو ئەوان لە رووی شەرعیەوە  تەماشا ئەوە بکەن ئەوە بە هیچ شێوازێک شتێکی وا لە دایک قەدەغە نەکراوە. ئەوە مافێکی تاکەکەسیە و نابێت لێی وەربگیرێتەوە ،ئەگەرهاتوو ئەوان رەچاوی ئافرەتیش نەکەن، بەڵام دەبێت رەچاوی مافی منداڵێکی بێدەسەڵات بکەن. رەنگە ئافرەت بتوانێ بەرگریی لە مافەکانی خۆی بکات بەڵام منداڵ ناتوانێ بەرگریی لە مافەکانی خۆی بکات. بێگومان ئەوە ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە کە بەرگریی لە مافی منداڵ بکات، ژینگەیەکی لەباری بۆ پەروەردە کردنی بنیاد بنێت و لەو روانگەیەوە کاری لەسەر بکات" .

رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، رێکخراوێکی جەماوەری مەدەنی ئافرەتانی کوردستانە، لە ساڵی ١٩٥٢ دامەزراوە بۆ داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان ئەو رێکخراوە هاوشێوەی بزووتنەوەی فیمینزمی جیهانی کاردەکات، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ئافرەت و برەو دان بە تواناکانیان.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین