گرووپێکی چەکدار بە ناوی ئێران

نوچه‌نێت

رۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی" ئێران لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، گرووپێکی چەکدار بە ناوی "حەشدی شیعی" لە شاری کابول، پایتەختی ئەفغانستان دامەزراوە و دەڵێت، دەیەوێت بەرەنگاری میلیشیاکانی تاڵیبان ببێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی تەمووزی ٢٠٢١، رۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی" بڵاوی کردەوە،  سەید حەسەن حەیدەری وەک فەرماندەی ئەو گرووپە چەکدارە ناسراوە و پێشتر لە عێراقیشدا چالاکی هەبووە. حەیدەری لە یەکەمین لێدوانی خۆیدا رایگەیاندووە، دوای ساڵانێکی زۆر لە ئەزموونی بەرگریکردن لە سەروەری شیعە و پیرۆزییەکانیانی شیعە، ئێستا ئامادەیە بە یارمەتی گەلی ئەفغانستان، بەرەنگاری میلیشیاکانی تاڵیبان ببێتەوە و بەرگری لە یەکپارچەیی و سەروەری ئەفغانستان بکات. 
سەرهەڵدانی ئەو گرووپە چەکدارە لە کاتێکدا رادەگەیێندرێ کە میلیشیاکانی تاڵیبان لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، هێرشەکانیان بەرفراوانتر کردووەتەوە و دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنى سەرکەوتووانە، لانیکەم ٥٠ شارۆچکەی تریان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. زۆربەی هێرشەکان لە ناوچەکانی باکووری ئەفغانستان ئەنجام دراون، واتە ئەو ناوچەیە کە تاڵیبان لە رابردوودا دەسەڵاتێکی ئەوتۆی لەو ناوچانەدا نەبوو. ویلایەتەکانی فاریاب، تخار، بەغلان، قندووز و بەلخ ئەو ناوچانە بوون کە لە چەند هەفتەی رابردوودا، ناوەندی ئۆپراسیۆنەکانی تاڵیبان بوون. 
لە ماوەی رابردوودا، سەبارەت بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر تاڵیبان باس و مشتومڕی زۆر لەو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە و رەخنە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی دەربارەی پاڵپشتیکردنی تاڵیبان گیراوە. 
هێشتا دیار نییە ئایا چەکدارانی "حەشدی شیعی" لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێن یان نا. لە ساڵانی رابردوودا، بە پاڵپشتی دارایی و سەربازیی بەرفراوانی هێزی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران، چەندین گرووپی چەکدار لە عێراق لەژێر ناوی "حەشدی شەعبی" رێکخران و دامەزران. 
هەروەها سوپای پاسداران لە ساڵی ٢٠١٥ وە هەوڵەکانی بۆ رێکخستنی میلیشیاکانی "فاتمیون" و راکێشانی ئەفغانییەکان و رەوانەکردنیان بۆ سووریا دەستپێکرد. 
گرووپی فاتمیون، ئەو هێزە ئەفغانیانەن کە بە پشتیوانی دارایی و سەربازیی ئێران و لەژێر فەرماندەیی سوپای قودسدا، لە شەڕە ناوخۆییەکانی سووریا بەشدار بوون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیان لەو شەڕەدا کوژران. حکومەتی ئەفغانستان پێشتر داوای هەڵوەشاندنەوەی گرووپی فاتمیونی کردبوو. 
تا ئێستا روون نییە ئایا گرووپی فاتمیون لە دامەزراندنی "حەشدی شیعی"دا رۆڵی هەبووە یان نا. 
رۆژنامەى جمهوری ئیسلامی بە گێڕانەوە لە سەید زەهیر موجاهید، بەرپرسی کولتووریی لەشکری فاتمیون، رەخنەی وێڕای رەخنەگرتن لە سیاسەتی پشتیوانیکردن لە تاڵیبان،  گوتوویەتی، ئەو سیاسەتە ئەفغانستان بەرەو شەڕی ناوخۆیی دەبات. 
لە راپۆرتەکەی رۆژنامەی "جمهوری ئیسلامی"دا جەخت کراوەتەوە کە "لەشکەری فاتمیون نەچووەتە قۆناغی بانگهێشتنی خەڵک و رێکخستنیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تاڵیبان". 
 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین