خۆپیشاندانەکانی ناوچە عەرەبنیشەکانی ئێران بەردەوامن ئێران

نوچه‌نێت

خۆپیشاندانە گەورەکانی پارێزگای خوزستانی ئێران، لە کاتێکدا دەچنە ناو شەشەمین رۆژی خۆیانەوە کە راپۆرتەکان باس لە کوژرانی لانیکەم دوو کەسی تر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" بڵاویکردەوە، لە شارەکانی ئیزە، سوسەنگرد، شوشتەر، دزفول، خۆڕەمشار، ئابادان، رامشیر، ویس، دارخوین، ماهشەهر و ئەهواز چەندین خۆپیشاندان بەڕێوەچوون. 

خۆپیشاندەران دروشمى دژى رابەری ئێران دەڵێنەوە 

لەو ڤیدیۆیانەی کە لە شاری ئیزە بڵاو کراونەتەوە، ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک کۆبوونەتەوە و دەنگی تەقە دەبیسترێت. لە چەند ڤیدیۆیەکدا، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران سەرقاڵی گواستنەوەی بریندارەکانن. 

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی خۆپیشاندانەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، خۆپیشاندەران لە دژی رابەری ئێران دروشم دەڵێنەوە و داوای رووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. 

بەگوێرەی میدیاکان، لە شاری ئیزە دوو خۆپیشاندەری گەنج گیانیان لە دەست داوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە چالاکوانانی خۆجێیی دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان بە توندی خەڵک سەرکوت دەکەن و رەنگە ژمارەی کوژراوان بەرز ببێتەوە. 

هاوکات، هەواڵنێری فارس، نزیک لە سوپای پاسداران، بەگێڕانەوە لە فەرەیدوون بەندەری، قایمقامی بەندەری ماهشەهر، گوتوویەتی، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا، "دوو کارمەندی هێزەکانی فریاکەوتن" لە ناوچەی تاڵیقانی ئەو شارە، تەقەیان لێکراوە و یەکێکیان کوژراوە و ئەوی تریان لاقی بریندار بووە. بە لەبەرچاوگرتنی پچڕانی ئینتەرنێت لە شاری ماهشەهر، هێشتا دیار نییە چی رووی داوە. 

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی شەش رۆژی رابردوودا، زۆربەی خۆپیشاندانەکانی خوزستان بە هێمنی و ئاشتیانە بەڕێوەچوون. 

خۆپیشاندانەکان لە کاتێکدا لە شارەکانی باشوور و باشووری رۆژئاوای ئێران بەڕێوەدەچن کە تۆڕی ئینتەرنێت لە زۆربەی شوێنەکانی پارێزگای خوزستان پچڕاوە و دانیشتوانی زۆرێک لەو شارانەی خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجام دەدرێت، دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات. کارناسانی بواری ئینتەرنێت و تەکنۆلۆژیا دەڵێن، خێرایی ئینتەرنێت لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای خوزستاندا، سەرەتا کەم بووە و دوایی بە یەکجاری پچڕا. 

هاوکات، چەندین ڤیدیۆ لە داخرانی پردی مارون، لە شاری بێهبەهان بڵاو بوونەتەوە. پێشتر، خۆپیشاندەران چەند جارێک رێگاکانیان داخستبوو. 

هاوکات چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی شەوی رابردووی شاری تاران بڵاو بوونەتەوە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە دژی کۆماری ئیسلامی دروشم دەڵێنەوە. 

لە لایەکی ترەوە، مارکو روبیو، نوێنەری کۆماریخوازی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لە تویتێکدا بە زمانی فارسی، سەرکۆنەی بەکارهێنانی توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندەرانی کرد. 

هاوکات، موحسین رەزایی، کاندیدی شکستخواردووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی، دوێنێ سێشەممە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەربارەی بارودۆخی پارێزگای خوزستان، سەردانی ئەو پارێزگایە کرد. رەزایی لە ئەکاوەنتی تویتەری تایبەت بە خۆی، نووسیویەتی، گوێم لە قسەی خەڵک گرتووە. رەزایی گوتوویەتی: " خەڵک لە بەڵێنە بێ کردەوەکانی بەرپرسان گلەییان بوو، تووڕە بوون و هاوکات خەڵکێکی نەدار و بەشخوراون". 

قاسم سلێمانی دەشتەکی، پارێزگاری خوزستانیش لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، تەنیا یەک کەس لە خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردوو لە شاری شادگانی پارێزگای خوزستان کوژراوە، ئەویش لە لایەن کەسانێکەوە کوژراوە کە خۆیان لەناو خۆپیشاندەراندا حەشار داوە. سلێمانی دەشتەکی گوتی، بە هێزە ئەمنییەکانیان فەرمان دراوە، تەقە لە خۆپیشاندەران نەکەن. 

سەرەڕای ئەوە، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین ڤیدیۆیان بڵاو کردووەتەوە، کە دەری دەخەن هەندێ لە هێزە ئەمنییەکان تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن. 

هەروەها، بەیانی رۆژی سێشەممە چەند ڤیدیۆیەکی ناو میترۆ سادقیە لە شاری تاران پایتەختی ئێران، بڵاو بوونەوە، کە تیایاندا ژمارەیک خەڵک بە شێوەی هاوئاهەنگ لە دژی کۆماری ئیسلامی درووشم دەڵێنەوە. هەر لەو بارەوە، هەواڵنێری هرانا، بنکەی بڵاوکردنەوەی زانیاری چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە هەواڵێکدا رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، ژمارەیەک لە چالاکوانانی مەدەنی و چالاکوانانی بواری مافەکانی مرۆڤ، دوای کۆبوونەوە لە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، پاڵپشتی خۆیان لە خۆپیشاندەرانی ناوچە عەرەبنشینەکان دەربڕی. 

خۆپیشاندانەکانی شارە جیاوازەکانی پارێزگای خوزستان، شەش رۆژ پێش ئێستا و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بێئاوی دەستیان پێکرد و لە ماوەی ڕۆژانی رابردوودا، شارە جیاوازەکانی ئەو پارێزگایەی گرتووەتەوە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین