به‌رگرى شارستانى روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر خنكانى پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ ده‌دات کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

ته‌نیا له‌ یه‌ك رۆژدا پێنج كه‌س له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ئاودا خنكاون، گوته‌بێژى به‌رگری شارستانییش ده‌ڵێ، "هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هاووڵاتیان گوێ به‌ رێنماییه‌كانى به‌رگرى شارستانى بۆ مه‌له‌كردن ناده‌ن".

ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی تەمووز، رائید سەرکەوت کاڕەش گوته‌بێژى به‌رگرى شارستانى هه‌ولێر زانیاری لەسەر ئەو پێنج کەسە خنكاوه‌ى دوێنێ  به‌ نوچەنێت دا و گووتی، "ئەو پێنج هاووڵاتیەی دوێنێ خنکاون، یەکیان لە قەزای خەباتە، دوو براش لە ناحیەی تەقتەق لە سنووری قەزای کۆیە بوون، دوو هاووڵاتیەکەی دیکە لە سنووری قەزای سۆرانن".

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى به‌رگرى شارستانى له‌كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌م رووداوانه‌ چییه‌؟ رائید سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش گوتى، "ئێمە رۆژانی پشوو لە شوێنەکان ئامادەیمان هەیە وەکو تیمەکانی ژێرئاو، بەڵام حاڵەت هەیە، بۆ نموونە تیمەکە لەلایەکی شوێنە گەشتیارییەكه‌یه‌، هاووڵاتیان لە دوورە دەستی تیمی بەرگری مەلە دەکەن و دەخنکێن. ئێمە تیمەکانمان ئاماده‌ن ئەمڕۆ بەیانی ئەوەی قەزای خەبات کاتژمێر هەشت و نیو تەرمی یه‌كێك له‌ خنكاوه‌كانمان دۆزیەوە و دەرمانهێنا. بەڵام ئەوانەی ناحیەی تەقتەق تاکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە".

جیا له‌ ئاماده‌بوونى تیمى به‌رگرى شارستانى رائید سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش باسى له‌وه‌ كرد، ئه‌وان رێنمایى تایبه‌تیان بۆ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ مه‌له‌ بكه‌ن، ئه‌و گوتى، "ئێمە بە بەردەوام لە سەرەتایی هەموو وەرزێکی گەرما رێنمایەکانی خۆمان دەردەکەین و هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە ئەگەر مەلە نازانن مەلە نەکەن، بەتایبەت ئەو شوێنانەی ئاویان خێرایە، تابلۆ و هێمای ئاگادارکردنەوەمان لە زۆر ئەو شوێنانەمان داوە کە مەترسیدارن".

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى گوته‌بێژى به‌رگرى شارستانى روونى كرده‌وه‌، هه‌ندێك شوێن هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر گه‌شتیاره‌كه‌ مه‌له‌یش بزانێ ئه‌وا ژیانى ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ قه‌زاى خه‌بات، ئه‌و شوێنانه‌ هه‌ن كه‌ كارى قوم و به‌ردى تێدا كراوه‌، قۆڵاییه‌كه‌ى گۆڕاوه‌، بۆیه‌ ژیانى مه‌له‌وانه‌كه‌ زیاتر ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین