له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى هه‌ولێر ئێران وه‌ڵامى عێراق ناداته‌وه
نوچه‌نێت
ئه‌مڕۆ سێشه‌مه پێنجى نیسانى 2022 رۆژنامه‌ى “عه‌ره‌بى جه‌دید”، له راپۆرتێكدا باس له‌و هێرشه مووشه‌كییه ده‌كات كه له مانگى رابردوو "ئادار" له‌لایه‌ن سوپاى پاسدارانه‌وه كرایه سه‌ر هه‌ولێر و ده‌ڵێ، “هه‌ر چه‌نده 20 رۆژ به‌سه‌ر رووداوه‌كه تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام تا ئێستا ئێران هیچ وه‌ڵامێكى بۆ ئه‌و هێرشه نه‌بووه”.
له 13ى ئادارى رابردوو به 11 مووشه‌ك هێرشكرایه سه‌ر هه‌ولێر و زۆربه‌یان به‌ر ماڵى شێخ باز كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى كۆمپانیاى كار كه‌وت. دواى هێرشه‌كه سوپاى پاسدارانى ئێران به فه‌رمى به‌رپرسیارێتى هێرشه‌كه‌ى له ئه‌ستۆى گرت و بوونى گرووپێكى موسادى ئیسرائیل كرده بیانوو.
لیژنه‌كه‌ى به‌دواداچوون پاساوى
ئێران ره‌تده‌كه‌نه‌وه
ئه‌و كات عێراق دوو لیژنه‌ى به‌دواداچوونى پێكهێنا، لیژنه‌یه‌كى په‌رله‌مانى كه حاكم زاملى سه‌رۆكى لیژنه‌كه بوو، ئه‌ویتریان لیژنه‌یه‌كى حكومى بوو كه قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید بڵاوكراونه‌ته‌وه، كارى هه‌ردوو لیژنه ته‌واو بووه، به‌ڵام تا ئێستا رانه‌گه‌یێندراون.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى لیژنه‌كان به چ ئه‌نجامێك گه‌یشتوون؟ به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق به رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌یاندووه، "لێكۆڵینه‌وه‌ى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ته‌واوكراون، هه‌ردووكیان هاوشێوه‌ى یه‌كن، راستى مه‌زنده‌ى ئێران له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌وه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه".
به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌شڵێ، "عێراق بڕیارى داوه دۆسیه‌ى هێرشه‌كه‌ى ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر به نێوده‌وڵەتى نه‌كات" له هه‌مان كاتیش‌دا دووپاتى ده‌كاته‌وه كه تا ئێستا عێراق هیچ وه‌ڵامێكى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پێنه‌گه‌یشتووه، چونكه عێراق له 14 و 17ى ئادار دوو جار داواى روونكردنه‌وه‌ى له ئێران كردووه و كۆمه‌ڵێك پرسیارى ئاراسته كردووه، بۆئه‌وه‌ى پاساوى هێرشه‌كه‌ى بۆ سه‌ر هه‌ولێر بسه‌لمێنێ.
بۆ هۆكارى پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى عێراقیش له‌وه‌ى دۆسیه‌ى هێرشى ئێران له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى و رێكخراوى هاریكارى ئیسلامى باس بکات ، به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌ڵێ، "به‌هۆى هه‌ندێك فشاره له‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق كه شاراوه نیین"
20 رۆژه ئێران وه‌ڵامى عێراق ناداته‌وه
له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت به‌رپرسێكى تر له راوێژكاریى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق ده‌ڵێ، "به نێوده‌وڵه‌تیكردنى دۆسیه‌كه وا ده‌كات لایه‌نى تر بێنه ناو بابه‌ته‌كه‌وه وه‌ك كارتێك له دژى ئێران به‌كاریبهێنن، بۆیه به‌لامانه‌وه باشتره راسته‌وخۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ین". ئه‌و به‌رپرسه‌ى راوێژكارى نیشتیمانى ده‌شڵێ، "هیچ بڕیارێك بۆ به نێوده‌وڵه‌تیكردنى دۆسیه‌كه نه‌بوو، تا پووچه‌ڵ بكرێته‌وه".
عێراق دواى ئه‌وه‌ى یاداشتى ناڕه‌زایى به ئیره‌ج مه‌سجدى باڵیۆزى ئێران له عێراق داوه، به هیچ شێوه‌یه‌كى تر باسى ئێرانى نه‌كردووه، ئه‌حمه‌د شه‌ریفى شاره‌زا له كاروبارى عێراق له لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ده‌ڵێ، "ئێران هیچ به‌ڵگه‌یه‌كى نییه پشتڕاستى ئه‌وه بكاته‌وه ئه‌وه‌ى بۆردومانى كردووه باره‌گاى موسادى ئیسرائیل بووه، هه‌روه‌ها وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى عێراقیشى نه‌داوه‌ته‌وه".
ئه‌و چاودێره سیاسییه ده‌شڵێ، "پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى به‌غدا له پێشكه‌شكردنى سكاڵایه‌كى نێوده‌وڵه‌تى له‌دژى ئێران، هۆكاره‌كانى زانراون، له‌وانه فشارێكى گه‌وره‌ى سیاسى كراوه‌ته سه‌ر حكومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌نگاوه نه‌نێت، هه‌روه‌ها ته‌نگژه‌ى ئێستاى سیاسى كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه هه‌بووه، بزاوتێكى ئه‌وها پێویستى به سه‌قامگیرى سیاسى هه‌یه نه‌وه‌ك بنبه‌ستى سیاسى".
عێراق له سكاڵاكردن له دژى ئێران
پاشگه‌زبووه‌ته‌وه
ئه‌حمه‌د شه‌ریفى پێشیوایه فه‌رامۆشكردنى ئه‌م دۆسیه‌یه لێكه‌وته‌ى خراپى ده‌بێت و ده‌ڵێ، "به نێوده‌وڵه‌تى نه‌كردنى ئه‌م هێرشه وا ده‌كات سوپاى پاسداران و ده‌وڵه‌تانى كارى زیاتر ئه‌و كارانه ئه‌نجام بده‌ن كه سه‌روه‌ریى عێراق پێشێل ده‌كەن، بۆیه پێویسته به‌غدا سكاڵایه‌ك پێشكه‌ش بكات، بۆ ئه‌وه‌ى رێگرى له ئێران بكات هه‌نگاوى تر نه‌نێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فشارى سیاسى و چه‌كداریش له‌سه‌ر حكومه‌ت هه‌بوو".
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment