شۆرشێکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شیکاری ئابوری

نوچەنێت

ناوەندی CSIS، توێژینەوەیەکی جون ئەلترمانی لە ژێر ناونیشانی شۆرشی تازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاوکردەوە. لە ئەنجامی توێژینەوەکدا هاتووە، گۆرانی پیشەسازی وزەی نەوت و گاز بۆ پیشەسازی بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شۆرشێکی تازەی ڕکابەری نێوان چین و ئەمریکا، هۆکاری ئەو شۆرشە، گرنگی پێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە و ئیماراتە

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوە دەناسرێن، خاوەن یەدەگێکی فراوانی نەوت وگازن، هاوکات یەکێکن لە وڵاتە سەرەکییەکانی هەناردەکاری وزە، ئەمەیش وای کردووە، ئەو وڵاتانە ئابووریەکانیان پشت بەستوو بێت بە داهاتی نەوت و گاز و بودجەی حکومەتەکانیان بە گوێرەی نرخی نەوت و گاز لە بازارەکاندا گۆرانکاریان لێ رووبدات.

 لە هەمانکاتدا، دوای دەرکەوتنەکانی لێکەوتەی نێگەتیڤی پیشەسازی بۆ  گۆڕانی کەش و هەوا، وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش دەبن بەسەر دوو بەرەی سەرەکی، ئەوانیش:وڵاتانی هەناردەکاری وزە، وڵاتانی خاوەن هێزی جیهانی لە بازاڕی وزەدا. ئەم تایبەتمەندیانەی وڵاتانی ناوچەکە، بۆتە هۆی ئەوەی هەزاران کرێکاری وڵاتانی هەژاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، روو لە وڵاتانی خاوەن سەرماییە ناوچەکە بکەن و لە بەرامبەردا دەیان ملیار دۆلار لە ڕێگای ئەو کرێکارانەوە دەچێتە خەزێنەی وڵات و خانەوادە هەژارەکان.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ زلهێزە جیهانیەکان و ناوەندە ئەکادیمە ناوخۆی و دەرەکییەکان، جێگەی بایەخی تایبەتە. بە واتایەکی تر جگە لە پرسە گەرم و هەستیارەکانی ناوچەکە لەرووی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینی، سێکتەری وزەی ئەو ناوچەیە، خاڵێکی گەوهەرییە بۆ ناونیشان و دەرئەنجامی توێژینەوە بەناوبانگەکانی ئەو ناوەندانە. ئەمەیش بۆ کاریگەری و ڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەرێتەوە لە گەشەی ئابووریی جیهانی و بازارەکانی نرخی نەوت.

ناوەندی The Centre for Strategic and International Studies (CSIS)[1]، توێژینەوەیەکی لە ژێر ناونیشانی" شۆرشی تازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"ـــی جون ئەلترمانی بڵاو کردەوە. توێژینەوەکە باس لە چەندان پرسی گرنگی کەرتی وزەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی نەوت لە ناوچەکە خستۆتەڕوو، جگە لەوەی سیناریۆییەکانی بەردەم وڵاتانی بەرهەمهێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وردی شیکراونەتەوە.

جون ئەلترمان لە دەستپێکی توێژینەوەکەدا ئاماژە بە خواستی وڵاتەکان دەکات بۆ گۆڕینی پیشەسازی نەوت و گاز بۆ پیشەسازی وزەی جێگرەوە، بە تایبەت وڵاتی چین، کە ئەم پیشەسازییە بە دەستکەوت بۆ ئاسایشی نیشتمانی پێناس دەکات، هەروەها دەڵیت " بڵابوونەوەی هۆشیاری وڵاتەکان بۆ گۆرانی کەش و هەوا، بۆتە هۆی دروستبوونی خواستێکی بەرچاو بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی جێگرەوەدا".

هەروەها دەڵێت" سیناریۆی پیشەسازی وزە جێگرەوە، لە ئەنجامی زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی خواست، دەرفەتی لەباری بۆ دەرخسێت و دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی نرخەکانی نەوت و گاز، ئەمەیش هۆکار دەبێت لە بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت و گاز، بۆ پرکردنەوەی ئەو کەمبوونەوەی نرخ لە بودجەی وڵاتانی ڕۆژهەوڵاتی ناوەراست دروستی دەکات و ئەنجام فشارێکی زۆر لەسەر بازاری نرخەکانی وزە لە ناوچەکە و جیهان دروست دەبێت".

گۆڕانی پیشەسازی وزە و بوژانەوەی بازاڕەکان

بە گوێرەی بیروبۆچوون و دەرئەنجامەکانی توێژینەوەی جون ئەلترمان بۆ  پیشەسازی وزەی جێگرەوە،  وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە چەند دەییەک هەیە بۆ گۆرانی پیشەسازی وزەی وڵاتەکانیان. هاوکات رەخساندنی ژێرخانی ئابووری لەبار و پیشەسازی و تەکەنلۆژیای پێشکەوتوو، یەکێکن لەو گۆڕانکاری و ڕێگایانەی گەیشتنی وڵاتەکان بە ژینگەی لەبار بۆ بەرهەمهێنانی وزەی دۆستی ژینگە. ئەمەیش فاکتەرێکی سەرەکی دەبێت لە زیادبوونی خواستی ئەو وڵاتانە بۆ گەیشتن بەو سیاسەتە پێویستیان بە نەوت و گازی زێدەتر هەیە، تا چەند دەیەییەکی تر، بە تایبەت لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی ئوتومبێلی کارەبایدا.

جون ئەلترمان، دوو هۆکاری سەرەکی بۆ زیادبوونی خواست بۆ نەوت گاز لە چەند دەیەیەکی داهاتوو دەستنیشان دەکات، ئەوانیش: کاکردنی ٪90ــی ئوتومبێلە فرۆشراوەکانی جیهان بە بەنزین و گاز، هەروەها بەکاربردنی فرنی کارەبایی و گاز لە زۆربەی ماڵەکانی جیهان، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی بەکاربردنی کارەبای زیاتر، واتە بەکاربردنی گازی زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای داواکراو.

دروستکردنی شوێنی بارگاویکردنی ئوتومبێلی کارەبای پێوسیتی بە ملیارن دۆلار هەیە

هەروەها ئەڵترمان دەڵێت" سەرجەم وزە بەکارهێنراوەکانی کەرتی فرۆکەوانی پشت بە نەوت و جۆرەکانی نەوت دەبەستن، هاوکات مادەی پلاستیکی لە نەوت بەرهەمدێت و لە ئێستادا لە بازاڕەکاندا خواستێکی بەرچاوەی لەسەر هەیە، بۆیە جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ پێرەوکردن و بەرهەمهێنانی وزەی سەوز(وزەی جێگرەوە).

توێژەرە ئەمریکییەکە پێی وایە، گۆرانی پیشەسازی وزەی جێگرەوە لە وڵاتە پێشکەتوو و خاوەن سەرماییەکان جودایە لەگەڵ وڵاتە هەژارەکان، بەو پێیەی زۆربەی دانیشتووانی جیهان دابەش بوون بەسەر وڵاتە هەژارەکان، بۆیە ئاستی داهاتی تاکە کەسی هەر دانیشتوویەکی سەر زەوی کار دەکاتە سەر ماوەی گەیشتن بە بەرهەمهێنانی تەواوەتی وزەی جێگرەوە، چونکە بەرهەمهێنان و بەکاربردنی وزەی سەوز، پێویستی بە داهاتێکی زیاترە، بەراورد بە بەکاربردنی نەوت و گاز، بۆیە ئەستەمە بە کاتێکی کەم بتوانرێت ئاستی داهاتی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزبکرێتەوە، لە کاتێکدا هێشتا زامی قەیرانە دوانەهاتووەکانی خۆیان نەکردووە.

 بۆیە پێشبینی دەکرێت دروستکردنی ئامێری پێشکەوتوو وتەکنەلۆژیایەکی نایاب، لە چانسی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان نەبێت، بەڵام بۆ وڵاتە پێشکەوتوو و خاوەن داهاتە زۆرەکان، بەکاربردنی وزەی جێگرەوە و ئامێری نوێ تەکنەلۆژیا، لە گەشەی بەردەمدا دەبێت.

نەوت و گاز سەرچاوەی سەرەکی زۆربەی وڵاتانی جیهان دەبێت لە چەند دەییەکی تردا

 

داتەپینی خواستی جیهان بۆ نەوت

ئەڵترمان بۆ شرۆڤەکردنی داهاتووی نرخی نەوتی بازاڕەکانی جیهان و سیاسەت وپلانی وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشت بە ڕووداوێکی گرنگی مێژووی نرخی نەوت دەبەستێت لە 2008ــدا و دەڵێت" بیرۆکەی کەمبوونەوەی نرخەکانی نەوت ئەگەر بە ئاستێکی کەمیش بن، کاریگەری لەسەر ئابووری هەر وڵاتێک دروست دەکات".

هەروەها دەڵێت" لە ئێستادا، خواستی جیهانی بۆ نەوت 100 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، و وڵاتانی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، توانای زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بۆ رێژەیەکی بەرزتر نیە. لە 2008ــدا کاتێک زیادبوونی خواست هەرەشەی لەسەر ئاستی دابینکردن دروستکرد، نرخی نەوت نزیک دەبوویەوە لە 140 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک".

جون ئەلترمان ئەو ڕووداوەی 2008 و ڕووداوی داتەپینی نرخی نەوت لەسەردەمی کۆرۆنا لە 2020ــدا بەراورد دەکات و دەڵیت" هاتنی پەتای کۆرۆنا و داتەپینی خواستی جیهانی بۆ نەوت بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاست و پڕبوونی پاڵاوگەکانی عەمبارکردنی نەوت، وڵاتی سعوودیە زۆرترین زیانی بەرکەوت، بووە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بە ڕێژەی ٪20 بۆ ماوەی شەش مانگی یەک لە دوای یەک،  هەرچەندە نرخەکان لە خوار 30 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مانەوە، بەڵام سعوودیە بەردەوام بوو لە بەرهەمهێنان وێرای سستی خواست".

سەبارەت بەو سیاسەتەی وڵاتی سعوودیە لە کاتی قەیرانی نرخی نەوت لە سەردەمی کۆرۆنادا پەیرەوەی کرد، جون ئەلترمان دەڵێت " وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێرای کەمبوونەوەی نرخی نەوت، بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنانی نەوت، بۆ ئەوەی بتوانن، کورتهێنانی کەمبوونەوەی نرخ کەم بکەنەوە، بەڵام ئەو سیاسەتە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جودایە، بە تایبەت سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت لە سعوودیە و ئیمارات".

 براوە و دۆڕاوەکانی شۆرشی تازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەرچەندە جون ئەلترمان، بەئاشکرا  براوە و دۆڕاوەکانی شۆرشی تازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو نا‌هێنێت، بەڵام دووپاتیدەکاتەوە، زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بە تێچوویەکەی کەمتر لە کاتێک کە نرخی نەوت نزمە، دەبێتە دەرفەتێک بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی گرنگی بە ستراتیژیەتی وزەی جێگرەوە بدات و لە هەمانکاتدا پاراستنی سەقامگیری نرخی نەوت و سیاسەتی بەرهەمهێنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە ئەستۆی سعوودیە و ئیمارات، بۆ پاراستنی ئابووری وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست.

جون ئەلترمان دەڵیت، "حکوومەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوورن لە پێکانی ئامانجەکانی دوورکەوتنەوە لە کەرتی نەوت و گاز".

هەروەها دووپاتیدەکاتەوە، گۆران وگواستنەوە لە دەستی کرێکاری کەم و بەرهەمهێنانی زۆری نەوت بۆ دەستی کاری گران و کەمی بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوقمی قەیرانی دوانەهاتوو دەکات.

هەرچەندە کەرتی تایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کار بۆ دۆزینەوەی هەلی کار لە کەرتی وزەی جێگرەوەدا دەکەن،  بۆ ئەوەی پشت بەستن بە نەوت بە ڕێژەی ٪30 کەمبکەنەوە، لە هەمانکاتدا، دەبێتە هۆی بونیاتنانی ئاسایشی وزە بۆ چەندین وڵاتی دەرەکی، بە تایبەت چین.

هەرچەندە جون ئەلترمان پێشبینی دەکات، وڵاتی چین بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی و پەرەپێدان و زیادکردنی ئاستی وەبەرهێنانی بیانی چین، کار لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوەی ناوچەکانی ئەفریقیا دەکات، لە جیاتی بیرە نەوت وگازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام  ئەگەر ئەو سیاسەتەی  وزەی چین لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێ و ڕکابەری زیاتر لە نێوان ئەمریکا و چین و هێزە هەرێمییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە کۆتایدا  جون ئەلترمان لە توێژینەوەکەی ناوەندی CSIS ئەو ئەنجامە دەخاتەڕوو، هەرچەندە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەست لە بەرهەمهێنانی وزەی نەوت و گاز هەڵبگرن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی خۆی لە سیاسەتی ئەمریکا و ئەورووپا لەدەست بدات، وەبەرهێنانەکانی چین لە وزەی جێگرەوە و  وزەی نەوت گاز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و کیشوەری ئەفریقیا، شۆرشێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەخولقێنێت، ئەمەیش بەهۆی ڕکابریەکانی ئاسایشی وزەی نێوانیانەوە دەبێت.

 

 


 


[1] https://www.csis.org/analysis/new-revolution-middle-east?fbclid=I

wAR1nUJhbW0wjrtuTJ9BdJTjkZ9GeL3DymJsfNuhPt7L6HcTpeuuXikwmxVY

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین