بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواستی جیهان بۆ نەوت شیکاری ئابوری

شیکاری هەواڵە جیهانیەکانی وزە___نوچەنێت

نوچەنێت هەفتانە، سەرجەم هەواڵە ئابووریەکانی بواری وزە لە دەزگای نوچە شیدەکاتەوە و سەرنجە ئابووریەکان لە پشتی هەر پلان و هەوڵێکی وڵاتان بۆ بواری وزە دەخاتە روو و شرۆڤەیان دەکات، بە تایبەت ئەو هەواڵانەی کاریگەریان لەسەر بازارە جیهانیەکان هەیە

ساڵی 2021، و رووداوەکانی دوای پەتای کۆرۆنا، بوونە هۆی خوڵقاندنی ڕووداو پێشهاتی تازە بۆ پلانی وڵاتان، بە تایبەت لە سێکتەری ئابووری بازارەکانی جیهاندا. بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هۆشدارییە بەردەوامەکانی بەشێک لە وڵاتە زلهێزەکان بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما بە هۆی زۆری بەکاربردنی نەوت و گاز، کاریگەریان لەسەر  نرخەکانی نەوت و وەبەرهێنانی ئەو بوارەدا دروست کردووە، هاوکات ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەی پلەکانی گەرما، بۆتە هۆی زیادبونوی خواستی زیاتری جیهان بۆ بەکاربردنی وزە و لەبەرامبەدا کارەبای زیاتر بەرهەمدەهێنرێت و وزەی زیاتر بەکاردەبردرێت.

لە هاوکێشە و پێوەرە ئابووریەکاندا، هەر کاتێک خواستی سەر نەوت زیادبوو، خستنەروو کەم بوو، ئەوا نرخەکان بەرز دەبنەوە، ئەمەیش هۆکار دەبێت لە گرتنە بەری پلان وڕێوشوێنی جودا لە لایان وڵاتانی بەرهەمهێن و بەکار بەر.

لە 7/8/2021ــدا، بە سەرکردایەتی سعوودیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان لە رێگای ئۆپێک پلەسەوە بە بڕی 680 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادکرا. ئەمەیش بووە هۆی زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕێکخراوی ئۆپێک پلەس بۆ 35.82 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە  مانگی تەمووزدا، ئەم بەرزبوونەوەیە دوای زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی هەر وڵاتێک دێت بە بڕی 680 هەزار بەرمیل لە مانگی پێشوودا، بەڵام وڵاتانی باشووری ئەفریقیا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان کەمیکردووە هۆکاری ئەو کەمبوونەوەیش، خۆبەندە بە کەمی پەرەپێدان و کێشەی کۆمپانیایەکان لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بە هۆی خراپی دۆخی ئابووریان. 

هەریەکە لە وڵاتانی نێجیریا و ئەنگۆلا، ئاستی بەرهەمێنانیان بە بڕی 20 هەزار بەرمیل و 90 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە.

هەر بڕیارێکی ئۆپێک پلەس پێوەستە بە ئاستی خواست و خستنەڕووی بازارەکان، لە دوای بەرزبوونەوەی خێرایی نرخی نەوت و گەیشتنی بە نزیک 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هۆکاری سەرەکی بوو لە کەمبوونەوەی ئاستی هاوەردەکردنی نەوتی خاو لە لایان وڵاتی چینەوە، چونکە هەر کاتێک، نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە، وڵاتی چین پەنا دەباتە بەر بەکاربردنی نەوتی عەمبارکراوی وڵاتەکەی.

لە ماوەی نێوان نیسانی 2020 بۆ حوزەیرانی هەمانساڵ، ئەو کاتەی نرخەکانی نەوت لە نێوان 20 بۆ 40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەیان پێوە دەکرا، حکوومەتی چین توانی ئاستی نەوتی عەمبارکراو بۆ ئاستێکی بەرچاو بەرزبکاتەوە، بەڵام دوای بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوت، وڵاتی چین پەنای بۆ بەکاربردنی ئەو نەوتە عەمبارکراوە برد و ئەمەیش بووە هۆی بڕیاری زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایان ئۆپێک پلەس و لە بەرامبەردا نرخەکانی نەوت بۆ خوار 70 دۆلار دابەزین.

دابەزینی نرخەکانی نەوت، بوونە هۆی زیادبوونی قەبارەی نەوتی خاوی هاوردەکار و بۆ وڵاتی چین لە مانگەکانی تەمووز و سەرەتای ئابی 2021، زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک پلەس لەلایان بەشێکی وڵاتانی ئەندام لەو رێکخراوە بوو، بەڵام وڵاتانی ئەفریقیا بێ بەش بوون لەو زیادکردنە، بە هۆکاری خراپی ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزەی وڵاتانی وەک نێجیریا و ئەنگۆلا، هەر بۆیە بڕیار و ڕێککەوتنی نێوان نەگۆلا و گانا، بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی نەوت و گازی نێوان هەردوولا، دەرگایەکی فراوان لە وەبەرهێنەرە بیانیەکان و کارکردن لە بەرهەمهێنان و زیادکردنی بەرهەمی ئەو وڵاتە دەوڵەمەندانەی ئەفریقیا دەکاتەوە، بە تایبەت دوای بەستنی کۆربەندی نەوت گازی نێوان گانا و ئەنگۆلا لە سێپتێمبەری 2021ــدا، ئەمەیش زیادبوونی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وگازی ڕێکخراوی ئۆپێک پلەسی لێ دەکەێتەوە

جگە لە تێنووی بازارەکانی چین بۆ نەوتی خاو، بەرزبوونەوە خێراییەکانی پلەکانی گەرما، فاکتەری سەرەکین لە زیادبوونی خواستی زێدەتر بۆ نەوت و گاز، چونکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، دەبێتە هۆی بەکاربردنی کارەبای زێدەتر، ئەمەیش هۆکار دەبێت لە پشتبەستنی زیاتری وڵاتان بە وزەی کاربۆنی و خەڵووز بۆ بەکاربردنی نەوت گازی زیاتر و هاوکات دووبارە گەرانەوە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کاربۆنی زیاتر و دورکەوتنەوە لە یاسا و ڕێساکانی پاراستنی ژینگە و گۆرانی کەشوهەوا.

لە هەفتەی رابردوودا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواستی وڵاتانی چین و هیندستانی ناچار کرد، وزەی خەڵووزی زێدەتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هاوردە بکەن و بەکاری ببەن. ئاژانسی  پلانی چین، رەزامەندی بۆ کردنەوەی وێستگە داخراوەکانی بەرهەمهێنانی خەڵووز دەکرد. بە گوێرەی بڕیارەکەی چین، بۆ ماوەی سالێک 15 وێستگەی بەرهەمهێنانی خەڵووز لە باکووری ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی بڕی 44 ملیۆن تۆن خەڵووز دەکرێنەوە. ئەم بڕیارەی دووەم زلهێزی ئابووری جیهان بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان خەڵووز بە رێژەی ٪5 و هەر تۆنێک خەڵووز بە 138.34 دۆلار فرۆشرا. هەروەها زیادبوونی خواستی زێدەی کارەبا لە هیندستان  ژمارەیەکی پێوانەی تۆمار کرد ، تەنیا لە مانگی تەمووزدا، هیندستان بڕی 200.5 هەزار مێگاوات کارەبای بەکاربردووە، ئەمە ڕێژەیە بەراورد بە هەمان ماوە لە 2020ــدا، بە رێژەی ٪17.6 بەرزبۆتەوە.

هاوکات بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووە هۆی داخستنی وێستەگەیەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کالیفۆرنیای ئەمریکادا، ئەم دیاردەیە بۆ یەکەمین جارە لە مێژووی ئەو ناوچەیە روودەدات و هۆکاری سەرەکیش لەو ڕووداوە، کەمبوونەوەی ئاوی ناووچەکە و وشکەساڵییە، داخستنی وێستگەی کارۆ ئاوی کالیفۆرنیا، دەستەڵادارانی ئەو ویلایەتە ناچار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، پەنا ببەنە بەر بەکاربردنی گازی سروشتی و هاوردەکردنی کارەبا لە ویلایەتەکانی تر. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخەکانی گاز و هاوکات پشبەستنی زیاتر بە وزەی کاربۆنی.

ڕوودانی ئەم دیاریدە جیهانیانە ئەو راستیە دووپاتدەکەنەوە، کە گەیشتن بە سیاسەتی سفر کاربۆنی تا 2050، ئاستەنگی زۆری لە بەردەمدان، و لە هەمانکاتدا بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە و دۆستی ژینگە، هۆکار دەبێت لە کەوتنەوەی چەندین دیاریدەی نەخوازراو. 

یەکێک لە فاکتەرە نێگەتیڤەکان، بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک و کەمبوونەوەی رێژەی درەخت و بەربوومی ئاژەڵدارییە، ئەمەیش کارەساتی مرۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت،  ئەم دیاریدەیە هەر لە ئێستاوە کاریگەریەکانی لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، بە تایبەت دوای بەرزبوونەوەی نرخی گەنم لە پارێزگای هەولێر.  فاکتەرێکی سەرەکی ئەو بەرزبوونەوەیە کەمی باران بارین و بەرزبوونەوەی پەلکانی گەرمایە.

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواست بۆ نەوت پێمان دەڵێن، وزەی جێگرەوە ڕکابەری نەوت و گازی پێناکرێت

لە کۆتایدا هەرچەندە وڵاتان لە کێبرکیەکی نوێدان بۆ گۆرینی پیشەسازی نەوت و گاز بۆ بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە، بەڵام ئاستەنگی بەردەم ئەم پرۆسەیە فراون و بێ کۆتایین، ئەمە جگە لەوەی بۆتە هۆی خوڵقاندنی شۆرشێکی نوێ لە نێوان چین وئەمریکدا، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام پەتای کۆرۆنا زۆربەی پلانەکانی پەکخست، بە تایبەت پلانەکانی وڵاتێکی وەک بەریتانیا، لەو بارەیەوە وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای ناچار کرد، پلانی گەیشتن بە سیاسەتی سفر کاربۆنی تا 2050 بە دوور و ئەستەم بزانێت. بەڵام وێڕای ئەو هۆکارانە کۆمپانیایەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەدەستخستنی قازانجەکانی بواری نەوت و گاز، سوودمەندی یەکەمن، بە تایبەت لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021، بووە هۆی ئەوەی حەوت خوشکەکەی جیهان زۆرترین داهات دەستەبەر بکەن.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین