نێردەی ئەمریکا:  نامانەوێ دەوڵەتی کوردی له‌ سووریا دروست بێت کوردستانی

نوچه‌نێت

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ڕەتیدەکاتەوە ئیدارەی بایدن مەبەستی بێت دەوڵەتیكی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستبکات و دەڵێت دۆخی ئەو ناوچەیە جیاوازە لە هەرێمی کوردستانی عێراق.


ویلیام رووباک، باڵیۆزی ئەمریکا و نێردەی پێشووی ئەو وڵاتە بۆ سوریا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەڵێت دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جیاوازە لە هەرێـمی کوردستانی عێراق و "ئەوەی وتوومانە و کردوومانە و پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ هیزەکانی سوریای دیموکرات ڕوون و ئاشکران، ئەویش ئەوەیە ئێمە پشتیوانی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی ناکەین لەوێ. هاوپەیمانییەکە بۆ تێکشکاندنی داعشە، هەسەدەش کارایانە ئەو کارەی کردووە. هەندێک هاریکاریمان پێشکەشکردووە بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی سوریا، هاریکاریی ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی سەربە ئیدارەی خۆسەریمان کردووە بۆ باشتر کارکردنیان، هاریکاریی سەربازیشمان پێشکەشکردووە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی هەسەدە لە دژی داعش، نەک بۆ ئەوەی هەسەدە خۆیان زاڵ بکەن بەسەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا".

هەسەدە بەشێک نییە لە پەکەکە، بەڵکو بەشێکە لە شەڕی دژە داعش

روباک هەروەها دەڵێت "هەمیشە ئامۆژگاری هەسەدەمان کردووە بەردەوامبن لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانیی دژە داعش، هەروەها بەردەوامبن لە فەراهەمکردنی ئاساییش بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕێوشوێنیان هەبێ بۆ دروستکردنی متمانە و هەڵنەستن بە هیچ ئیستیفزازێکی تورکیا، بۆ نموونە بە بونیاتنانی دەوڵەت و بەکارهێنانی ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو و ڕەمزی ئۆجەلانی".

رووباک دەڵێ بەلای ئەمریکاوە "هەسەدە بەشێک نییە لە پەکەکە، بەڵکو بەشێکە لە شەڕی دژە داعش".

رووباک دەڵێ ئەمریکا لە سوریا پێنج ئامانجی هەیە: یەکەم شکستهێنان بە داعش و ڕێگاگرتن لە گەڕانەوەی، دووەم: پشتیوانیی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری نێودەوڵەتی ٢٢٥٤، سێیەم: دەرکردنی ئێران لە سوریا، چوارەم: ڕێگاگرتن لە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ و نەهێشتنى چەکی کیمیاییەکەی، پێنجەمیش وەڵامدانەوە بۆ قەیرانە مرۆییەکان و لابردنی چەرمەسەرییەکانی گەلی سوریا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکەیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین