چین سزا بەسەر دوو کۆمپانیای ئەمریکیدا دەسەپێنێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

چین سزا بەسەر دوو کۆمپانیای ئەمریکیدا دەسەپێنێت لەسەر ئەوەی مامەڵەی فرۆشتنی کەلو پەلی سەربازییان لەگەڵ تایوان کردووە.

بەپێی هەواڵی (سی ئێن ئێن)، وانگ ون بین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاشکرای کردووە "چین بە توندی بەرهەڵستیی فرۆشتنی چەکی ئەمریکی دەکات بە تایوان، چونکە ئەوە دژی پرەنسیپی یەکپارچەیی چینە و دەبێتە مەترسیی لەسەر سەروەری و بەرژەوەندییە ئاساییشییەکانی چین، هەروەها مەترسییە لەسەر پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا و دژ بە ئاشتی و سەقامگیریی تەنگەی تایوانە".

وانگ ون بین وتووشیەتی هەردوو کۆمپانیای لۆکهید مارتن و رایسیۆن تەکنۆلۆجیز "ماوەیەکی زۆرە دەستیان داوەتە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە هەرێـمی تایوان"، بێ ئەوەی ئاماژە بکات بە وردەکاریی سروشتی فرۆشتنەکە.

7ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ڕەزامەندییان داوە بە فرۆشتنی کەرەستە و خزمەتگوزاریی سەربازی بە تایوان بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار، لەناویاندا خزمەتگوزاری ئەندازیاری بۆ پشتیوانی لە سیستمی پاتریۆتی دژە مووشەکی.

لە وەڵامدا، چین سەرکۆنەی ئەم بڕیارەی کرد و هۆشداری دا کە ڕیوشوێن وەردەگرێ لەسەر ئەم بڕیارەی ئەمریکا.

لە دواهەمین لێدوانیشدا چین ڕۆژی دووشەممە 21ی شوبات هانی ئەمریکای دا کە وا بهێنێت لە فرۆشتنی چەک و پەیوەندی سەربازی لەگەڵ تایوان و بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە "چین بە لێبڕانەوە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی".

وەزارەتی درەوەی چین وردەکاریی زیاتری ئاشکرا نەکردووە سەبارەت بەو سزایانەی ڕووبەڕووی ئەو لایەنانەیان دەکاتەوە کە مامەڵەی چەک لەگەڵ تایوان دەکەن.

ئەمە یەکەمین جارە چین لەسەر بنەمای “یاسای سزادانی بیانییەکان” سزای کۆمپانیای بیانی بدات کە ساڵی پار پەسەند کرا.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین