ئەمریکا: چین خۆی لە پابەندییەکانی بازرگانیی ئازاد دەدزێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ویلایەتە یەکگرتووەکان چین تۆمەتبار دەکات بە خۆدزینەوە لە پابەندییەکانی بەرامبەر ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و دەڵێت کە بۆ ڕێکاری نوێ دەگەڕێن بۆ بەگژداچوونەوەی هەڵسوکەوتە دوژمنکارانەکانی چین لە بواری بازرگانیدا.

بەپێی ڕاپۆرتی (روسیا ئەلیەوم)، کاسرین تای، نێردەی بازرگانیی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا سەبارەت بە ڕادەی پابەندیی چین بە بنەماکانی  ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەڵێت "چین ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکردوون کە ساڵی 2001 خستنیەڕوو کاتێک بووە ئەندامی ئەو ڕێکخراوە، کە تایبەت بوون بە کردنەوەی بازاڕەکانی بەڕووی کێبڕکێی بیانیدا".

کاسرین تای وتیشی "لەبری ئەمە چین سوور بوو لەسە ڕێبازەکەی خۆی کە پەیڕەوێکی دژە بازاڕە و دەوڵەت لەسەری دەڕوات، هەڵسوکەوتەکانی چین ئاڵنگارین لە بەردەم بنەماکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، ئەوەش زیانێکی گەورەی داوە لە کرێکاران و کۆمپانیاکان لە سەرتاسەری جیهاندا".

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "وادیارە چین زۆر بە متمانە بەخۆبوونەوە  لەسەر پەیڕەوە دژە بازاڕییەکەی دەڕوات و هەست ناکات بە پێویستیی پابەندبوون بە پێوەرە جیهانییەکانەوە".

نووسینگەی کاسرین تای دەشڵێت "بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ لەگەڵ پەکین لەبارەی گۆڕانکاری کردنێکی ڕاستەقینە لە سیستمی ئابووریی و بازرگانیی خۆیدا".

جەختیشی کردەوە کە "کار دەکەین لەگەڵ هاوپەیمانان و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی بۆ فشار دانان لەسەر حکومەتی چین".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە "واشنتن بۆ ڕێکاری نوێ دەگەڕێت بۆ بەکارهێنانی ئامرازە بازرگانییەکان بەشێوەیەکی ستراتیجی و بەپێی پێویست لەپێناو چەسپاندنی پرەنسیپەکانی هاوشانیی بازاڕ لەگەڵ چین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین