وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق كۆدەبنەوە کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

دوای رووداوە تیرۆرییەكەی مەخموور بڕیاڕە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق كۆببنەوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە ئەمنییانەی لەنێوانیان كراوە، هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ "نوچەنێت" دەڵێ‌، “كۆبوونەوەكە لە نزیكترین كات دەبێت و لە جاران چڕتر دەبێت”.

رۆژی شەممەی رابردوو حەوتی ئاب، تیرۆریستانی داعش لە نزیك گوندی كەنداڵ لە رێگەی نێوان مەخموور و هەولێر بازگەیەكی ساختەیان دانابوو لە ئەنجامدا سێ‌ كەسیان لە هاووڵاتیان بریندار كرد و چەند كەسێكیشیان رفاند.

 شێوازی كردەوە تیرۆرییەكەی داعش، لەلایەن شارەزایان و بەرپرسانی ئەمنی بە ئاماژەیەكی نەرێنی لێكدرایەوە و بۆیە دووپات لەسەر ئەوە كرایەوە دەبێت بە خێرایی تەواوی بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت كە لەبارەی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا كراوە.

دوێنێ‌ دووشەممە بەرپرسانی ئەمنی لە كەركووك ئاشكرایان كرد كە بڕیارە لەم نزیكانە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ئەو ئامانجە كۆببنەوە. 

محەمەد رۆستەم یاریدەردەری فەرماندەی میحوەری پێشمەرگە لە "قەرەپە- حەمرین" بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزی راگەیاندووە، "دوای كردنەوەی سەنتەرەكانی هاوئاهەنگی لە دیالە و كەركووك و مووسڵ و مەخموور ئەوا لە كۆبوونەوەكە تاوتوێی جێبەجێكردنی بڕگەكانی تری رێككەوتنەكە دەكرێت".

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ نوچەنێت گوتی، "حکومەتی عێراقیش ئەو بۆشاییانەی بە بۆشاییەکی مەترسیدار بینیوە، بۆ هاتنەپێشی چەتەکانی داعش. باوڕیشی وایە دەبێت ئەو بۆشاییە نەمێنێت لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاکانی عێراق بۆیە کۆبوونەوەکانی داهاتووش چڕتر دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی ئەو بۆشایانەی کە لەنێوان سوپای عێراق و ‌هێزی پێشمەرگە هەیە".

سەبارەت بە وادەی كۆبوونەوەكە هەرێم كەمال ئاغا گوتی، "تاکو ئێستا هیچ بەروارێک دانەنراوە سەبارەت بە کۆبوونەوەکان بەڵام دەکرێت لە نزیکترین کات بێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین