كشانەوەی سەدر شیعەكان رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ دەكاتەوە! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا دەڵێ‌ لایەنەكان لەوە شكستیان هێنا موقتەدا سەدر لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردن پاشگەز بكەنەوە و تەنانەت كشانەوەی ئەو لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئاماژەیەك دەبێت لەوەی شیعەكان رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ ببنەوە.

یەكەمجارە سەدر پاشگەز نابێـتەوە
و نازانرێ‌ چی لەژێر سەرە

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئاب رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا باس لە كاریگەری كشانەوەی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و ئاشكرای دەكات چەندان لایەن هەوڵیان داوە سەدر پاشگەز بكەنەوە، بەڵام بەو بڕوایە گەیشتوون كە بڕیارەكەی سەدر لە بایكۆتكردن بڕاوەتەوە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.

 شەرق ئەوسەت زانیاری ئەوەی دەسكەوتووە، كە چەندان لایەن هەوڵیان داوە، كەچی سەدر دواجار بڕیاری داوە پێشوازی هیچ شاندێك نەكات كە بۆ ئەو بابەتە سەردانی بكات. ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكرێت سەدر بڕیارەكەی دەباتەسەر بەڵام پلانی چی دەبێت بۆ دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت؟ 

سەدر بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە بەڵام هەوڵ دەدات هەژموون و لایەنگرانی بپارێزێت
 

دووپات لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە نەبوونی سەدر لە گۆڕەپانەكە لاسەنگی لەنێوان هێزەكانی شیعە دروست دەكات و چەند لایەنێكی تریش بە كشانەوەی رەوتی سەدر دێنە پێشەوە لە نموونەی هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە هەردووكیان ركابەری سەدرن. كاتێك ئەوە لە سەدر زانراوە دەستبەردارى هەژموون و لایەنگرانی نابێت، چۆن لە قۆناغی داهاتوودا هەوڵ دەدات كاریگەری خۆی لەسەر ئەنجام هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت دابنێت؟

سەركردەیەكی سیاسی عێراق كە گوایە پێشتر پەرلەمانتار بووە، بێ ئەوەی ناوی ئاشكرا بكرێت شرۆڤەكردنەكەی لە شەرق ئەوسەت بڵاوكراوەتەوە و تێیدا دەڵێ‌، "دوای ئەوەی هەموو لایەك لەوە دڵنیابوونەوە كە بڕیاری رێبەری رەوتی سەدر بۆ بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن یەكلاکراوەتەوە و پاشگەزبوونەوەی نییە، مەترسییەكی رژد لەسەر ئەنجامی ئەو نائامادەییە دروست بووە".

 ئەو سەركردەیە بەراشكاوی باس لەوە دەكات یەكێك لە مەترسییەكان دەربارەی شەڕی ناوخۆی شیعەكانە، ئەو سەركردەیە دەڵێ‌، "دیارترین ترس كە لە هەندێك ناوەندی شیعە هەیە ئەوەیە شەڕی شیعی-شیعی لە داهاتوو تەنانەت دوای پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو رووبدات، كە ئێستا سەدر دوای كشانەوەكەی لە پێكهێنانی ركابەر نابێت، چونكە كشانەوەكەی هاوسەنگی هێزەكان لەناو پەرلەمانی داهاتوو دەگۆڕێت".

 ئەو سیاسییە ئاشكرانەكراوەی قسەی بۆ شەرق ئەوسەت كردووە، باس لەوە دەكات هەوڵێكی زۆر دراوە بۆ ئەوەی موقتەدا سەدر پاشگەز بكرێتەوە، بەڵام دواجار سەدر بڕیاری داوە پێشوازی لە هیچ شاندێك نەكات كە بۆ ئەم بابەتی پاشگەزبوونەوەیە بچێتە لای، ئێستایش دوای بێ ئومێدبوونی لایەنەكان لەو بابەتە بە گوتەی سەركردە سیاسییەكە "ئێستا هەموو لایەنەكان بیر لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی بژاردەكانی سەدر لەدوای هەڵبژاردن و پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی داهاتوو دەكەنەوە".

رەنگە هێزەكانی شیعە بەرەنگاری یەكتر ببنەوە
ئەگەر كەشتی حكومەتی داهاتوو بەرەو كەناری فەتح بچێت

 

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لەسەر گێڕانەوەی بۆچوونەكانی سەركردە سیاسییەکە بەردەوام دەبێت كە دووپاتی دەكاتەوە هیچ پلانێكی موقتەدا سەدر تا ئێستا روون نەبووەتەوە و ئەمەیش وایكردووە لایەنەكان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەم بابەتە هەبێت، ئەو سەرچاوەیە دەڵێ‌، "هەندێك پێیانوایە سەدر لەوانەیە بیەوێ‌ رۆڵی لە دانانی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو هەبێت و یانیش بە وەرگرتنی چەند پۆست و وەزارەتێك واز بهێنێ. كەچی هەندێك لایەنی تر پێیانوایە وردەكاری پلانەكەی سەدر هێشتا روون نەبووەتەوە، تەنیا لە سنووری بەشداربوون لە كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، بەدەستهێنانی چەند وەزارەتێك بۆ رەوتەكەی ناوەستێ‌، بەڵكو زیاتر لەمە تێپەڕ دەكات بە تایبەت ئەگەرهاتوو كەشتی حكومەتی داهاتوو لەلای هاوپەیمانی فەتح یان مالیكی كەنار بگرێت".

 لەكۆتایی قسەكانی سەركردە سیاسییەكە بۆ شەرق ئەوسەت دەڵێ‌، "نەیارانی سەدر مەودای هێزی سەدر دەزانن، دواتریش ناكرێت لە هیچ هاوشێوەیەكی سیاسی فەرامۆش بكرێت".

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدری شیعە و پاڵپشتی هاوپەیمانی سائیروون كە هاوكات میلیشیایەكیشی هەیە بە ناوی"سەرایا سەلام" پێشتر رایگەیاندبوو رەوتەكەی دەیەوێ‌ سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی عێراق بكات كە لەدوای هەڵبژاردنی 10ی تشرینی داهاتوو، هەوڵی پێكهێنانی دەدرێت. كەچی لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو موقتەدا سەدر رایگەیاند لە هەڵبژاردنەكە دەكشێتەوە و لە حكومەتی ئێستا و داهاتوو پاڵپشتی هیچ بەرپرس و كاندیدێك ناكات.

بە هۆی ئەوەی سەدر هەڵوێستەكانی جێگیر نییە، سەرەتا بابەتی بایكۆتكردنەكەی بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لێكدرایەوە، بەڵام تا ئێستا سەدر پابەندە بە بڕیاری بایكۆتكردنەكە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین